بانگەوازە میژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ و بڕیارەکانی کۆنگرە میژووییەکەی پەکەکە تا دێت لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی لەلایەن فەیلەسوفان و ڕۆشنبیرانەوە پشتگیری زیاتری لێ دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدا لە کۆتا دیداری ئیمراڵییدا ڕێبەر ئاپۆ بە پەیامێک لە کەسێتی فەیلسوفان ئالان بادیۆ و سڵاڤۆی ژیژەکدا سوپاسی پشتگیردانی هەموو ڕۆشنبیر و فەیلەسوفانی کرد بۆ پڕۆسەکە.
لە بەردەوامی پشتگیرکردنەکاندا فەیلەسوفی فیمینیستی فەرەنسی کاترین مالابۆ و فەیلەسوف و بیرمەندی فیمینیستی ئوستورالی ئێلیزابێس گرۆز پەیامێکیان بڵاوکردەوە و پشتگیری خۆیان بۆ بانگەوازییە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ و بڕیارەکانی پەکەکە و هەوڵەکانی ئاشتی دووپات کردەوە.
پەیامی فەیلەسوفی فیمینیستی فەرەنسی کاترین مالابۆ بەم شێوەیە:
"پەکەکە بە هیوای ئەوەی پێشەنگایەتی بکات لە بونیادنانی دیموکراسییەکی ڕاستەقینەی گشتگیر کە پارێزگاری لە فێمینیزم، ئیکۆلۆژیا و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بکات لە تورکیا، بڕیاری خۆ فەسخکردنی دا تا ئەوەی ئەم ئامانجەی لەڕێگەی دیالۆگ و ئامرازی سیاسیەوە بەدی بهێنێت. ئەم بڕیارەی پەکەکە هەوڵدانێکی بەرپرسیارانەیە کە شایەنی پیاهەڵدان و پشتگیرییەکی مەزنە... بە دڵنیاییەوە ئاشتی سەنگینترین ڕێگەی سیاسییە و سوودەکانی لەبەرچاوە کە کۆتایی بە تێکۆشانێکی چەکداری دێنێت کە بووە بە هۆکاری مردنی هەزاران کەس...
ئەم شکۆ مەزنە کە گەلی کورد لە تورکیا و دەرەوەی تورکیادا لە نێو ئازاری فرمێسکی چاوەکاندا ئافراندی، بەهۆی بوێری پەکەکەوەیە... هیوادارم ئەمە ببێتە هۆکاری شێوە پێکەوەژیانێکی نوێ، هەروەها دۆخێکی وا بڕەخسێنێت کە ئیدی ئیرادەی کوردان بە تاوان نەبینرێت و دانی پێدا بنرێت."
پەیامی فەیلەسوف و بیرمەندی فیمینیستی ئوستورالی ئێلیزابێس گرۆز بەم شێوەیە:
"لە هیوا و جۆشێکی مەزندام، لەبەرئەوەی حکومەتی تورکیا لە تورکیا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهاندا لەگەڵ گەلی کورددا لە دانوستاندایە... سڵاو و چەپڵەبارانی مافی هەموو کەسێک دەکەم بۆ دانپێدانان، بیستن، گۆڕانکاری بۆ کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخوازانە، فرە چاندی، دیموکراتیک و جێشكۆ.