لە حەلەب لانی کەم ٤٠ کورد ڕفێندران

زانراوە، لە حەلەب دەیان کورد بەبێ هۆکار لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ڕفێندراون و براونەتە شوێنێکی نادیار.

چەند سەرچاوەیەک لە شاری حەلەب ڕایانگەیاند، گرووپە چەکدارەکان لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و لە چەند دەروازەیەکی شاری حەلەب، بازگەی گەڕۆک و کاتییان داناوە.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاند ئەو گرووپە چەکدارانە سەر بە چەتەکانی "عەمشات"ی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکن، بە قسەی چەند سەرچاوەیەکی تر ئەم گرووپانە "ئاسایشی گشتی" سەر بە دەسەڵاتی دیمەشقن.

هەروەها بازگە لەسەر ڕێگەی شێخ مەقسوود_وێستگەی بەغداد و ڕێگەی بەرەو ئۆتۆسترادی عەوارز بینراوە.

سەرچاوەکان دووپاتی دەکەنەوە، ئەم گرووپانە لە بازگەکاندا ئەو ئۆتۆمبیلانە ڕادەگرن کە ژمارەیان عەفرینە یان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەوە دێن، وە کەسانی گەنج و پیر دەڕفێنن.

دووپاتکرایەوە، تا ئێستە نزیکەی ٤٠ کەس ڕفێندراون و زۆرینەیان کوردن، بەڵام بەپێی زانیارییەکان ژمارەکە لەوەش زیاترە.

یاساناسان ڕایدەگەیەنن ئەم ڕەفتارانە بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامە نێونەتەوەییەکان، پێشێلکاریین.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٣، بەرامبەر تاوانەکان دژی هاوڵاتیان لە عەفرینی داگیرکراو، سزای بەسەر سەرچەتەکانی "عەمشات" و "حەمزات" سەپاند.