شارەوانییەکانی پولور و دێرسیم دەستیان بەسەردا گیرا_نوێکرایەوە

ڕژێمی ئاکەپە_مەهەپە بە دانانی قەیوم دەستی بەسەر شارەوانییەکانی پولور و دێرسیمدا گرت.

شارەوانی دێرسیم لە پشکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و شارەوانی پولور لە پشکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەستیان بەسەردا گیرا. ئەو جەماوەرەی لەبەردەم شارەوانی دێرسیم ئێشکگرییان دەگرت، بە زۆرەملێ دوورخرانەوە. ئێشکگری لەبەردەم شارەوانی بەردەوامە.

وەزارەتی ناوخۆی تورک ڕایگەیاند لە شوێنی هاوسەرۆکانی شارەوانی دێرسیم جەودەت کۆناک و بیرسەن ئۆرهان، پارێزگاری تونجەلی بولەنت تەکیبیک، لە شوێنی سەرۆکی شارەوانی پولور موستەفا ساریگول، قایمقامی ناوچەکە حوسەین شامل سۆزەن، دانراون.

ئەو هاوڵاتییانەی لە شارەوانییەکە ئێشکگرییان دەگرت، بە زۆرەملێ دوورخرانەوە.

کۆناک: شارەکەیان داگیر کرد

سەدان کەس لەبەردەم شارەوانی دەستبەسەرداگیراوی دێرسیم کۆبوونەوە، بەربەستی پۆلیسیان شکاند. بۆیە ژمارەی پۆلیسەکان زیادکران و دیسان بەربەستیان دانا.

هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم جەودەت کۆناک لەبەردەم شارەوانییەکە قسەی کرد، ئاماژەی بەوە کرد بە ئۆتۆمبیل ڕێگەکانیان داخست و ڕێگەکانیان داگیرکردووە و گەندەڵی مەزنیشیان کردووە؛ دووپاتی کردەوە کاتێک لە شارەوانی دەرچووە پۆلیس ڕێگەکانی داخستبوو، گوتی: "پرسیم بۆچی ڕێگەتان داخستووە و ڕێگەکەتان داگیرکردووە. بە منیان گوت: "فەرمانی وەزارەت هەیە، واژۆ بکە". واژۆم نەکرد. شارەکەیان داگیر کرد. ئەمە ڕووی ڕاستەقینەی ئاکەپە_مەهەپەیە. ئەمە دەستبەسەراگرتنی ئیرادەیە".