دەم پارتی: هێرشی نەژادپەرستی و ڕەگەزپەرستی دژی حاتەم ئۆغۆللاری شەرمەزار دەکەین

دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی دەم پارتی هێرشی نەژادپەرستی و ڕەگەزپەرستی دژی هاوسەرۆکی گشتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری شەرمەزار کرد.

دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) هێرشی نەژادپەرستی و ڕەگەزپەرستی دژی هاوسەرۆکی گشتیی تولای حاتەم ئۆغۆللاری بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو شەرمەزار کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "پەیامی هاوسەرۆکەکەمان تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە مەبەستەکەی دوورخراوەتەوە و چەواشەکارانە بەکارهێنراوە. ئەم هەڵمەتی ڕەشکردنە لەسەر میدیای دیجیتاڵ دەستی پێ کردووە، بەشێکە لە شەپۆلی هێرشی نەژادپەرستی و تاریک و نامەردانە.

هاوسەرۆکەکەمان بەهۆی ناسنامەی عەرەبی ڕووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستی دەبێتەوە، هەروەها بەهۆی ناسنامەی ژنەوە ڕووبەڕووی هێرشی ڕەگەزپەرستی دەبێتەوە. ئێمە ڕێکخەرانی ئەم هێرشانە باش دەناسین، لەڕێی هەژماری ساختەوە دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر ناسنامەی تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتووی دەم پارتی. ڕێگە نادەین ئەم کارە نەژادپەرستی و ڕەگەزپەرستییانەی هەژمارە ساختەکان بڵاوی دەکەنەوە، زیان بە دەم پارتی بگەیەنێت".

دەم پارتی جەخت دەکاتەوە تولای حاتەم ئۆغۆللاری بە تەواوی ژیانی پشتیوانی تێکۆشانی گەلی کورد بووە، ئەوانەی ئەم هەوڵە نەژادپەرستییانە دەدەن با بڕواننە میراتی تێکۆشان و مێژووی بەرخۆدانی پارتەکەیان.