شاندێکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سەردانی دیمەشق دەکەن

ئەبو عومەر ئەل-ئیدلیبی فەرماندەی هێزەکانی باکووری دیموکراتیکی سەربە قەسەدە ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی (٣٠ ئایار) شاندێکی ڕۆژئاوا دەچنە دیمەشق.

ڕاگەیاندراوە ئامانجی شاندەکە بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادارە کە نێوان فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی و سەرۆککۆماری کاتی سووریا واژۆکراوە.

ئەبو عومەر ئیدلیبی لەسەر هەژماری خۆی لە دیجیتاڵ میدیا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە بە سەردانیکردنی شاندەکە جەخت لەسەر ڕێککەوتنەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەکرێتەوە. ئیدلیبی ئەم هەنگاوەی وەک 'پێشهاتێکی گرنگی وەسفکرد بۆ بەهێزکردنی یەکێتی سووریا و ئاسایشی ئەمنی وڵاتەکە."

پێشتر لە کۆبوونەوەی ١٢ی نیسانی نێوان فەرماندەی گشتی هێزەکانی قەسەدە مەزڵوم عەبدی و بەرپرسانی حکومەتی دیمەشقدا، ئەندامانی کۆمیسیۆنی باکوور و  ڕۆژهەڵاتی سووریا دیاریکرابوون و  بریتین لە؛ فۆزا یوسف، عەبدولحەمید ئەل مەحباش، ئەحمەد یوسف، سەنحاریب بارسوم و سۆزدار حاجی.

هەروەها مەریەم ئیبراهیم و یاسر سولەیمانیش وەک وتەبێژی کۆمسیۆن دیاری کرابوون، ئەو شاندەی کە سەردانی دیمەشق دەکەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەکەن.

چارەسەری هەمیشەیی

ئیدلیبی باسی لەوەشکردووە هیودارن ئەم پرۆسەیە زەمینەسازی بۆ چارەسەرییەکی بەرفروان بکات و ڕایگەیاندووە سەردەمی نوێ هیوایەک بۆ 'سووریایەکی یەکگرتوو' دێنێتەئاراوە.