باقرخان: ئەمە بانگەوازی گۆڕان و گۆڕانکارییە
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت "مێزی چارەسەر" بنیات بنێت، گوتی: "بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان، بانگەوازی گۆڕان و گۆڕانکارییە".
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت "مێزی چارەسەر" بنیات بنێت، گوتی: "بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان، بانگەوازی گۆڕان و گۆڕانکارییە".
ڕێکخستنی دەم پارتی لە هۆڵی لالەی ناوەندی کەلتووری شارەوانی مانیسا، کۆنگرەی ئاسایی خۆی بەست.
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان، پاش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکان و پیشاندانی سینڤزیۆنێک قسەی کرد و ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ بۆ بنیاتنانی "مێزی چارەسەر" کاردەکات.
باقرخان تیشکی خستەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چەکدانانی پەکەکە و گوتی: "ئەم بانگەوازە گەلێک بەنرخ و واتادارە".
داری "تیرۆر" لەدەستی دەوڵەت دەردەهێنێت
باقرخان گوتی: "بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی گۆڕان و گۆڕانکارییە. بەڕێز ئۆجالان بە دەوڵەت و زیهنیەتی نکۆڵیکار دەڵێت "خۆتان بگۆڕن". بەڕێز ئۆجالان بە کرێکار و هەژاران و بندەستان دەڵێت "خۆتان ڕێکبخەن". بەڕێز ئۆجالان دەڵێت "کاتی تێکۆشان، پێویستی بە زمان و شێواز و پراکتیک و چالاکییە". بەڕێز ئۆجالان بۆ سیاسەت و دەوڵەت و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی تورکیا بانگەوازی گۆڕان و گۆڕانکاری دەکات. ڕێکخستنێک هەڵدەوەشێنێتەوە کە ٥٠ ساڵە تێدەکۆشێت و دەڵێت: "خۆتان بگۆڕن". ئەو ئامرازە لادەبات کە ٥٠ ساڵە وەک پاساوێک بۆ ڕێگرتن لە تێکۆشانی ماف بەکاردێت. واتە داری تیرۆر لە دەستی دەوڵەت دەردەهێنێت".
چۆن بگەین بە ئامانج؟
باقرخان ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت هاوپەیمانی کورد و تورک درووست بکات، پێویستە دەوڵەت و دەسەڵات و کۆمەڵگەی دیموکراتیک گوێ لەم بانگەوازە بگرن، گوتی: "لە بانگەوازەکەی ئۆجالاندا هیچ مەرج و داخوازییەک نەبوون. بۆ چەکدانان، تیشکی خستەسەر پێویستی دیموکراتیک. پێویستە ئەم هەنگاوە بگاتە ئامانج".
پێویستە نەخشەڕێ دابنرێت
هەروەها بانگەوازی لە ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل و سیاسەتمەداران کرد لە سەدەی دووەمی کۆماردا نەخشەڕێگایەک بۆ کۆماری دیموکراتیک دابنێن.
پاش قسەکانی باقرخان چەند ڕاپۆرتێک خوێنرایەوە. لە هەڵبژاردنەکەدا ئەڤین گونسەل و کەرەم تایلان وەک هاوسەرۆکانی نوێی شارەکە هەڵبژێردران. پاش کۆنگرەکە، دامەزراندنی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی مانیسا ڕاگەیاندرا.