لە کۆنگرەی سەندیکای پارێزەراندا ناڕەزایەتی لە دژی گۆشەگیری نیشان درا

هاوسەرۆکی لقی ئامەدی ئۆهەدە گیزەم میران لە کۆنگرەی سەندیکای پارێزەران قسەی کرد و باسی لەوەکرد کە دەسەڵاتداری گۆڕدراوە بۆ شێوەیەکی فاشیستیانە. گیزەم میران ناڕەزایەتی بەرامبەر گۆشەگیری لە ئیمراڵیش نیشاندا.

کۆنگرەی ٤٩هەمینی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەستیبەکارەکانی کرد و تا سبەینێ بەردەوام دەبێت و ئەمڕۆ مەدالیا درایە ئەو پارێزەرانەی ٢٥ ساڵە بەردەوامن لە پیشەی پارێزەرایەتی و یەک لەوانەش مەدالیا پێشکەش بە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کرا، کە لە هەمان کاتدا ئەندامی سەندیکای پارێزەرانە.

هاوسەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) گیزەم میران وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی لەوەکرد دەسەڵاتداران یاسا وەک ئامرازێکی گوشار بەکاردەهێنن و حکومەت گۆڕدراوە بۆ رژێمێکی ستەمکار کە گوشار دەخاتە سەر کۆمەڵگە. هیچ مافێک بە فەرمی ناناسێت. وێرانکردن و کاولکاری لە شارەکان هێشتاش لەبیرمان نەچووەتەوە. هەموو رۆژێک ژنان دەکوژرێن. دەسەڵاتی دادوەری گەیشتووەتە ئاستێک کە کۆمەڵگە ئەشکەنجە دەدات".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گیزەم میران باسی لە گوشارەکانی سەر زیندانیان کرد و لەو چوارچێوەدا ئاماژەی بە گۆشەگیری رەها لە ئیمراڵی کرد و وتی، "بەڕێزان عەبدوڵا ئۆجالان، حامیلی یەڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش لە زیندانی ئیمراڵیدا رووبەڕووی گۆشەگیری رەها بوونەوە. ٤٣ مانگە هیچ هەواڵێکیان نازانرێت. هیچ شتێک نییە رەوایەتی بە گۆشەگیری سەر ئۆجالان بدات. پێوەری هەڵوێست و مامەڵەی دەسەڵاتداری لە تورکیا بەرامبەر بە پرسی کورد، چۆنێتی نزیکایەتیەتی بەرامبەر بە ئیمراڵی. داوادەکەین کە یاسا و دەستور کاریان پێبکرێت و مافە دەستورییەکان بەفەرمی بناسرێن".

دوای قسەکانی میران، ژنە پارێزەران چوونە سەر ستێج دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "کوشتنی ژنان سیاسیە"یان وتەوە.

کۆنگرەکە بە پێشکەش کردنی وتار بەردەوامە.