وەزیری ناوخۆی تورک عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، کە چالاکیەکانی ١ی ئایار لە تەقسیم قەدەغەکراون.
لەبەرامبەردا کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ (دیسک) ناڕەزایەتی نیشاندا. دیکسی بڕیارەکەی دادگای دەستوری هەمیشەیی بە بیرهێنایەوە کە قەدەغەکردنی گۆڕەپانی تەقسیمی بە رووی کرێکاران بە پێشێلکاری ناوبردبوو.
هەربۆیە دیسک بۆ بەشداری لە مەراسیمەکانی یەکی ئایار لە تەقسیمی ئیستەنبوڵ بانگەوزی راگەیاند.
هاوکات کۆمسیۆنی رەنجی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) سەبارەت بە قەدەغەکردنی چالاکییەکانی یەکی ئایار لە تەقسیم کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و والیگەری ئیستەنبوڵەوە راگەیەندراوە، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: قەدەغەکردنی تەقسیم بەڕووی چالاکییەکانی ١ی ئایار دواین هەنگاوی دەسەڵاتە کە لە رێگەی گوشار و توندوتیژییەوە سەرجەم کێشەکانی وڵاتەکە، بە تایبەتی کێشەی کوردی قووڵتر کردووەتەوە.
جەختیشی کردەوە ئەو بڕیارە بە فەرمی ناناسن و ناچنە ژێرباری.
لای خۆیەوە هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ئیستەنبوڵ موراد کالماز لە وتەیەکدا، ٨ی ئادار، نەورۆز و چالاکیەکان لە دژی زەوتکردنی ئیرادەی بەبیرهێنایەوە و رایگەیاند، "ئێمە لە دژی چەوساندنەوە، ئەو شەڕەی لەئارادایە، گۆشەگیری، قڕکردنی کرێکاران، بانگەواز لە هەموو گەلەکەمان و کرێکاران دەکەین، کە یەکی ئایار لە تەقسیم بن. وەرن شان بە شانی یەکتر ١ی ئایار لە گۆڕەپانی تەقسیم بین".
هـ . ب