بانگەواز لە ڕێکخراوەکانی چاپەمەنی نێونەتەوەیی کرا، دژی هێرشەکان دەنگ هەڵبڕن

دەفەگە و مەکەگە و دیسک پەیوەست بە شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، لە ئامەد ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان خوێندەوە و بانگەوازیان لە ڕێکخراوەکانی چاپەمەنی نێونەتەوەیی کرد، دژی هێرشەکانی تورکیا بەرامبەر چاپەمەنی ئازاد دەنگیان هەڵبڕن.

لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی سەیدسادقی سەر بە سلێمانی لە باشووری کوردستان، ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون، شەهیدکردنی دوو ڕۆژنامەنووسەکە شەرمەزارکرا.

کۆمەڵەی ژنانی میزۆپۆتامیا (مەکەگە) و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات (دەفەگە) و دیسک باسن- ئیش لەبەردەم بینای دەفەگە لە ئامەد ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان خوێندەوە، پەرلەمانتاران جەیلان ئاکچا و مەرال دەنیش بەشتاش و محەمەد ڕوشتو تریاکی و نوێنەری ڕێکخراو و ڕۆژنامەنووسان بەشداربوون.

هەرچەند پۆلیس بەردەم بیناکەیان گەمارۆدا و هەوڵیاندا ڕێگری بکەن، بەڵام چالاکوانان گوێیان پێ نەدا و درووشمی "چاپەمەنی ئازاد سەرکوت ناکرێت"یان بەرزکردەوە.

بەڕێوەبەری مەکەگە ئایسەل ئیشک هێرشی سەر چاپەمەنی ئازادی شەرمەزار کرد و گوتی: "بانگەواز لە ڕای گشتی نێونەتەوەیی دەکەین دەستبەجێ بەرامبەر هێرشە سیستەماتیکەکان بوەستێتەوە".  

ئیشک ڕایگەیاند ئامانج لە هێرشەکان سەرکوتکردنی دەنگی گەلە و پەدەکە هاوکاری هێرشەکانە. جەختی کردەوە بە پێداگرییەوە دژی هەموو هێرشەکانی سەر چاپەمەنی ئازاد، تێدەکۆشن.

هەروەها بانگەوازی لە ڕێکخراوەکانی چاپەمەنی و پارێزەرانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی کرد و گوتی: "دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر چاپەمەنی ئازاد، دەنگتان هەڵبڕن".

ڕاگەیاندراوەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.