دۆسیە

واتا و شێوە بەڕێوەبەری ئەنتێگراسیۆن چییە

ڕێبەر ئاپۆ لە سۆنگەی پارادایمی ئیکۆلۆژیک – دیموکراتیک و بەپێی ئازادیی ژن، هەوڵ دەدات سنووری ئەنتگراسیۆن لە کۆمەڵی مرۆییەوە دەربازی کۆمەڵی سرووشتییش بکات، جا بەپێی پێکەوە گرێدانی ئەم دوو کۆمەڵگەیە، ئاشتییەکی گەردوونیی بئافرێنێت.

ئەنتێگراسیۆن چییە؟

کەی بۆ یەکەم جار ناوی هاتووە؟

فەیلەسووفان چۆن پێناسەیان کردووە؟

جیاوازییەکەی لەگەڵ ئاسمیلاسیۆن و تواندنەوە چییە؟

دەستەواژەی ئەنتێگراسیۆن بۆ یەکەم جار لە سەدەی نۆزدە بەکار هاتووە، بەڵام ساڵی ١٩٥٠ وەک دەستەواژەیەک لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا کەڵکی لێ وەر گیراوە.

ئەو واتایانەی لە چەمکی ئەنتێگراسیۆن بار کراون؟

لە بنەڕەتدا وشەکە بە واتای (کۆکردنەوە) دێت، بەڵام واتای وەک (تواندنەوە و ڕامکردن)ـی لێ بار کراوە. ئەم چەمکە ئەو کاتە چەواشە کرا کە ویستیان بۆ ڕامکردن و تواندنەوەی ئەو کۆچبەرانە بەکاری بهێنن کە ڕوویان لە ئەورووپا دەکرد. واتە ناسنامە ڕەسەنەکەیان دەسڕینەوە و ناسنامە و کەلتووری وڵاتە ئەورووپییەکەیان بەسەردا دەسەپاندن. ئەمە لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و زۆرێک لە وڵاتانی تری ئەورووپیی بەکار براوە، بەڵام بۆ ئەوەی پێناسە ڕاستەقینەکەی ئەنتیگراسیۆن تێ بگەین، ئەوا پێویستە ئاوڕ لە میژووی کۆمەڵگەبوون بدەینەوە:

ژان ژاک ڕۆسۆ چۆن باسی کۆمەڵگە دەکات؟

زۆرێک لە کۆمەڵناسان پێ لەسەر هەمەڕەنگی کۆمەڵگە دادەگرن، ژان ژاک ڕۆسۆ لە پەڕتووکی (پەیمانی کۆمەڵایەتیی)ـدا دەبێژێت: سەرەتا مرۆڤ وەک تاکێکی سەربەست دەژیا، لێ ڕووبەڕووی فشاری سرووشت بوویەوە، جا بۆ پاراستنی خۆی، وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی، ئەویش بە پێودانگی پاراستنی جیاوازییەکان، لەدەوری کۆ بوویەوە.

کەواتە جڤاک پێکاهاتەیەکی یەکدەستی نییە، بەڵکوو چڕکراوەی ناکۆکیی و دژبەرییەکانە. ئەو جڤاکانەی کۆ دەبنەوە لە هەلومەرجێکی ئەنتگرەییدا کۆ دەبنەوە و جیاوازییەکانی یەکتری پەسەند دەکەن، ژیل دۆڵۆزی فەیلەسووف ئەم دۆخە ناو دەنێت (چل گۆشە)، ئەو پێی وایە ژیانی کۆمەڵایەتیی تێکەڵەیەکە لە جیاوازییەکان.

ڕێبەر ئاپۆ چۆن باسی ئەنتیگراسیۆن دەکات؟

لە دواهەمین پەیامی خۆیدا بۆ کۆنگرەی دوانزەهەمینی پەکەکە، ڕێبەر ئۆجالان باسی ئەنتیگراسیۆنی کۆمەڵگەی کوردیی لە نێو ئەو دەوڵەتانەدا دەکات وا لێی دەژێن، بۆ چارەسەری ئەم دۆخەش کۆماری دیموکرات بە پێودانگی نەتەوەی دیموکرات پێشنیار دەکات.

ڕێبەر ئاپۆ ڕوانینی مارکس ڕەخنە دەکات، چونکە مارکس پێی وایە؛ مێژووی مرۆڤایەتیی لەسەر بنەمای دژەکان پێش دەکەوێت، وەک دژایەتیی کرێکار و خاوەنکار، کۆیلە و ئاغا و شاگرد و وەستا.. ئەمە شەڕوپێکدادانی بێکۆتایی کۆمەڵگەیە و خزمەت بە سیستەم دەکات.

ئەنتیگراسیۆن دژبەری چەمکی ئاسمیلاسیۆنە، چونکە ئاسمیلاسیۆن ئامانجی لەناوبردنی جیاوازییەکانە بە قازانجی دەسەڵات و بە هێز خۆی پاساو دەدات. سەد ساڵە تاران و ئەنقەرە و بەغداد و شام ئاسمیلاسیۆن لەسەر گەلان بە گشتیی و کوردان بە تایبەتیی بەڕێوە دەبەن.

کەواتە ئەنتیگرە چییە؟

لە نێواخندا ئەنتیگرە تایبەتمەندیی دادوەریی و دامەزراوەیی سیستەمی ڕێوەبەریی دەکاتە بنەما بۆ سەرپاکی دانیشتووان. ڕێبەر ئۆجالان لە دیدگاکانیدا بۆ کۆنگرەی دوانزەهەمینی پەکەکە، باسی چەشنە بەڕێوەبردنێک دەکات کە هاووڵاتیی یەکسان و دادوەرانە دەکاتە بنەما و خۆی لە دەمارگیریی ڕەگەزیی و نەژادیی و ئایینیی و ئایدۆلۆژیی بەدوور دەگرێت.

هەڵاواردن و جیاکاریی سەرچاوەی مژینی خوێنی کۆمەڵگەیە و هەرچوار دەوڵەت – نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب بەم چەشنە کۆمەڵگەی کوردیی بەکار دەبەن.

کەواتە بەڕێوەبردن بە پێوەری ئەنتیگرە بە پێودانگی کۆمەڵگەیە و تێکۆشانە بۆ تێپەڕاندنی دەوڵەت و هەڵکشانە بۆ پێگەی خۆبەڕێوەبەریی.

ڕێبەر ئاپۆ بۆچی ئەم بەڕێوەبردنەی لا گرنگە؟

کوردان پتر لە سەدەیەکە بۆ دەرەوەی سیاسەت پەراوێز خراون. لە ڕوانگەی زانایانی ئایینە ئیبراهیمییەکانەوە، کوردان جنۆکەن و لە دەرەوەی بازنەی مرۆڤن، تورکەکان بەپێی پێناسەی (تورکی چیایی و کێویی) لەگەڵ کورد جووڵاونەتەوە. فارسەکانیش سیاسیەتی خۆیان بەپێی (ئێران شەهری) داڕشتووە و لای ئەوان کوردان سەربازێکی باشی پاراستنی سنوورەکانی ئێرانن، بەم ڕەنگە هەرچوار دەوڵەتەکە کوردیان لە دۆخی ئۆبژەبووندا هێشتووەتەوە.

ڕێبەر ئۆجالان و تێکۆشانی ڕێکخستن و چەکداریی و چاپەمەنیی تەڤگەری ئاپۆیی، نیوسەدەیە دەیەوێت ئەو وێنا چەوتەی بۆ کورد داتاشراوە، بسڕێتەوە و کوردان لە دۆخی ئۆبژەبوون دەرباز بکات. جا لە گۆڕی مێژوو دەری بهێنێتەوە و بیکاتەوە بە سۆبژەیەکی بەهێزی گۆڕەپانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی.

بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ئەنتگرە بوون پێویستە شرۆڤەی دوو جۆری سیاسەت بکەین:

١-سیاسەت لەسەر بنەمای ناسنامە (ئەتنیک و ڕەگەز و ئایین)، ئەمە دەکرێت دەمارگرژیی لێ بکەوێتەوە و کۆمەڵگە دابەشی سەر (ئێمە و ئەوان) بکات. جا ئەو تاقمەی دەسەڵاتەی لەدەستە، بە ئامانجی پاراستنی سیستەمەکەی خۆی گرووپەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەتوێنێتەوە.

٢- سیاسەت بە پێودانگی کۆمەڵگە، ئەویش بەپێی پاراستنی جیاوازییەکان، لەم شێوازەدا گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە گۆڕەپانی سیاسیی جیاوازدا دەجووڵێنەوە و دەبنە خاوەنی چەندین ناسنامەی جیاواز.

بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بتوانێت بە پێودانگی ئەنتگرەبوون خۆی بەڕێوە ببات، گەرەکە خاوەنی ژێرخانی ئابووریی و سیاسیی و فەرهەنگیی بێت، بۆ هەر یەک لەم ژێرخانانەش دەبێت ئەم تایبەتمەندییانە فەراهەم بن:

  • ئابووریی یەکسان بۆ هەمووان
  • دەرفەتی بەشداریی سیاسیی بۆ هەموو کۆمەڵگە.
  • دەبێت هەمووان بەپێی یاسا بە یەکسانیی پارێزراو بن
  • ئازادیی ڕادەربڕین و مافی کەلتووریی بۆ هەمووان دەستەبەر بێت و شکۆ و کەرامەتیان پارێزراو بێت.

ئەنتێگراسیۆن بەو چەشنەی ئاکسێل هونتی فەیلەسووفی ئەڵمانی پێناسەی دەکات بە واتای دەرفەتی پێکهێنانی ئازادیی کۆمەڵایەتیی دێت.

ڕێبەر ئاپۆ لە سۆنگەی پارادایمی ئیکۆلۆژیک – دیموکراتیک و بەپێی ئازادیی ژن، هەوڵ دەدات سنووری ئەنتگراسیۆن لە کۆمەڵی مرۆییەوە دەربازی کۆمەڵی سرووشتییش بکات، جا بەپێی پێکەوە گرێدانی ئەم دوو کۆمەڵگەیە، ئاشتییەکی گەردوونیی بئافرێنێت. هاوکات کۆتایی بە هەڵاواردنی ڕەگەزیی و کەلتووریی و زمانەوانیی و سڕینەوەی ئەو سنوورە جوگرافییانەش بێنێت وا ئاستەنگ دەسازێنن. دابەشکردنی کوردستانیش نموونەی ئەو تەنگەژەیەیە، جا بۆیە پێشنیاری کۆنفدراسیۆنی دیموکراتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

جا لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە هەبوونێکی زیندووە و زاوزێ دەکات و کەلتووری نوێ ڕەنگڕێژ دەکات، ئاسۆکانی ئەنتیگراسیۆن کراوە دەبن و دوورن لە دەمارگرژیی و داخران و کۆمەڵگە بەپێی پێویستیی و بارگۆڕانەکانی سەردەم خۆی ئەنتیگرە دەکات.