وریشە مورادی زیندانی سیاسی کورد کە سزای لەسیدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، لە زیندانی ئەوینەوە بەبۆنەی ١٥ـەهەمین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی، و مەهدی ئیسلامیان کە لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لەسێدارە دران، نامەیەکی بۆ مامۆستای ئازادیخواز فەرزاد کەمانگەر بڵاو کردەوە. ئەم نامەیە کە پڕ لە هەست، ئازار و هیوایە، یادەوەری بەرخۆدان و کۆڵنەدانی چالاکانی سیاسی و مەدەنییە لە بەرامبەر ستەم و سەرکوتکارییەکانی دەسەڵات. وریشە مورادی لەم نامەیەدا، فەرزاد کەمانگەر نەک هەر وەک مامۆستایەک بەڵکو بە ڕێباز و دەنگێکی ناڕازی لە مێژوودا وەسفی دەکات و خۆی بە درێژەپێدەری هەمان ڕێبازی مامۆستا فەرزاد و شەهیدانی دیکەی ڕێگای ئازادی دەزانێت.
وریشە مورادی لەم نامەیەدا ئاماژە بە بارودۆخی قورسی زیندان و هەڕەشەی لە سێدارەدان دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە بێ هیچ ترسێک، ئامادەیە لە پێناو حەقیقەت و ڕاستیدا باجەکەی چی بێت بیدات. هاوکات وریشە داوا لە کۆمەڵگا دەکات درێژە بە ڕێبازی شەهیدان بدەن و لە پێناو دادپەروەری و ئازادییدا تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە.
دەقی نامەکەی وریشە مورادی بۆ مامۆستای ئازادیخواز شەهید فەرزاد کەمانگەر:
"سڵاو فەرزاد...
تۆ ئیتر تەنها ناوێک نیت، تۆ ڕێگایەک و ڕووناکیەکی بەرامبەر تاریکی تۆ هاوارێکی لە دژی بێدەنگی مێژوو.
من تۆم بە چاو نەبینیوە، بەڵکو بە ڕۆحم بینیوتم؛
من تۆم لە لاپەڕەی دەستنووسەکاندا لە لادێ بینیوە،
لە فرمێسکی چاوی ئەو منداڵانەی کە باوکیان لە چیاکان نەگەڕانەوە...
من تۆم لە هاواری بێدەنگی دایکێک کە زمانەلەی لێ قەدەغە کرابوو، ناسیوەتەوە.
من پێشتر قەد تۆم نەبینیبوو، بەڵام وەک ئەوەی سەدان ساڵە لەگەڵمای، وەک ڕاستی، وەک ئازار، دەتناسم.
ئەوانەی داری سێدارەیان بۆت دانا... نەیاندەزانی کە دار و سێدارە ناتوانێت دەنگ و قامەتی کەسێک بشکێنیێت کە رووی لە ئاسۆیە.
پێیان وابوو لەناوت دەبەن
بەڵام لەوە بێ ئاگابوون کە تۆ لەهەمان بەیانیدا لەدایک بوویت؛
لە ئەوپەڕی بێدەنگیدا بوویت بە هاوار و لە بەرامبەر مەرگدا جارێکی دیکە لەدایک بوویتەوە.
فەرزاد، تۆ تەنها مامۆستایەک نەبووی، تۆ لە سەردەمی مردووەکاندا فەلسەفەی ژیانی.
تۆ جۆگەلەی ڕووبارێکی سەمەد بێهرەنگیت؛ لە خاکی تینوی منداڵانەوە بەڕێ کەوتووی.
تۆ لە سەردەمی ناڕەوایەتیدا لە وڵاتێکدا کە قسەکردن قەدەغە بوو، ڕەمزی ڕاستگۆیی و پەیکەری هیوا بوویت.
تۆ دەتویست خەیاڵەکان لە تەختەڕەشی سەر دیواری قوتابخانەوە، لەسەر دیواری حەقێقەت هەڵواسی؛
ئەو خەون و خەیاڵانەی لە هەژارییەوە سەریان هەڵدابوو،
بەڵام شکۆیان لە هەموو کۆشکەکان زیاتر بوون.
ئەو کەسەی لێپرسینەوە لە تۆ کردبوو بۆ لای منیان ناردبوو
وتی: ئەویش(فەرزاد) هەر لێرە دانیشتبوو. نەیتوانی بەردەوام بێت و...
منیش وتم: ئەو توانی لە مردن نەمری بخوڵقێنێ.
لەو پەڕی بێدەنگییەوە هاوارێک بکات.
لە پۆلەکانەوە ڕاپەڕینێک بخوڵقێنێت.
من لە بەردەوامی ڕێگای تۆدام فەرزاد. درێژەپێدەری شیرینی عەلەمهولی، ژنێک کە عاشقی ژیان، زمانی دایکی و ئازادی تاوانەکانی ئەو بوو؛ لەسێدارە درا. بەڵام ناوی خۆی بۆ هەمیشە لەسەر شاخ و با و وشەکاندا بە زیندوویی هێشتەوە.
بەردەوامی ڕێگەی فەرهادێکم کە لە مردن نەترسا چونکە حەقیقەتی لە ئامێز گرتبوو.
بەردەوامی دەری ڕێبازی عەلی حەیدەریانم کە دڵی لەگەڵ چیاکانی زاگرۆسدا دەژیا.
هەروەها مەهدی ئیسلامیان،
کە قەد بێدەنگی هەڵنەبژارد و هەتا دوا ساتەکانی ژیانی لەسەر حەقێقەت و راستی بەردەوام بوو.
بەردەوامی ڕێبازی هەموو ئەوانەم کە باوەشیان بۆ مردن کردەوە هەتا ئێە بتوانین بەرخۆدان بکەین.
ئێمەیش هەروەها وەستاوین و بەرخۆدان دەکەین.
ئەگەرچی دەستەکانمان بەستراون، بەڵام دەنگمان لە هەموو کاتێک بەرزترە.
هەموو ڕۆژێک، بە لێدان نکۆڵی لە حەقێقەت دەکەن؛ هەموو بەیانییەک وتنەکانمان لە دادگای نادادپەروەریدا ڕووبەڕووی سزا دەکەنەوە،
بەڵام ئێمە لەگەڵ هەر برینێکدا مانایەکی نوێ دەخوڵقێنین...
لەگەڵ هەر بێ ڕێزی کردنێکدا، دیسان هەڵدەستینەوە و لەگەڵ هەر خنکان و بێدەنگ کردنێکدا هەناسەیەکی تازەی ئازادی هەڵدەمژین.
فەرزاد،
تۆ ئیتر تەنها ناوێک نیت. تۆ دارێکیت کە هەر چڵێکی، مامۆستایەکە، شاعیر یان شۆڕشگێڕێکە.
منیش ئەمڕۆ لە هەمان شوێن وەستاوم کە تۆ لێی وەستابوویت.
ئەوان بۆ منیش داری سێدارەیان هەڵواسیوە. بەڵام هیچ ترسێکم نییە.
چونکە ئەوەی هەڵگری حەقێقەت بێت، لە گۆڕەپانی شەڕدا، تەنها بەرخۆدان دەزانێت،
ئەگەر مردن سزای هەڵگرتنی حەقێقەت بێت، منیش ئامادەم باجەکەی چی بێت بیدەم.
ئێمە بۆ بەرخۆدان لەدایک بووین نەک هەڵاتن. ئەم ڕێگایەش ڕێگای ڕۆیشتن و لەناو چوون نییە...
بەڵكوو ڕێگای هەستانەوەیە.
تا دوا وشە، تا دوا ڕۆڵە، تا دوا شاخ وەک چون زاگرۆس بەرز وبەهێز راوەستاوە...
ڕێگاکەت بەردەوامی دەبێت، مامۆستاکەم، لە دەنگی ئێمەدا، لە هەنگاوە بەهێزەکانماندا کە بە سەر زەییدا دایدەنێین، لەو دڵانەی کە هێشتا بۆ ئازادی لێدەدەن، ڕێگاکەت بەردەوامە مامۆستاکەم هەتا سەرکەوتن.
"لەسێدارەدان ناتوانێت بمانشکێنێت؛ بەڵکوو ڕەگەکانمان هێندەیتر لە قووڵایی زەویدا دەچێنێ."
وریشە مورادی _ زیندانی سیاسی لە ژێر سزای لە سێدارەدان لە زیندانی ژنانی زیندانی ئەوین.