پارێزەران بەمەبەستی رۆیشتن بۆ ئیمراڵی داواکاریی نوێیان بەرزکردەوە

پارێزەرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەمەبەستی دیدار لەگەڵ موەکیلەکەیان کە ماوەی ٣٨ مانگە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت، داواکاری نوێیان پێشکەش کرد.

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە ئیبراهیم بیلمەز، عەمران ئەمەکچی، جەنگیز یورەکلی و سوزان ئاکیپا بەمبەستی دیدار لەگەڵ موەکیلەکانیان عەبدوڵا ئۆجالان، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش لە ئیمراڵی کە لە ژێر گۆشەگیری رەهادان، سەردانی داواکاری گشتی کۆماریی لە بورسا و بەڕێوەبەرایەتی دەزگای جێبەجێ کردنی سزای ئیمراڵییان کرد.

پەیوەندی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە دەرەوە بە تەواوەتی پچڕاوە. داواکارییەکان بۆ دیدار وەڵام نادرێنەوە، هەندێک جار دوای چەند مانگێک سزای دیسپلین وەک پاساوی رێگری لە دیدارەکان بە پارێزەران رادەگەیەندرێت.

بە گوێرەی دوایین راپۆرتی نوسینگەی یاسایی سەدە کە ١٧ی کانونی دووەم بڵاوکرایەوە:

-لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ەوە تەنیا لە نێوان ئایار- ئابی ٢٠١٩دا پێنج جار دیداری پارێزەران ئەنجامدراوە، دوایین دیدار لە ٧ی ئابی ٢٠١٩دا بووە.

-لە ساڵی ٢٠١٤ەوە پێنج جار دیداری بنەماڵەکان ئەنجامدراوە.

-دوایین دیداری لەگەڵ براکەی لە ٣ی ئابی ٢٠٢٠دابوو.

-لە یەکەم رۆژەوە (١٥ی شوباتی ١٩٩٩) تا ئێستا دوو جار (٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠ و ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١) بە تەلەفون رێگە دراوە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام بدات.

-دوایین پەیوەندی تەلەفونی لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١دا پاش ماوەیەکی کەم پچڕێندرا و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە بەردەست نییە.

هـ . ب