بە دروشمی 'ئازادی بۆ زیندانیانی نەخۆش' چالاکی بەڕێوە چوو

کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوانی ئەدەنە و دەریای ناوەڕاست (AATUHAY-DER) و کۆمەڵگەی پارێزەرانی ئازادی (OHD) بە دروشمی 'ئازادی بۆ زیندانیانی نەخۆش' چالاکیان ئەنجام دا.

کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوانی ئەدەنە و دەریای ناوەڕاست (AATUHAY-DER) و کۆمەڵگەی پارێزەرانی ئازادی (OHD) بە دروشمی 'ئازادی بۆ زیندانیانی نەخۆش" لە پارکی ئینۆنۆی شارەکە چالاکیان ئەنجامدا. لە گردبوونەوەکەدا کەسوکاری زیندانیان، نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شارەکە بەشدار بوون. یاشار دەمیر، بەڕێوەبەری لقی ئەدەنەی دەم پارتی، دەقی بەیاننامە هاوبەشەکەی خوێندەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە گۆشەگیری سەپێنراو، سزای هەڕەمەکی، پێشێلکردنی مافی ژیانی زیندانیانی نەخۆش کرا و ڕاگەیەندرا سیستەمی زیندانی هەتاهەتایی پێچەوانەی بنەماکانی دەوڵەتی یاسایە.

یاشار دەمیر ئاماژەی بەوەشکرد، تاکە دامەزراوەیەک کە دەتوانی ڕاپۆرتی باوەر پێکراو ئامادە بکات، پزیشکی دادوەرییە و وتی: "ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی پزیشکی دادوەری ببێتە دامەزراوەیەکی بەرژوەندخواز و دوور لە ڕاستی. پزیشکی دادوەری دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن نییە. ئەم دۆخە، بەگوێرەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانەیە."

دەمیر لە درێژەی قسەکانیدا داوای ڕاگرتنی سزا سەپێنراوەکان و ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆشی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە نابێت پزیشکی دادوەری تاکە دامەزراوەی بڕیاردەر بێت لەو بارەوە و پێویستە کردەوەی هەڕەمەکی دەستەی بەڕێوەبەری و چاودێری کۆتایی پێ بهێنرێت.

لە کۆتاییدا بە ئاماژەدان بە وتنەکانی رێبەر ئاپۆ سەبارەت بە "قبووڵکردنی سیاسەتی دیموکراتیک و ڕەهەندی یاسایی"، وتی: "بەم قسانە، ئیرادە و پێداگری خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نیشانداوە، سەپاندنی گۆشەگیری ڕەها بەرامبەر بە بەڕێز ئۆجالان نەک تەنها پێشێلکردنی مافی تاکە کەسیە، بەڵکو بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم داهاتووی دیموکراتیک بوونی تورکیا و پرۆسەی ئاشتی، پێویستە سیستمی گۆشەگیری سەپێنراو لە ئیمرالی کۆتایی پێبێت و هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان بەجۆرێک بگۆڕدرێت کە بتوانێت بە شێوەیەکی کارا بەشداری لە بەدیهێنانی ئاشتیدا بکات لە تورکیا و پێکهێنانی سیستەمی پێکەوەژیان لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان و دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا، هەروەها پێویستە پرۆسەی هەموارکردنەوە و ڕفۆرم لە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەستپێبکرێت، بەتایبەتی لە زیندانەکاندا کردەوە هەڕەمەکی و جیاکارییەکان دەستبەجێ کۆتایی پێ بهێندرێت."

لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە هەموو کۆمەڵگا و ڕای گشتی دەکەین بەرامبەر بە پرسی پێشێلکردنی مافەکان بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوت بکەن و لە پێناو دەوڵەتێکی دیموکراتیک و یاساییدا، بەرپرسیاریەت لە ئەستۆ بگرن."