کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە ساڵوەگەڕی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات دژی ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی نووسراوی بڵاوکردەوە. پەکەکە داوای لە هەموو گەلی کورد و بەتایبەت ژنان، گەنجان و هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا و هەموو دۆستانی دیموکراتیکی گەلی کورد کرد کە بە ڕۆژی ١٥ی شوبات بڕژێنە گۆڕەپانەکان و داوای لە هەموو لایەک کرد پیلانگێڕییەکە شەرمەزار بکەن و ١٥ی شوبات، ڕۆژی جینوسایدی گەلی کورد بکەینە ڕۆژی ئازادی.
بەیاننامەکەی پەکەکە بەم شێوەیەیە:
"ئێمە ٢٦ـەمین ساڵوەگەڕی دڕندەترین و ناڕەواترین هێرشی مێژوو و پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات و سیستەمی گۆشەگیری ئیمرالی و جینۆساید ئەزموون دەکەین. بزووتنەوەی ئازادیمان و گەلی وڵاتپارێز و دۆستانی دیموکراتیکمان بە رێبەرایەتی ڕێبەر ئاپو ٢٦ ساڵ قارەمانانە بەرەنگاری پیلانگێڕی و سیستەمی ئیمرالی بوونەتەوە. ئەم بەرخۆدانە مێژووییە کە ٢٦ ساڵە بە دروشمی "ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن" بەرەو پێش دەچێت و زیاتر لە ٣٠ هەزار شەهید دراوە. بەم بەرخۆدانە کە ٢٦ ساڵە بە درێژایی هێڵی شەهادەت و فیدایی بوون ئەنجام دەدرێت، پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە هەموو ڕوویەکەوە شکستی هێنا و سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمرالی و جینۆساید هەڵوەشێنرایەوە. ئێستا بە تەواوی ڕوونە کە ٢٦ ـەمین ساڵوەگەڕی پیلانگێڕی ڕووناکیەکی مێژوویی بەسەر تاریکیدا لە خۆی هەڵگرتووە و ڕێگا بۆ ئازادی یەکجارەکی دەکاتەوە. ئێمە هیوادارین و لەو باوەڕەداین کە گۆڕانکاری و سەرهەڵدانێکی مێژوویی ڕووبدات و پرۆسەی گۆڕانکاری دیموکراتیک هەموو لایەک بگرێتەوە.
داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکەن
بەم پێیە جارێکی تر بە ڕق و تووڕەییەوە هێرشی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ و ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ و هەموو ئەو هێزانەی کە ئەم پیلانگێڕییەیان پلان بۆدانا، جێبەجێیان کرد، بەشداریی و پشتیوانیان کرد، شەرمەزار دەکەین. بەم هێزانە دەڵێین عەقڵیەتی تاریک، ستەمکارانە و چەوسانەوەی خۆیان ڕەخنە بکەن و گۆڕانکاری لە خۆیاندا بکەن و لەسەر ئەو کردەوەیەی کە ٢٦ ساڵە بەرامبەر گەل کورددا کردوویانە داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکەن و واز لە ئاستەنگیەکانی بەردەم ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیکی گەلی کورد بهێنن.
تێکۆشانی مەزنی ئازادی و مرۆڤایەتی کە بزووتنەوەکەمان، گەل و دۆستانمان ٢٦ ساڵە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ لە دژی هێرشی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمرالی و جینۆساید بەڕێوەیان بردووە پیرۆز دەکەین. هەروەها بە ڕێزدارییەوە هەموو شەهیدانی ئەم تێکۆشانە مێژووییە کە ٢٦ ساڵە بەردەوامە، بە تایبەت هەڤاڵان خالید ئوراڵ و ئاینور ئارتان یەکەمین شەهیدانی بەرخۆدانی فیدایی کە وتیان "ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن" بەبیر دێنینەوە. هەروەها ڕایدەگەیەنین کە لە ٢٧ـەمین ساڵی پیلانگێڕییەکە بۆ تێکشکاندنی تەواوەتی پیلانگێڕی و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپو ئەرکی خۆمان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکەین و لەسەر ئەو بنەمایە هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو ئەو کەسانە دەخوازین کە لە پێناو ئازادی و دیموکراسیدا تێکۆشان بەڕیوە دەبەن.
وەک دەزانرێت هێرشی پیلانگێڕی نێونەتەویی لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێیەم و بە ئامانجی لەناوبردنی ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن ئەمریکا، بریتانیا و ئیسرائیلەوە ڕێکخرا، سەرکردایەتی کرا و بە پشت بەستن بە هەموو سیستەمەکانی دەوڵەت و دەسەڵات دژی پەکەکە و گەلی کورد جیبەجێ کرا. هاوکات سەرەڕای ئەمەش دژی گەلانی تورکیا و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی جێبەجێ کرا. چونکە هێرشێکی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بوو کە نکۆڵی و لەناوبردنی گەلی کوردی بە ئامانج گرتبوو. پەیوەست بەمانە، ئەوەی ناوی لێنراوە "پرسی کورد" لەسەر بنەمای سیستەم و عەقڵیەتی کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد بەکار هێنرا؛ ئارمانج ڕێگریکردن لە چارەسەری پرسی کورد و بەردەوامیدان بە جینۆسایدی گەلی کورد بوو لە پێناو بەدەستهێنانی قازانجی ئابووری و سیاسی بوو.
لە یادی٢٦ـەمین ساڵوەگەری پیلانگێڕیدا تێکۆشان دەتوانێت ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە بەدی بێنێت
بۆیە تێکۆشان دژی هێرشی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی تەنیا تێکۆشانێک نەبوو بۆ بەدیهێنانی ئازادیی کورد، بەڵکوو تێکۆشانێ بوو بۆ پەرەپێدانی یەکێتی دیموکراتیکی لە نێو هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بزووتنەوەی دیموکراسی لە هەموو جیهان. بەکورتی هەرکەسێک بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد تێکۆشانی کردبێت، لە ڕاستیدا تێکۆشانی بۆ ئازادی خۆی و هەموو مرۆڤایەتی بۆ گەیشتن بە بەرێوەبەرایەتیەکی دیموکراتیک بووە. ئێستا لە ٢٦ـەمین ساڵوەگەڕی ئەم تێکۆشانە مێژووییەدا، وا دەردەکەوێت ئەنجامێکی سەرکەوتوو و هەمیشەیی بەدەستبهێندرێت.
دەرئەنجامی تێکۆشانی گەورە و مێژوویی ٢٦ ساڵەی دژ بە هێرشی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و سیستەمی گۆشەگیری، ئەشکەنجە و جینۆسایدی ئیمرالی ڕوونە. ڕێبەر ئاپۆ لەم تێکۆشانە گەورەیەدا گۆڕانکاری لە پارادایمدا پێشکەش کرد و بە پەرەپێدانی پارادایمی کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژی، دیموکراتیک و ئازادی ژن، ڕێگای ئازادیی بۆ هەموو گەلانی بندەست کردوە. بە ڕۆشنکردنەوەی سەردەمی ئێستا خۆی کردە ڕێبەری هەموو گەلانی بندەست. بە پێناسەکردنی ژیانی ئازاد و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئازادی ژن، هێڵی شارستانیەتی دیموکراتیکی بەرامبەر بە شارستانیەتی دەوڵەت پەرەپێدا. ئه مڕۆ ئەم هێڵە به دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" که بە پێشەنگایەتی ژنان دەستی پێکردووە، ڕێگەی ڕاستی ئازادی و دیموکراسی بۆ هەموو مرۆڤه ستەملێکراوەکان کردەوە.
ڕێبەر ئاپۆ دیسان دەست بە پرۆسەی نوێ کردنەوە دەکات
ئێستا لە ٢٦ ساڵوەگەڕی ئەم تێكۆشانە مەزنە، کە ڕێبەر ئاپۆ ،گەلەکەمان و دۆستانمان بەڕێوەی دەبەن، ئاراستەکان بەرەو گۆڕانکاری و سەرهەڵدانی نوێ دەڕوات. بە کاریگەری یەکگرتووی تێکۆشانی گەورەی 26 ساڵە و جەنگی جیهانی سێیەم کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریهەڵداوە، ئێستا هێرشی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و سیستەمی گۆشەگیری، ئەشکەنجە و جینۆسایدی ئیمرالی بە تەواوی ئاشکرا و هەڵوەشایەوە. ئەم هێرش و سیستەمە ناڕەوا و ستەمکارانەیە ئێستا لە قۆناغی تێپەڕبووندایە؛ کەس ناتوانێت ئیتر ئەم سیستەمە قبوڵ بکات، تەنانەت ئەوانەش پێکیان هێنا ناتوانن بەرپرسیاریەتەکەی هەڵبگرن و بەردەوام بن. لە ٢٦ ـەمین ساڵوەگەڕیدا، هەموو کەسێک لە جیهاندا، بە تایبەت لە ئاستی کوردستان و تورکیادا، چاوەڕێی دەست پێکردنی گۆڕانکارییەکی نوێ، لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن.
وا دیارە گەر ئاڵۆزی جددی و دەستوەردانی کودەتا نەیەتە پێش، ئەوا لە رێگەی ڕێبەر ئاپۆوە ئەم پرۆسە نوێیە بۆ هەموو کەسێک پرۆسەی گۆڕان و سەرلەنوێ درووستبوونەوە دەست پێدەکات. پەکەکە و گەلی کورد دەگۆرێت، دەوڵەتی کۆماری تورکیا دەگۆرێت، ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەموو جیهان دەگۆڕێت. با دەوڵەت نەترسێت؛ ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد دەوڵەت ناشێوێنن، گرێدراوی دیموکراسی بە شێوەیەکی ڕوون سەرلەنوێ دایدەڕێژنەوە. با کۆمەڵگەی تورکیا نەترسێت؛ ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد تورکیا پارچە ناکەن، گرێدراوی ئازادی گەلی کورد بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا کاربکەن. هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد گرێدراوی ئازادی و دیموکراسین، نە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نە لە جیهانیشدا لە دژی هیچ کەسێک نابێت؛ بۆ هەموو کەسێک بەرژوەندییە دیموکراتیکەکان بە بنەما وەردەگیرێت.
ڕوونە کە بە لێدوانە چاوەڕوانکراوەکەی ڕێبەر ئاپۆ، پرۆسەیەکی نوێ دەست پێدەکات. بێگومان هەموو شتێک بە ڕاگەیاندراوێک بەدی نایەت و هەموو شتێک تەنیا لە دەستی ڕێبەر ئاپۆدا نییە. کێشەکە هی هەموومانە، بەرپرسیارێتیەکەش هی هەمووانە. دەبێت هەمووکەسێک لە پڕۆسەی نوێدا لە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی تێبگات، خاوەندارێتی بکات و لە پراکتیکدا جێبەجێی بکات. پرۆسەی نوێ بە چاوەڕوانی داواکارییەکان بەدی نایەت؛ بەپێچەوانەوە بە تێکۆشان و بە ڕێکخستنبوون سەردەکەوێت.
پەیوەست بەمەوە بە تایبەت بانگەوازی لە ژنان و گەنجان لە هەموو گەلەکەمان، هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا و هەموو دۆستانی دیموکراتیک دەکەین کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ بکەون و لە ڕاستی تێبگەن، لە پڕۆسەی نوێدا بە شێوەیەکی بەهێزتر خاوەندارێتی لە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بکەن. هەروەها دووبارە بانگەواز دەکەین کە لە ساڵیادی ٢٦هەمینیدا بڕژێنە شەقام و گۆڕەپانەکان بە شێوەیەکی بە هێزتر پیلانگێڕی ١٥ی شوبات شەرمەزار بکەن و ١٥ی شوبات ڕۆژی قڕکردنی گەلی کورد بکەنە ڕۆژی ئازادی.
بمرێت پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و سیستەمی جینوسایدی ئیمراڵی.
بژی ڕێبەر ئاپۆ."