دیالێکتیکی ژن-پیاو و چارەسەرییەکەی
بێگومان پێویستە کۆمەڵگە وەکو سەردەمانی پێشوو چاوەڕێی هێزێکی مەهدی ئاسا نەبێت و ببێتە هێزی چارەسەری و ئەو هێزی چارەسەرییەش بە ژن و پیاوانی؛ سۆسیالیست (کۆمەڵایەتی) و زانایان درووستەبێت.
بێگومان پێویستە کۆمەڵگە وەکو سەردەمانی پێشوو چاوەڕێی هێزێکی مەهدی ئاسا نەبێت و ببێتە هێزی چارەسەری و ئەو هێزی چارەسەرییەش بە ژن و پیاوانی؛ سۆسیالیست (کۆمەڵایەتی) و زانایان درووستەبێت.
لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا لە نیوە زیاتری ڕەنج و بەرهەمی مێژوویی ژن هەیە. ئەم ڕەنجە زۆر مەزنە. هەرچەندە سیستەمە دەسەڵاتدار و چەوسێنەرەکان هەوڵیاندابێت ژن لە کۆمەڵگەدا پەراوێز بخەن، ژن هەمیشە بووەتە بنەڕەت و جەوهەری کۆمەڵگە. گەلێک هۆکاری هەن. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە یەکەم بازنە لەنێو کۆمەڵگەدا بێگومان بنەماڵەیە. بنەماڵەش لە چواردەوری ژن دامەزراوە. ژن سەرچاوەی بنەماڵەیە و بێ ژن هەبوونی بنەماڵە بیری لێ ناکرێتەوە. ئەگەر بیریشی لێ بکرێتەوە هەر خەیاڵ دەبێت. خوای یۆنانییەکان زیوسیش خەیاڵی ئەوەی کردبوو. بەدڵنیاییەوە پێویستە هەمووان ئەوە بزانن کە ژیان بێ ژن ناکرێت. واپێویستە هیچ کەس شرۆڤەی بێ بنەما نەکات و خۆی نەخەڵەتێنێت.
ئەگەر هەندێک کەس بڵێن کە بێ ژنیش ژیان دەکرێت، با باوەڕەکەی بخاتە لایەکەوە تاوەکو گفتوگۆی لەسەر بکرێت. من ئامادە نیم بەو شێوە گەمژانەیە باسی ژیانێک بێ ژن بکەم. بەدڵنیاییەوە پێویستە بزانرێت کە گەلێک ژن هەن هاوسەرگیری ناکەن و گەلێک پیاویش بەهەمان شێوە هەن. ئەمەش بژاردەی تاکەکەسیی ئەوانە. ئەوەی من باسی دەکەم ئەوەیە کە ژیان وەکو بوون (ئۆنتۆلۆژیا) بێ ژن بەردەوام دەبێت یان نا؟ ئەگەر وا داینێین ڕەگەزی ژن لەناوبچێت، ئاخۆ چۆن ژیانی کۆمەڵگە بەردەوام دەبێت؟ بێگومان پێویستە مرۆڤ لەسەر ئەو بابەتانە بەباشی وردببێتەوە. پێویستە هۆشیاری دروستبێت و پرسیارەکانی مرۆڤ وەڵام بدرێنەوە. بێگومان مرۆڤەکان خۆشیان دەتوانن وەڵامەکانی خۆیان دەستبکەوێت و خۆ بگەیەننە چارەسەر.
بێگومان پێویستە کۆمەڵگە وەکو سەردەمانی پێشوو چاوەڕێی هێزێکی مەهدی ئاسا نەبێت و ببێتە هێزی چارەسەری و ئەو هێزی چارەسەرییەش بە ژن و پیاوانی؛ سۆسیالیست (کۆمەڵایەتی) و زانایان چێدەبێت. بێگومان هیچ کامێک لە بوونەوەران هێندەی مرۆڤ دەرفەتیان نییە کە گۆڕانکاری دروستبکەن و ئەمەش وەکو تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان لە مێژوودا سەلمێنراوە و پێویستە کۆمەڵگە دان بەوەدا بنێت کە مەزنترین هێزە لە دوای سروشت خۆیەوە و باوەڕیی بە هێزی فکری خۆی بهێنێت. لەوانەیە هەندێک کەس بێن و بڵێن کە ژیان بەبێ ڕەگەزی پیاویش نابێت، بێگومان ئەوەش ڕاستە بەڵام پێویستە بزانرێت کە لەگەڵ پیاو و ژنانی ئێستا نابێت. ژیان وەکو ئاگری دۆزەخی لێهاتووە و ڕێگری لە مانەوە دەکرێت. چارەسەرێکی زۆر بەپەلەی پێویستە و وەکو لەسەرەوەش ئاماژەم پێدا، کێشەی ژن و پیاو بۆتە خەنجەرێک لە پشتی کۆمەڵگە.
پێویستە بەپەلە ئەم خەنجەرە دەربهێنرێت و هۆشیاری پیاو، لەبەرامبەر ژنان بگۆڕدرێت. پێویستە لە ڕەگەوە هۆشیاری کۆمەڵگە بگۆڕێت. لەبەرئەوەی ژنان نیوەی کۆمەڵگەن و ئەوانیش نوێنەرایەتی هەمان بیرکردنەوە دەکەن، ئەگەر بەو شێوەیە بێت بێگومان پێویستە بیرکرنەوەی ژن و پیاوی بکوژ بگۆڕدرێت. هەروەها هەرچەندە پیاو دەستی بە دەسەڵات گەیشتووە و ڕەگەزی ژنی خستووەتە خزمەتی خۆیەوە و لە کەسایتیی ژندا کۆمەڵگەشی کردووەتە کۆیلە؛ بەڵام پیاوانی ڕاهیب و بەتایبەت ڕاهیبانی شامانی بەتەمەن ژنانیان خستووەتە نێو موسەقەدین (سۆزانیخانە) و مێشکیان شووشتوونەتەوە. بێگومان پێویستە بزانرێت کە نەک تەنها ژنانی جوانیان خستووەتە ناو ناوەندەکانی موسەقەدین (زیگوراتەکانی سۆمەرییەکان)، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە پیاوانی گەنجیشیان خستووەتە ئەم ناوەندانەوە و پەروەردەیان کردوون کە لەبەرامبەر سیستەمی ژنسالاری بەکاریانبهێنن.
کاتێک باس لەو بابەتانە دەکرێت گەلێک پیاو هەن کە خۆیان تەنگاو دەکەن و کاردانەوەیان دەبێت. بەڵام بەڕای من نە ژنان هی پێشوون و نە پیاوانیش پیاوی پێشوو. ئەمە لە هەموو ڕوویەکەوە بەو شێوەیەیە. بەڵام ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ هەوڵدەدات بەئێمەی ئاشنا بکات ئەوەیە کە ئێمە لێکۆڵینەوە لە مێژووی خۆمان بکەین تاوەکو تێبگەین کە بۆچی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هێندە ڕووداوی سەرسوڕهێنەر روودەدەن و هۆکارەکەیان چییە؟ ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، "ئێمە لە سەرەتای مێژوو و مێژووش لە ڕۆژی ئێمەدا شاراوەتەوە." بۆئەوەی لە ڕۆژی خۆمان تێبگەین پێویستە ڕوو لە لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگە بکەین.
پێویستە ئەوە بزانرێت کە ژیان نە بێ ژن دەبێت و نەبێ پیاو، هەردووی ئەم بوونەوەرە وەکو دوو شتی لێک جودا یەکدی تەواودەکەن و هەرگیز یەکیان بێ ئەوی تر نابێت. بەڵام ئەگەر بێتو بڵێین یەکێکیان زۆر بە نرخە و ئەوی تر بێنرخ، درۆیەکی زۆر گەورەیە و بەردەوامکردنی کۆیلەداریی ژن و کۆمەڵگە دەبێت. پێویستە بزانرێت کە هەموو بوون (ئۆنتۆلۆژی) لەسەر دوالیزم، بنیادنراوە و لە ملیاران ساڵەوە تا ئێستا بەم شێوەیە بەردەوام بووە و بەردەوام دەبێت. لێرەدا با پرسیارێک بکەین و بڵێین: ئاخۆ لەنێو هەموو بوونەوەراندا هیچ بوونەوەرێک بەتەنیا و تاک هەیە؟ پێموایە ئەگەر دەرفەت هەبوایە و ڕووبەڕوو پرسیارێکی وامان لە یەکتری بکردایە، بێگومان تێڕوانینی جیاواز یاخود؛ ناکۆکی دەبوو. بەڵام بێگومان پێویستە ئەم مێشکە نەرمەی مرۆڤ بخرێتە گەڕ.
بە بۆچوونی من چ ژن چ پیاو بەدڵنیاییەوە پێویستە خۆی بگەیەنێتە بەرزترین پلەی تێگەیشتن و ئەگەرنا بەپێی کات گەردەلوولەکە بەرفراوانتر دەبێت و کۆمەڵگە دەنێو خۆیدا لەناودەبات. پێموانییە کە هیچ بوونەوەرێک لە گەردووندا بەتەنیا بوونی هەبێت یاخود بتوانێت بەردەوامی بەخۆی بدات و ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە هەردوو ڕەگەز یەکسانن و پێویستییان بە ژیانێکی ئارام، سۆسیالیزم، یەکسانی و ئازادی هەیە. هەروەها لەبەرئەوەی ژنانیش سەبارەت بە ڕاستییەکان هۆشیاربوونەتەوە و کۆیلایەتی قبووڵ ناکەن و لێگەڕینیان بۆ یەکسانی و ئازادی دروستبووە، ئەو سیستەمەی ئەمڕۆ نوێنەرایەتی سەرمایەداریی دەکات بە شەڕی تایبەتیی خۆی، خۆی لەنێو هەست، ڕوح و مێشکی مرۆڤەکاندا جێدەکاتەوە و وەک ئامڕازی خۆی بەکاریاندەهێنێت.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەو سیستەمەی کە باسی لێوە دەکرێت لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی دوو ڕەگەزەکە بەرامبەر بە یەکتر دامەزراوە و هەرچەندە ژن و پیاو ڕێگە بە یەکتر دەدەن کاریگەرییان لەسەر پاڵنەرەکانی یەکتر هەبێت، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە دژبەرییەکی یەکتر لەناوبردنیشیان هەیە. پیاو ژن لەڕووی توندوتوژییەوە سەرکوتدەکات و ژنیش پیاو لەڕووی 'ڕەگەزی'ـییەوە دەورژێنێت، وەک دەبینرێت و دەبیسترێت، رۆژانە ژنان دەکوژرێن و ڕووداوی سەرسوڕهێنەر لەنێو کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن، تەنانەت شیرازەی بنەماڵەش بەرەو تێکچوون دەچێت و دەگاتە ئاستێک کە هەندێک پیاو کچەکانی خۆیان بفرۆشن، گەر بارودۆخ بەو شێوەیە بەردەوام بێت، کۆمەڵگە بەرەو بەئاژەڵبوون'کێویبوون' دەچێت. هۆکاری ئەم ڕووداوانە هەمووی سیستەمی فینانس کە مرۆڤ وەک ئاژەڵ دەفرۆشن و وەک ئامڕازی بازاڕ بەکاریدەهێنن.
هەوڵدەدەم زیاتر ئەم بابەتە ڕوونبکەمەوە و بیخەمە ڕوو، مەبەستم ئەوەیە کە چ ژن و چ پیاو پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بابەتی ڕەگەزپەرستی بکەن و بزانن کە سیستەمی دەسەڵاتدار، شەڕی تایبەتیی خۆی و سێ سوارەی مەحشەری خستووەتە ئەستۆی کۆمەڵگە و تاک. هەروەها کۆمەڵگەی وەک ڕەوە ئاژەڵ لێکردووە و جڵەویان دەکات، تاوەکو بیانخاتە کێڵگە و دۆڵەکانەوە و بێنەوە سەر هۆشی خۆیان. بەڵام وەکو ئەوەی دەیبینین ڕێبەر ئاپۆ کە ٥٢ ساڵی خۆی کردووەتە قوربانی کۆمەڵگە و هێشتاش قوربانی دەدات و گەر بێت و باس لە فریادڕەسێک بکەین، ئەوە ڕێبەر ئاپۆیە. پێویستە هەمووان ببینن و بخوێننەوە و بزانن کە ڕێبەر ئاپۆ پڕوپاگەندە ناکات و بانگەوازی ڕێبەرێتی ئاشتی تاکتیک نییە، ستراتیژە. بە باوەڕ و هەیەجانەوە دەڵێت کات کاتی ئاشتی و برایەتییە.
بێگومان پێویستە ئەوە بزانرێت کە ڕێبەر ئاپۆ جددیە و بەبڕیارە کە هەموو ئەو بەرهەمەمەی لەم ٢٠٠ ساڵەدا چێنراوە هەڵبگرێتەوە. هەموو ئەو پردانەی ڕووخێنراون چاکیان بکاتەوە، خوشک و برایەتیی گەلان بگەڕێنێتەوە سەر ڕەسەنایەتییەکەی. پێویستە هەموو ژن و پیاوانی ئازادیخواز و ئاپۆگەر، هۆشیاری خۆیان بەگوێرەی سەردەمی نوێ دابمەزرێنن بۆئەوەی کۆمەڵگەیەکی کۆمیناڵ و ئازاد دابڕێژن و دوژمنایەتیی نێوان هەردوو ڕەگەزەکان لەناوبەرن. بۆئەوەی کۆمەڵگەیەکی نۆژەن و سۆسیالیست دابڕێژین. هەرخۆی گەر بێتوو باسی سیستەمی ئاشتییانە، دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیا و ئازادیی ژن بکەین ئەوەیە و پێویستە هەرکەس لەخۆیەوە دەستپێبکات. هەروەها من خۆشم هیوا و هەیەجانێکی مەزنم هەیە و باوەڕم بە ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ، شەهیدان، گەریلا و گەل هەیە و وەکو دەزانرێت ڕێبەر ئاپۆ کوردی نوێی دروستکرد.
هەروەها ئەو کوردی نوێ و نۆژەنکراوەی کردە سەرکێش و چاوەڕێی بەرهەمی ڕەنجەکەیەتی کە چەکەرە بکات و لەسەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بڵاوبێتەوە. وەکو دەردەکەوێت گەلی کورد هۆشیار بووەتەوە. لە ژیانی یەکسان و ئازاددا بەبڕیارە.