بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە لە چەند شارێک چالاکی ئەنجامدرا

لە شەرناخ و ئامەد و ئیستەنبوڵ لە چوارچێوەی ١٥ ی ئایار، جەژنی زمانی کوردی چالاکی ئەنجامدرا.

لە شەرناخ و ئامەد و ئیستەنبوڵ لە چوارچێوەی ١٥ ی ئایار، جەژنی زمانی کوردی چەند چالاکییەک ئەنجامدرا.

شەرناخ

بە بەشداری ڕێکخراوەکان و پارتەکان و پەرلەمانتاران، لە شەرناخ بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە بە درووشمی "ستاتۆی کوردی، پەروەردەی کوردی" ئاهەنگ و ڕێپێوان ئەنجامدرا و ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە.

لەبەردەم قوتابخانەی فەقێی تەیران، هاووتەبێژی لیژنەی زمان و کەلتوور و هونەری دەم پارتی هەڤاڵ دلبەهار ڕایگەیاند بە داخوازی ستاتۆی کوردی و پەروەردەی کوردی چالاکیان ئەنجامداوە، تیشکی خستەسەر ڕۆڵی فەقێی تەیران لە پێشخستنی زمانی کوردی، گوتی: "بەڵێن دەدەین، ڕێگە نادەین ئاڵای زمانی کوردی لەبن پێی داگیرکەران بمێنێتەوە. ئاڵای زمانی کوردی لە هەموو جێیەک بەرزدەکەینەوە".

دەقی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکە لەلایەن هاوسەرۆکی جودی_دەر ئەڤین کۆلجا خوێنرایەوە، تێیدا جەختکرایەوە لەسەر پاراستنی زمانی کوردی، گوترا: "زمانەکەمان بناغەی یەکێتیی نەتەوەییە، کلیلی ئازادیمانە، هێڵی سووری ئێمەیە. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دووپاتی دەکاتەوە "مەسەلەی زمانی دایک هێندەی نان و ئاو گرنگە".

هەروەها تیشکی خستەسەر بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، ڕایگەیاند تا هەموو مافەکانی زمانی و کەلتووریی و سیاسیی و یاسایی و خۆبەڕێوەبەری گەلی کورد قبووڵ نەکرێت، ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەدی نایەت، بۆ ئەمەش دەبێت گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ هەڵبگیرێت.

داواکارییەکان بەم جۆرە خرانەڕوو:

_ دەبێت لە دەستوور و یاسادا، دان بە زمانی کوردیدا بنرێت.

_دەبێت لە قوتابخانەوە تا زانکۆ، پەروەردە بە زمانی کوردی هەبێت.

_دەبێت هەموو قەدەغە و ئاستەنگەکانی بەردەم گەلی کورد هەڵبگیرێت، دەبێت لە هەموو شوێن و دامەزراوە فەرمیەکان و لەنێو کۆمەڵگە و ژیانی ڕۆژانەدا، ئازادانە زمانی کوردی بەکاربهێنرێت.

_ ئەو شوێنانەی ناویان گۆڕاوە بۆ تورکی، ناوە ڕاستەقینەکانیان بگەڕێنرێتەوە.

چالاکییەکە بە هەڵپەڕکێ و بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.

ئامەد

لە ئامەدیش کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و کەلتووری میزۆپۆتامیا (مەد_دەر) و شارەوانی پیران بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردی لە گوندی حیمبلە چالاکییەکیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا وانەی پیتی زمانی کوردی پێشکەشکرا و گۆرانی کوردی گوترایەوە.

ئیستەنبوڵ

ناوەندی کەلتووری میزۆپۆتامیا (نەچەمە)، کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کودی و قوتابخانەی مۆسیقای عەگید جەمۆ، لە کادیکۆی ئیستەنبوڵ چالاکییەکی ئەنجامدا.

وۆرک شۆپێک بۆ منداڵان ئەنجامدرا و چالاکییەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ بەردەوام بوو.

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی ڕەمزیە ئالپ‌ئارسەلان ڕایگەیاند زمان ئایندە و ناسنامەیە و دەبێت خاوەنداری لێ بکرێت.

خەباتکاری نەچەمە، مزگین دوروک ڕایگەیاند دەبێت زمانی خۆمان بپارێزین، چونکە زمان ناسنامەی ئێمەیە.

پەرلەمانتاری دەم پارتی سومەیە بۆز، ڕایگەیاند درێژە بە خەبات دەدەن لە بواری زماندا.

چالاکییەکە بە پێشکەشکردنی گۆرانی و نمایشکردنی کورتەفیلمی "چەرخ" کۆتایی هات.