ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان: نابێت بە سزای دیسپلین، ئەنجامدانی دیدار سنووردار بکرێت

کۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی، ڕایگەیاند نابێت لە ئەنجامی سزای دیسپلین مافی دیداری بنەماڵە و پارێزەران سنووردار بکرێت، هەروەها ٦٥ پێشنیار درا بە تورکیا.

ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی تورکیا

وەقفی مافەکانی مرۆڤی تورکیا (TÎHV) پاش دانیشتنی ١٧_١٨ ی تەمموزی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە  تیایدا تورکیا لایەنێکە لە ڕێککەوتننامەی دژی ئەشکەنجە، مامەڵەکردن یان سزای دڕندە و نامرۆڤانە و سووکایەتیکردن (پەیماننامەی دژ بە ئەشکەنجە)ـی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەسەر ڕاپۆرتی ئەنجامی چاودێرییەکانی تورکیا ئەنجامدا.

چەندین پارێزەری مافی مرۆڤ لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون کە لە کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لقی ئیستەنبوڵ ئەنجامدرا. سەرۆکی وەقفی مافەکانی مرۆڤی تورکیا (TÎHV) مەتین باکالجی وردەکاریی ڕاپۆرتەکەی خستەڕوو. کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی ئەنجامی چاودێرییدا، ٦٥ پێشنیاری پێشکەش بە تورکیا کرد.

کۆمیتەکە ڕایگەیاندووە، ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ و دەستبەسەرکردن زیادی کردووە، بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی وەک هەوڵی ٢٠١٦ و بومەلەرزەی ٦ ی شوبات، لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر" ئەنجامدراون.

کۆمیتەکە ڕەخنەکانی خۆی دەربارەی یاسای سزادانی تورک دەخاتەڕوو، پێشنیارەکانی خۆی لە چوارچێوەی ئەنجامنامەی ساڵی ٢٠١٦ نوێ دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە پێویستە تورکیا یاساکان بەگوێرەی پەیماننامەی ڕێگری لە ئەشکەنجە دابڕێژێتەوە.

دامەزراوەی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی تورکیا، لە بەڕێوەبردندا سەربەخۆ نییە

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە دامەزراوەی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی تورکیا (TÎHEK) لە بەڕێوەبردندا سەربەخۆ نییە، بێدەنگی بەرامبەر ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ، ڕێگە بۆ مەترسی دەکاتەوە، پێویستە ڕێکار بۆ سەربەخۆیی دامەزراوەکە بگیرێتەبەر.

بانگەشەکانی ئەشکەنجە و مردن لەکاتی دەستبەسەرکردندا

ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە پێویستە دەربارەی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ، بەزووترین کات و بەشێوەیەکی سەربەخۆ و کاریگەر و بەگوێرەی پرۆتۆکۆڵی ئیستەنبوڵی هاوچەرخ، لێکۆڵینەوە و دادگایی بکرێت.

کۆمیتەکە جەخت دەکاتەوە، ڕێژەی مردن لە زیندانەکان مەترسیدارە، پێویستە بەگوێرەی پرتۆکۆڵی مینیسۆتا لەلایەن دامەزراوەیەکی سەربەخۆوە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکرێت دەربارەی هەموو مردنێکی نێو زیندانەکان.

پێویستە کەلەپچەکردن لەپشتەوە قەدەغە بکرێت

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەموارکردنەوەی یاسای ئەرک و بەرپرسیارێتی پۆلیس (PVSK) لە دەستوەردان لە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتییانە و بەکارهێنانی هێزی زیاد لەپێویست، ڕێگەی بۆ ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ کردووەتەوە، جەخت دەکاتەوە ئەم یاسایە ناکۆکە لەگەڵ ستانداردە نێونەتەوەییەکان. دووپاتی دەکاتەوە لەو حاڵەتانەدا کەلەپچەکردن لەپشتەوە جێگەی قبووڵکردن نییە، پێویستە قەدەغە بکرێت.

زیندانەکانی جۆری S_Y مەترسیدارن

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، سەلماندوویانە لە زیندانەکانی جۆری S_Y و زیندانەکانی دیکەی ئاسایشی باڵا، زیندانەکان بە تەنها و لە گۆشەی تاکەکەسی ڕادەگیرێن، دووپاتی دەکاتەوە، پشکنینە ڕۆتینییەکان و پشکنین بە کەلەپچەوە و ئازادنەکردنی زیندانیانی نەخۆش، مایەی نیگەرانیە.

پێویستە ڕێساکانی نیلسۆن ماندێلا جێبەجێ بکرێن

کۆمیتەکە ڕایدەگەیەنێت دەستەی بەڕێوەبردن و چاودێری سەربەخۆ نییە، ئەم دەستانە ڕێخۆشکەرن بۆ ڕێگرتن لە ئازادکردنی پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان و زیندانیانی سیاسی.

کۆمیتەکە پیشنیار دەکات، ناوەندەکانی چاودێری و پۆلێنکردن و هەڵسەنگاندنی حکومدراوان چاوپیاخشاندنەوەیان بۆ بکرێت. دەبێت گۆشەی تاکەکەسی بەگوێرەی ڕەوشێکی ئاوارتە و دیموکرات بێت، داوای کرد بەگوێرەی ڕێساکانی نیلسۆن ماندێلا مامەڵە بکرێت. جەختی کردەوە، دەبێت پشکنینی زیندانیان بە کەلەپچەوە سنوودار بکرێت و ڕێز لە پەیوەندیی نهێنیی نێوان پزیشک_نەخۆش بگیرێت.

پێویستە سزای هەتاهەتایی قورس هەڵبگیرێت

کۆمیتەکە ڕایگەیاند پێویستە سزای هەتاهەتایی قورس هەڵبگیرێت، ئەو زیندانیانەی سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، پاش ماوەیەکی گونجاو ئازاد بکرێن یان سزاکەیان کەم بکرێتەوە.

پێویستە لە ئیمراڵی دیدار لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکان ئەنجام بدرێت

کۆمیتەکە تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ٣ زیندانی تر لە زیندانی ئیمراڵی، جەختی کردەوە نابێت لە ئەنجامی سزای دیسپلین مافی دیداری بنەماڵە و پارێزەران سنووردار بکرێت. پێشنیار دەکات ئاسانکاری بکرێت بۆ سەردان و گفتوگۆی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و حامیلی یەڵدرم و عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانیان، بانگەواز لە تورکیا کرا خۆی بەدوور بگرێت لەم سنوودارکردنانە.

چاوەڕوان دەکرێت تا ٢٦ ی تەمموزی ٢٠٢٥ زانیاری بدرێتە کۆمیتەکە

سەرۆکی وەقفی مافەکانی مرۆڤی تورکیا (TÎHV) مەتین باکالجی لە کۆتایی قسەکانی ڕایگەیاند کۆمیتەکە دەربارەی سزای هەتاهەتایی قورس و ئاسانکردنی دیداری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی تر لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانیان، هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی لەکاتی باری لەناکاودا جێبەجێکراون و هەڵگرتنی گەرەنتی بناغەی یاسایی بۆ ڕێگری لە ئەشکەنجە و دادگاییکردنی توندوتیژی سەر جێندەر، پێشنیاری خستووەتەڕوو. تورکیا لەبارەی ئەم تەوەرانەوە، ٢٦ ی تەمموزی ٢٠٢٥ زانیاری دەداتە کۆمیتەکە.

تورکیایەکی دوور لە ئەشکەنجە

باکالجی ڕایگەیاند پێویستە تورکیا لە چوارچێوەی پەیماننامەی ڕێگری لە ئەشکەنجە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بەتایبەت گرنگە ڕەچاوی پێشنیارەکانی کۆمیتەکە بکات و چاودێری پرۆسەی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لە چوارچێوەی پەیماننامەی ڕێگری لە ئەشکەنجە بکات. باکالجی جەختی کردەوە، هەمووان بەرپرسیارن بۆ بەدیهاتنی تورکیا و جیهانێکی دوور لە ئەشکەنجە.