لە ماندێلاوە هەتا ئۆجالان؛ ئەسا موسا

خاوەنی بیرۆکەی چالاکی بۆ ئازادی ئۆجالان لە ستراسبۆرگ، کە ماوەی ٢ هەزار و ١٩٤ ڕۆژە بەردەوامە، ئەسا موسا بوو. موسا لە  بەرامبەر ڕژێمی ئەپارتاید لەگەڵ ماندێلا تێکۆشابوو و دۆستێکى هێژاى گەلی کوردیش بوو. ئەسام موسا ساڵی ٢٠١٧ کۆچى دوایى کرد.

خاوەنی بیرۆکەی چالاکی بۆ ئازادی ئۆجالان لە ستراسبۆرگ کە ماوەی ٢ هەزار و ١٩٤ ڕۆژە بەردەوامە، ئەسا موسا بوو. موسا کە لە ساڵی ٢٠١٧ دا گیانی لەدەستدا، لە بەرامبەر ڕژێمی ئاپارتاید، لەگەڵ ماندێلا تێکۆشابوو، دۆستێکی هێژای گەلی کوردیش بوو. موسا پارێزەری ماندێلا بوو. هەروەها ماوەى ٣٠ ساڵ بۆ ئازادی ئۆجالان و گەلی کورد خەباتی کرد.

مونزور ئەمەکچی ماوەی سێ ساڵ چالاکیی 'ئازادی بۆ ئۆجالان'ی ڕێکدەخست، لە نیسانی ساڵی ٢٠١٦دا گیانی لەدەستدا. ساڵێک دواى کۆچى دوایى مونزور ئەمەکچی ئەسا موساش کۆچى دوایى کرد. موسا پاش ئەوەی ماندێلا دەستگیر کرا بوو بە پارێزەری ماندێلا.

پێش ئەوەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان دیل بکرێت، نوێنەرانی کورد دەچوونە باشووری ئەفەریقا و لەوێ دیداری یەکترناسین و لێکتەگەیشتنیان ئەنجام دەدا. ئەندامی دەستپیشخەریی نێودەوڵەتی بۆ ئازادی ئۆجالان ئەسا موسا لەسەر ئازادی ئۆجالان، بەشداری زۆر کۆنفرانس و چالاکیی دەکرد. لە ساڵی ٢٠١٦یشدا لە کەرکوک سەردانی گەریلاکانی کردبوو.

بارودۆخی هاوشێوەی ماندێلا و ئۆجالان

ئەسا موسا دەربارەی چالاکیى 'ئازادی بۆ ئۆجالان' وتبووی، ئەوان کاتی خۆی بۆ ماندێلا، کە ماوەی ٢٧ ساڵ بە دیل گیرابوو، لە هەموو شوێنێک چالاکی دانیشتنی بە کۆمەڵ-یان ئەنجام داوە. ئەو کات موسا دەستنیشانی کردبوو، کە کوردان دەتوانن لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا یان بەردەم بارەگای کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەی زیندانیانی سەر بە یەکێتی ئەوروپا (CPT) و دادگای مافەکانی مرۆڤی سەر بە ئەوروپا چالاکی دانیشتنی بە کۆمەڵ بۆ ئازادیی ئۆجالان ساز بدەن. پاش گفتوگۆی چڕوپڕ، لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ / ٥ى پووشپەڕدا، بۆ ئازادی ئۆجالان لە ستراسبۆرگ، یەکەم چالاکیی دانیشتنی بە کۆمەڵ دەستیپێکرد.

موسا لە ساڵی ٢٠١٦دا بۆئەوەی سەردانی ئۆجالان بکات خۆی گەیاندە تورکیا، بەڵام وەزارەتی داد ڕێگەی نەدا موسا چاوی بە ئۆجالان بکەوێت. ئەوکات موسا وتبووی "بۆ ئەوەی تورکیا بتوانێت کێشەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا چارەسەر بکات، دەبێت سەرەتا کێشەکانی ناوخۆی وڵاتەکە چارەسەر بکات".

دەربارەی گۆشەگیریی سەر ئۆجالانیش وتبووی "بارودۆخی ئۆجالان و ماندێلا لەلایەکەوە هاوشێوەن و لەلایەکی تریشەوە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان زۆر سەختترە".

ڕۆژی یەکەمی چالاکی ئێشکگرتن بۆ ئازادی ئۆجالان

لە شاری ستراسبۆرگ و لە گۆڕەپانى بەردەمە بارەگاکانی پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجومەنی ئەوروپا، کۆمیتەی جیهانیى دژ بە  ئەشکەنجە (CPT) و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا چالاکیی دانیشتن و ئێشکگرتن بەڕێوەدەچێت. ئەم چالاکییە ماوەی ٢ هەزار و ١٩٤ ڕۆژە بەردەوامە.

چالاکوانان بە پاککردنەوەی ئەو مەیدانە دەست بە چالاکییەکە دەکەن و بڵاوکراوە و برۆشوور بەسەر ڕێبواراندا دابەش دەکەن. هەندێک جاریش گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبواراندا دەکەن.

مانگی جارێک ژنان نۆبەت دەگرن

پێکهاتەکانی بزووتنەوەی ژنانی کوردستان لە ئەوروپا  (تەژەکە- ئەوروپا) مانگی جارێک نۆبەتی ئێشکگرتن بەڕێوە دەبەن. لەهەمان کاتدا گەنجان، دایکانی ئاشتی، نوێنەری ڕێکخراوە کوردییەکان و هونەرمەندان، لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، دانیمارک، سوید، فنلەندا، نەرویج، هۆڵەندا، بەلجیکا، نەمسا، ئینگلتەراوە دێن و بۆ ئازادیی ئۆجالان لە ستراسبۆرگ ئێشک دەگرن.

یەک لە بەشداربوانی چالاکییەکە هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل ڕەمزی کارتاڵ وتبووی "ئەم چالاکییە لەناو مێژووماندا، خاوەنی شوێنێکی گرنگ دەبێت. هەتا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەبێت، ئەم چالاکییە بەردەوام دەبێت".

لە بەرامبەر گۆشەگیریی چالاکی بە کاریگەر

پارێزەر مەحمود شاکار، یەکێکە لەو کەسانەی کە بەشداریی چالاکییەکەی کردووە و چالاکییەکانیش چاودێرى دەکات. شاکار دەڵێت  "کاتێک مەسەلە گۆشەگیریی بێت لەسەر ئۆجالان، گەلەکەمان بە هەستیارییەوە خاوەنداریکردنی خۆی لە ئۆجالان بەردەوامیی پێدەدات. ئەم چالاکییە بە مانای ئەوە دێت، کە ڕێزدار ئۆجالان هەمیشە لەبیری ئێمەدایە. لە دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، ئەم چالاکییە زۆر بە کاریگەرە".

شاکار دەشڵێت "لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ / ٢٦ى رێبەندان هەتا ئێستا ئێمە کۆمەڵێک پارێزەرین، کە بەم پرسەوە سەرقاڵین. لەبەرامبەر ئەو ناهەقییانەی کە لە ڕێزدار ئۆجالان دەکرێت، ئێمە هەموو کات دۆزی نوێ دەکەینەوە و سکاڵا تۆمار دەکەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی بارودۆخێکی بەو شێوەیە بۆ هیچ کەس و بەپێى هیچ یاسایەک بوونى نییە، دەوڵەت بەکەیفی خۆی دەجوڵێتەوە و مامەڵە دەکات".

شاکار سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوەی، کە دەبێت پارێزەرەکانی، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و گەل، دەست بخەنە ناو دەستی یەک و پشتیوانی لەیەکتر بکەن، بەو شێوەیە ئێمە دەتوانین گۆشەگیریی سەر ئۆجالان تێکبشکێنین.

 

ر.م