بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆیتەرز ڤۆڵکەر تورک دەربارەی کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان لە سوریا گوتی: " پێویستە دەستبەجێ کوشتنی خەڵکی سڤیل لە سوریا بوەستێنرێت".
ڤۆڵکەر تورک هەروەها دەڵێت: "ڕاپۆرتی مەترسیدار دەربارەی کوشتنی خەڵکی سڤیل هەن لەنێویاندا منداڵ و کەسانی شەڕنەکەر".
هەروەها جەختی کردووەتەوە ئەم کوشتنانە بەبێ دادگاییکردن بەڕێوەدەچێت، پێویستە لێکۆڵینەوەی ڕوون و بێلایەنانە بکرێت و لێپرسینەوە لە بەرپرسیاران بکرێت.
ئەڵمانیا: ڕێگە لە هێرشەکان بگرن
حکومەتی ئەڵمانیا کوشتنی زیاتر لە ١٠٠٠ کەس کە زۆرینەیان سڤیلن، وەک "شۆک" پێناسە کرد.
لە ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە: "حکومەتی کاتی دەبێت ڕێگە لە هێرشەکان بگرێت. لێکۆڵینەوە بکات و لێپرسینەوە لە بەرپرسیاران بکات".
هەروەها بانگەواز لە هەمووان دەکات کۆتایی بە توندوتیژی بهێنن.