لە پاش کارەساتەکەی بەیروت، عێراق دەروازە سنوورییەکانی لەو کاڵایانە خاڵی دەکاتەوە کە خێرا ئاگر دەگرن

دەستەی دەروازە سنووریەکان لە عێراق ڕایانگەیاند، دەروازەی (ئوم قەسر) لە بەسرە لەو کاڵایانە خاڵی کراوەتەوە کە خێرا ئاگر دەگرن.

لە پاش ئەو ڕوداوەی بەیروت کە بوە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە و لە ئەنجامدا بە دەیان کەس کوژران و بە هەزاران بریندار بوون، لە عێراق و بە فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران تەواوی دەروازە سنووریەکان و بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە لەو کاڵایانە پاک کرانەوە کە خێرا ئاگر دەگرن و مەترسیدارن.

دەستەی دەروازە سنووریەکان لەو باریەوە ڕایگەیاند:" لە چوارچێوەی ئەنجامدانی ئەو فەرمانانەی سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی کە داوایکردبوو دەستەیەک پێک بهێنرێت بۆ دۆزینەوەی کاڵا مەترسیدارەکان لە دەروازە سنووریەکان وەکوو( کاڵای کیمیایی، نتراتی ئەمۆنیا) لە تەواوی دەروازە( ئاسمانی، ئاوی، زەوی) لە کاتی دۆزینەوەی لەو جۆرە کاڵایانە ڕێوشوێنی ئەمنی لەبەرامبەردا بگرێتە بەر و دوور بخرێتەوە لە نیشتەجێبونی هاوڵاتیان".

هەروەها ڕایانگەیاند، بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە بە تەواوی خاڵی کرایەوە لەو کاڵایانەی بە خێرایی ئاگر دەگرن و گواستراونەتەوە بۆ  شوێنێکی دور لە دانشتوان و نشتەجێبونی هاوڵاتیان.

ژ.ت