باقرخان: ڕێککەوتن دەبێت ببێتە دەقێکی نووسراوی یاسایی

تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند کە 'یاسای خوشک و برایەتی' هەمان 'یاسای یەکسانی'یە و وتی: "پێویستە ڕێککەوتنێک بکرێت و ئەمەش بکرێت بە 'دەقێکی نووسراوی یاسایی'.

پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) "کۆبوونەوەی کاتی بەڕێوەبەری هەرێمی دیموکراتیکی" خۆی لە ناوەندی کۆنگرەی کەلتووری ئامەد ئەنجامدا.

کۆبوونەوەکە بە دروشمی "لە بەڕێوەبەری هەرێمی دیموکراتیکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک" بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی شار و پارێزگاکان بەشداربوون.

دۆغان خاتوون، هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد لە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند؛ ئەوان لە ڕووی خزمەتکردنی گەل و هەم لە بواری ئاشتیەوە گەشبینن.

 دۆغان خاتوون وتی: "لەم پرۆسەیەدا کە باس لە ئاشتی، دیموکراتیزەکردن و بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەین، بێگومان بەرپرسیارێتی دامەزراوە هەرێمیەکان زیاتر دەبێت. بۆیە دەبێت بە بەرپرسیاریەتەوە دامەزراوە هەرێمیەکان بەهێز بکرێن، هەروەها پەیوەندییەکان لە گەڵ کۆمەڵگا و گەل لە پێشی هەموو شتێکەوە بێت."

چیتر سیستەمی جیهانی بەو شێوەی نامێنێتەوە

تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە وتارەکەیدا وتی: "شەڕەکان هەروەک لە هەموو جیهان ڕوودەدەن، لە تەنیشت ئێمەش بە هەمان شێوە لە ئارادایە، ئەو ڕاستییەی کە چیتر سیستەمی جیهانی بەم شێوەیە نامێنێتەوە، ڕاستییەکە. بۆیە وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستمان بە ئاشتی جیهانی و هەرێمیە" و دووپاتی کردەوە کە ئەوان خاوەنداری لە ئاشتی دەکەن.

هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی نوێ

باقرخان لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی تورکیا و کوردان مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە و جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت سەر لەنوێ ئەم پەیوەندییە لاوازبووە بەهێز بکرێتەوە.

باقرخان رایگەیاند: "بەڕێز ئۆجالان لەسەر ئەم بنەمایە لە دوایین کۆبوونەوەیدا باسی لە 'یاسای خوشک و برایەتی و هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی نوێ'ی کرد. لەسەر ئەو دوو چەمکە ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لە شەڕ و ململانێەکان و بنیاتنانی پێکەوە ژیانی ئەخلاقی و سیاسی دەکرێت. یاسای خوشک و برایەتی، وەک بەرێز ئۆجالان دەڵێت: "یاسای یەکسانییە، پێکەوەژیانی یەکسانە لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیکدا."

دەقێکی نووسراوی یاسایی

باقرخان لە بەردەوامیدا وتی: "لە ڕاستیدا دەزانن هەوێنی پرسی کورد چییە؟ ئەوەیە کە بەساڵانە بە بیانووی جۆراوجۆر پرسی کورد گفتوگۆی لەسەر دەکەین، بەڵام قەت نەگەیشتووینە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و ئەمەش نەکراوەتە دەقێکی نووسراوی یاسایی."

دابینکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی کاری پەرلەمانە

باقرخان ڕایگەیاند کە پەرلەمان چوارچێوەی یاسایی دابین دەکات و وتی: "بۆچی پەرلەمان؟ چونکە ئاشتی بەتەنها بە دەربڕینی نیازپاکی بەدی نایەت، بەڵکو دەبێت بە یاسا مسۆگەر بکرێت، بۆیە دەڵێین ئەرکی پەرلەمانە."

باقرخان لە کۆتاییدا وتی: " دەبێت ئەو قەیومانەی لەسەر شارەوانیەکانمان دانراون، بکشێننەوە. هەروەها بەڕێوەبەرییە هەرێمیەکان وەک ئاوێنەیەک، پردێک، نەخشە ڕێگایەک لە بواری هەرێمی دیموکراتیکەوە بەهێز بکرێت."