کەجەکە: هەڵبژاردنەکانی باشور بۆ رزگارکردنی کوردستان لە داگیرکەری و قڕکردن گرنگن

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی باشوری کوردستان رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکە بۆ رزگارکردنی کوردستان لە داگیرکەر و قڕکردن گرنگە. کەجەکە ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت ئیرادەی وڵاتپارێزی بەشێوەیکی بەهێز نیشان بدرێت.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی باشوری کوردستان کە بڕیارەی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت، راگەیەندراوێکیدا و ئەوەی خستەڕوو کە گەلی کورد دەبێت لە دژی هێڵی داردەستەیی و خیانەت هەڵوێست نیشان بدات، هەربۆیە ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە.

کەجەکە رایگەیاند، "گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانی لە هێز وکاندیدە وڵاتپارێز، دیموکراتیک و نەتەوەیەکان بدەن و لەسەر ئەو بنەمای هەڵوێست نیشان بدەن. دەبێت لە دژی پەدەکە و بارزانییەکان کە نوێنەرایەتی هێڵی داردەستەیی و خیانەتن، پشتیوانی لە کاندید و هێزە نیشتمانپەروەرەکان بکرێت. ئەنجامەکان بۆ رزگارکردنی باشوری کوردستان و تەواوی کوردستان لە ژێر پەنجەی داگیرکەری و قڕکردن و بۆ پێشخستنی سیستمێکی دیموکراتیک و ئازادیخواز، زۆر گرنگ دەبێت.

کەجەکە هەروەها داوای لە کاندید و هێزە وڵاتپارێزەکان کردووە خاوەنداری لەو هەڵوێستەی گەلی کوردستان بکەن و لە دژی هێڵی داردەست و خیانەتکار، هێڵی وڵاتپارێزی و بنەما دیموکراتیکەکان بە بنەما بگرن و بەم جۆرە خەبات بکەن.

دەقی ڕاگەیانراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە:

وەک دەزانرێت لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت. لە قۆناغێکدا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاریی گرنگی تێدا ڕوودەدات، هەڵبژاردن لە باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەمە هەم بۆ باشووری کوردستان و هەم بۆ سەرجەم کوردستان گرنگە. لەسەر بنەمای دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەشەسەندنەکان زیاد دەبن، هێزە داگیرکەر، کۆڵۆنیالیست، قڕکەر و دوژمنانی کورد بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان لەسەر کوردستان درێژە پێبدەن و ڕێگریی لە ئازادیی گەلی کورد بکەن، دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە بە شەپۆلێکی نوێی جینۆساید تەواو بکەن و جینۆسایدی کورد بگەیەننە ئەنجام. لە دژی ئەم پیلانە مەترسیدارە زۆر گرنگە کە گەلەکەمان لەسەر هێڵی وڵاتپارێزیی یەکێتی نەتەوەیی خۆی پێشبخات و لەسەر ئەم بنەمایە تێکۆشان گەورە بکات. دەبێت ڕوانگەی گەلەکەمان و هێزە وڵاتپارێزەکان لە بەرامبەر هەموو ڕووداوەکان لەسەر ئەم بنەمایە بێت. هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستان کە لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا بەڕێوە دەچن، دەبێت لەسەر ئەم بنەمایە بە جددی وەربگیرێت و بەپێی ئەم ڕوانگەیە نزیکایەتی بکرێت.

گەلی کوردستان و هێزە وڵاتپارێز، دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکان لە دژی هێزە قڕکەر، کۆڵۆنیالیست و داگیرکەرەکان و هێزە هاوکارەکانیان و خیانەتکارەکان، بەرخۆدانێکی گەورەیان نیشان داوە. سەرەڕای هەموو یارمەتی هێزە دەرەکییەکان و خیانەتی هاوکارەکان، هێزە جینۆسایدکەر، کۆڵۆنیالیست و داگیرکەرەکان لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەلی کوردستانی وڵاتپارێز تا ئێستا ئەنجامیان وەرنەگرتووە.

پەدەکە و بارزانی لە کوردستان بوونەتە هێزێک کە پێشەنگی بۆ هێڵی هاوکاریی و خیانەت دەکەن. پەدەکە و بارزانییەکان نەک تەنها لە باشووری کوردستان، بەڵکو لە هەموو پارچەکانی کوردستان خیانەتی داردەستەییان پێشخستووە و بوونەتە بەشێک لە جینۆسایدی گەلی کورد. لە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا پشتگیریی داوەتە دەوڵەتی تورک و بووەتە هاوکاری. هێرشەکانی سەر گەلەکەمان لە کامپی پەنابەرانی مەخموور و جێبەجێنەکردنی داواکاریی ڕەوا و دیموکراتیکەکانی گەلەکەمان لە شنگال، ئەنجامی ئەم سیاسەتی هاوکاریی و خیانەتەیە. لە باکووری کوردستان هەموو دامەزراوە کۆنتراکانی داردەست کە لەگەڵ دوژمن لە پەیوەندیدان و هێرش دەکەنە سەر تێکۆشانی ئازادیی، پشت بە پەدەکە و بارزانییەکان دەبەستن. ئەمانە هەمووی نیشان دەدەن کە پەدەکە و بارزانییەکان هێچ پەیوەندییەکیان بە کوردایەتی و دۆزی کوردستانەوە نییە و بە پێچەوانەوە بوونەتە بەشێک لە سیاسەتی دژی گەلی کورد و تۆڕێکن کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییدا لەگەڵ دوژمن هەموو جۆرە پەیوەندییەک پێک دەهێنن.

پەدەکە و بارزانی هێزێکن کە هاتوونەتە سەر تێکۆشانی گەلی باشووری کوردستان و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بازرگانی بە کوردایەتی و کوردستانەوە لەگەڵ دوژمن و هێزە دەرەکییەکان کردووە. خاوەنی زیهنیەتێکی دژە دیموکراتیک و دژە نەتەوەیین. بەم سیاسەت و زیهنییەتەیان بوونەتە گەورەترین بەربەست لە بەردەم پێشکەوتندا. بێگومان هەموو دوژمنان و هێزە تاریکەکان پشت بە پەدەکە و بارزانییەکان دەبەستن و لەسەر کوردستان و گەلی کورد پیلانی گڵاو دادەڕێژن و سیاسەت دەکەن. لە کوردستان لە هەموو شوێنێک هەڵوێست نیشاندان لە دژی هێڵی خیانەت و هاوکاریی بەم شێوەیە ئەرکی سەرەکی وڵاتپارێزییە. دەبێت گەلەکەمان و هێزە نەتەوەیی دیموکراتیک و وڵاتپارێزەکان لە هەر دەرفەتێکدا ئەم هەڵوێستە نیشان بدەن. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە کە گەلەکەمان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا لە دژی هێڵی خیانەت و هاوکاری هەڵوێستێکی بەهێز نیشانبدەن. گەلی کوردستانی وڵاتپارێز دەبێت پشتگیریی هێز و کاندیدە وڵاتپارێزەکان، دیموکراتیک و نەتەوەییەکان بکات و بەپێی ئەمانە هەڵوێستی خۆی نیشان بدات. ئەنجامەکانی کە دەردەکەون بۆ ڕزگارکردنی باشووری کوردستان و سەرجەم کوردستان لە چنگی داگیرکاریی و جینۆساید و بۆ پێشخستنی سیستەمێکی دیموکراتیک و ئازادییخواز، زۆر گرنگ دەبێت.

گەلەکەمان دەبێت لە هەڵبژاردنی ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا لەسەر ئەم بنەمایە هەڵسوکەوت بکات و ئیرادەی خۆی بە شێوەیەکی بەهێز نیشان بدات. دەبێت هێز و کاندیدە وڵاتپارێزەکانیش خاوەنداریی لەم هەڵوێستەی گەلی کوردستان بکەن و لە دژی هێڵی هاوکار و خیانەت، هێڵی وڵاتپارێزیی و ڕەگەزە دیموکراتیکەکان بە بنەما بگرن و بەم شێوەیە درێژە بە کارەکان بدەن.