نوێنەرى دەیان رێکخراو لە ئێشکگریدان بۆ ئازادیى ئۆجالان

هاوسەرۆکانى رێکخراوە کوردستانییەکان لە ئەوروپا و چەندین رێکخراوى تر، ماوەى ٦ ساڵە لە بەردەم ئەنجوومەنى ئەوروپادا ئێشکگری بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد بەڕێوەدەبەن.

ئێشکگری بۆ ئازادیى ئۆجەلان لە ٢٥ى حوزەیرانى ٢٠١٢ / ٥ى پووشپەڕەوە، لە بەردەم ئەنجوومەنى ئەوروپا دەستیپێکردووە. ئەو چالاکییە درێژە ماوەترین چالاکیى گەلی کوردە. نوێنەرانى دەیان رێکخراوى کوردستانى و ئەوروپی هاوکات لەگەڵ ساڵیادى دەستپێکردنى ئەو چالاکییەدا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، خاوەنداریکردن لە ئۆجالان و هەوڵەکانیان بۆ ئازادیى ئۆجالان و ئێشکگرییەکان بەرفراوانتر دەکەن.

دەیان رێکخراوی ناو پێکهاتەى کۆنگرەى کۆمەلگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا) و نوێنەری رێکخراوەکانى گەلانى سوریانى و ئاشووری بەشدارى کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەیان کرد و رایانگەیاند، درێژە بە تیکۆشانەکەیان و چالاکییەکەیان دەدەن.

کەجەدەکە ئەوروپا: درێژە بە چالاکییەکە دەدەین

فاتۆش گۆکسیونگیور هاوسەرۆکى کەجەدەکە ئەوروپا رایگەیاند، ماوەى ٦ ساڵە ئەو چالاکییە بەردەوامە و هەموو هەفتەیەک رێکخراوەکان، ئەنجوومەن و پێکهاتەکان بەشدارى لەم چالاکییەدا دەکەن. گۆکسیونگیور راشیگەیاند، ئەمڕۆ دەیان رێکخراوى ژنان، گەنجان، بیرو باوەڕە جیاوازەکان و بنەماڵەى شەهیدان هاتوون و بەشداریى ئێشکگرییان کردووە بۆ ئازادیى ئۆجالان.

نوێنەرانى گەلی سوریانیش لە چالاکییەکەدا بەشدارن

یەعقوب نۆهۆمۆ بە ناوی رێکخراوى یەکێتیى سوریانییەکانى ئەوروپا (ESU) رایگەیاند، ئەو گۆشەگیرییەى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد قبوڵ ناکەن.

توجای یڵماز نوێنەرى (SKYP ئەوروپا) رایگەیاند، پرۆژەى ئۆجالان بۆ گەلان تاکە چارەسەرییە و سەرنجیشى خستە سەر تێکۆشان لە دژى فاشیزمى ئەردۆغان.

"ئێزدی لە سایەى باوەڕەکەیاندا دەژین"

عەلی ساچک نوێنەری (ناڤ یەک، NAV-YEK) وتى "هیچ کەس نەیدەوێرا خاوەندارى لە ئێزدییەکان بکات، بەڵام ئۆجالان بوارى رەخساند بۆ ئەوەى ئێزدییەکان بە باوەڕەکەى خۆیانەوە لە ئازادیدا بژین".

ساچک وتیشی، درێژە بە تێکۆشانەکەیان دەدەن لە پێناو ئازادیى ئۆجالاندا.

"باوەڕ و ئازادیى گەلان"

ئیمام جان پۆڵات ئەندامى کۆمیتەى ئاشتی لە ئەوروپا باسى لە ٢٥ ساڵ تێکۆشانى ئۆجالان کرد بۆ ئاشتى. جان پۆڵات وتى، سەربارى هەموو هەوڵ و ڕیگرییەکانی پیلانگێڕیى نێودەوڵەتی، ئۆجالان گروپەکانى ئاشتیى دروستکرد و بۆ نیاز پاکى ناردنییەوە بۆ تورکیا. ئەوەشى وت "ئازادیى ئۆجالان ئازادیى باوەڕ و گەلانە. دەبێت هەموو کەس بۆ ئازادیى ئۆجالان تێبکۆشێت".

جومعە ئالاک هاوسەرۆکى ناوەندى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە سویسرا باسى ئەوەیکرد، چالاکیى کوردستانیانى سویسرا بۆ ئازادیى ئۆجالان کە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامیى هەبوو، بە دڵنیاییەوە هەر بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت. ئالاک باسى ئەوەشیکرد "بەهۆى دیلکردنى ئۆجالانەوە، ئەستەمە کورد بە ئاسوودەیى بژی. ئێمە چالاکییەکانمان زیاتر و گەورەتر و کاریگەرتر دەکەین و بەردەوامییان پێدەدەین".

 پەیەدە: تاوەکو ئۆجالان ئازاد نەبێت راوەستان ماناى نییە

دەریم ئەل عەلی بە ناوى پەیەدەوە وتى "تاوەکو ئۆجالان ئازاد نەبێت راوەستان ماناى نییە. بۆ ئەوەى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئازادى، ئاشتى و برایەتى بێتە دى، دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت. ئێمە وڵاتێک و ئازادى بە بێ ئۆجالان قبوڵ ناکەین".

دەریم ئەل عەلی، سڵاوى بۆ سەرکەوتنەکەى هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕدا نارد و وتیشی، بە دڵنیاییەوە برایەتیى گەلان سەردەکەوێت.

دەبێت ژنان بۆ ئازادیى ئۆجالان لە چالاکییەکاندا بن

نازلی توران نوێنەرى بزووتنەوەى ژنانى کورد لە ئەوروپا (تەژەکە ئەوروپا) ئەوەى خستەڕوو "عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد  بۆ ئازادیى ژن رەنجێکى زۆرى داوە. ئێمەش هیچ سازشێک لەسەر ئازادیى ئۆجالان ناکەین. دەبێت ژن بەو ئامانجەوە و بە هەموو هێزى خۆییەوە تێبکۆشێت".

توران داواى لە ژنانى ئەوروپا کرد، کە بۆ ئازادیى ئۆجالان چالاکى ئەنجام بدەن.

هەڵوێستى دژ بە کورد پێچەوانەى ئایینى ئیسلامە

مەلا ساڵح بە ناوى کۆمەڵگەى ئیسلامى کوردستان (جیک)ەوە وتى "دەبێت بۆ ئاشتیى گەلان دیالۆگ ئەنجام بدرێت. ئێمە گۆشەگیریى چەندین ساڵە لەسەر ئۆجالان ئیدانە دەکەین. ئەوانەى کە باسى ئاشتییان بۆ گەلی کورد دەکرد ئێستا رۆژهەڵاتى ناوەڕاستییان کردووە بە گۆمى خوێن. ئەو سیاسەتەى کە کورد لە مافەکانى بێبەش دەکات و دژ بە کورد بێت، پێچەوانەى بنەماکانى ئایینى ئیسلامە".

مەلا ساڵح داوایکرد، هەموو ئەو کەس و لایانانەى بڕوایان بە ئازادى و دادپەروەری و ئاشتى هەیە، بەشدارى بکەن لە چالاکیى ئێشکگری بۆ ئازادیى ئۆجالاندا.

موراد جەیلان ئەندامى دەستەى هاوسەرۆکایەتیى کەجەدەکە ئەوروپا ئاماژەى بەوەکرد، دەبێت لە دژى گۆشەگیرى تێکۆشان بکرێت و داواى لە هەموو رێکخراوەکان کرد لەو تێکۆشانەدا رۆڵى خۆیان بگێڕن.

جەیلان لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "تاوەکو ئازادیى ئۆجالان مسۆگەر نەبێت، گەل و باوەڕەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست خۆیان بە ئازاد نازانن. ئازادیى ئۆجالان بۆ ئێمە گرنگترین ئامانجە".

کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکە بە وتنەوەى دروشمەکانى 'بە گیان بە خوێن لەگەڵتان ئەى سەرۆک'، 'بێ سەرۆک ژیان نابێت' و 'بژى سەرۆک ئاپۆ' کۆتایى پێهات.

پەرلەمانتارانى گۆڕان و یەکێتى پشتیوانییان لە ئازادیى ئۆجالان کرد

شێرکۆ حەمە ئەمین پەرلەمانتارى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان و سالار مەحمود پەرلەمانتارى کوردستان لە فراکسیۆنى یەکێتى، پشتیوانییان لە چالاکییەکە کرد. ئەو ٢ پەرلەمانتارە لە کاتى بەڕێوەچوونى کۆنفڕانسە رۆژنامەنووسییەکەدا لە کۆبوونەوەدا بوون لەگەڵ ئەنجوومەنى ئەوروپادا.

ر.م