مەسەدە شەهید هەڤرینی خەڵەفی بیرهێنایەوە
مەسەدە شەهید هەڤرین خەڵەفی بیرهێنایەوە و گوتی: "ئامانجی سیاسیی شەهید هەڤرین خەڵەف ئاشتی ناوخۆیی و بنیاتنانی سوریایەک بۆ هەموو پێکهاتەکان بوو".
مەسەدە شەهید هەڤرین خەڵەفی بیرهێنایەوە و گوتی: "ئامانجی سیاسیی شەهید هەڤرین خەڵەف ئاشتی ناوخۆیی و بنیاتنانی سوریایەک بۆ هەموو پێکهاتەکان بوو".
مەجلیسی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی شەهیدبوونی سکرتێری گشتی پارتی سوریای ئایندە هەڤرین خەڵەف ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا شەهیدکردنی هەڤرین خەڵەف وەک خاڵی وەرچەرخان لە شەڕی سوریا ناوبراوە و جەختکرایەوە ئەم ڕووداوە ئاستەنگی مەزنی لەبەردەم پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لە سوریا ئاشکرا کرد.
ئاماژە بەوە کراوە شەهید هەڤرین نموونەی ژنێکی پێشەنگ بووە، هەموو ڕەنجێکی دا لەپێناو ئاشتی و دادپەروەری و یەکسانی بۆ تەواوی پێکهاتەکانی گەلی سوریا، دەڵێت: " ئامانجی سیاسیی شەهید هەڤرین خەڵەف ئاشتی ناوخۆیی و بنیاتنانی سوریایەک بۆ هەموو پێکهاتەکان بوو".
ڕایدەگەیەنێت شەهیدکردنی شەهید هەڤرین لەلایەن گرووپی ئەحرار ئەلشەرقیە کە لە لیستی سزای نێونەتەوەییدایە، پێشێلکردنی هەموو یاسا و ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکانە و تاوانی جەنگە، دەڵێت: "ئەم ڕووداوە تیرۆریستییە، ڕووی ڕەشی ئەو گرووپە نیشان دەدات کە نوێنەرایەتی جەوهەری سیاسەتەکانی تورکیا لە سوریا دەکات".
هەروەها شەهیدکردنی هەڤرین بەتوندی شەرمەزارکرا، داوا لە هێزە نێونەتەوەییەکان کرا لێپرسینەوە لە بکوژان بکەن و ئەرکی خۆیان بەجێ بهێنن بەرامبەر تاوانەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورک.
لەکۆتاییدا هاتووە: "بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ هەڤرین خەڵەف و تەواوی قوربانیانی شەڕ لە سوریا، هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی و بنیاتنانی بناغەی دەوڵەتێکی دیموکراتیکی فرەڕەنگ کە ڕێز لە مافی تەواوی پێکهاتەکان بگرێت".