لە فرانکفۆرت سیاسەتی لە سێدارەدانی ئێران ئیدانەکرا

لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بە گردبوونەوەیەک سیاسەتی لە سێدارەدانەکانی ئێران شەرمەزار کرا و پەیامی "زیندانیانی سیاسی بەتەنها نین" درا.

بە گردبوونەوەیەک لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا سیاسەتەکانی لە سێدارەدان شەرمەزار کران کە دەوڵەتی ئێران بە گشتی لە دژی دەنگی ناڕازی و بە تایبەت لە دژی ژنان و ژنانی چالاکوانانی مافەکانی ژنان؛ پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و شەریفە موحەمەدی پەیڕەوی دەکات.

گردبوونەوەکە بە پێشەنگایەتی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) و یەکێتی ژنانی کوردی هەسەن ئەنجام درا، لە گردبوونەوەکەدا خێمە هەڵدرا و هەروەها پانکارتی "نەخێر بۆ لە سێدارەدان"، ئاڵاکانی کژار و تەڤگەری ژنانی کوردانی ئەورووپا، وێنەی زەینەب جەلالیان و ژینا ئەمینی بەرزکرانەوە.

گردبوونەوەکە کاتژمێر ١٣:٠٠ لە گۆرەپانی کۆنستابڵرواش بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی مانگی ئایار و شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری دەستی پێکرد، دواتر لەسەر ئامانجی گردبوونەوەکە ڕوونکردنەوە بە زمانی ئەڵمانی خوێندرایەوە و بڵاوکراوە بەسەر کەسانی گۆڕەپانەکدا دابەشکرا.

دواتر ڕاگەیاندراوی گردبوونەوەکە خوێندرایەوە و تێیدا سیاسەتەکانی ئێران ئیدانەکران کە بە بەرفراوانی لە دژی دەنگی ناڕازی و ژنان بە سیاسەتی لەسێدارەدان پەیڕەوی لێدەکات و پەیامی "زیندانیانی سیاسی بە تەنها نین" درا.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا سڵاو لە بەرخۆدانی بەفراوانی ژنان کرا و بانگەوازی لە ڕای گشتی نێونەتەوەیی کرا کۆتایی بە بێدەنگییەکانیان لە دژی ستەمەکانی دەوڵەتی ئێران بهێنن.

لە گردبوونەوەکەدا درووشمەکانی "شەهید نامرن"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی" گوترانەوە و گردبوونەوەکە بە پەیام و بانگەوازی پشتیوانیکرد کۆتای هات.