بەمەبەستی سەردانکردنی ئیمراڵی داواکارییەکی بەپەلە ئاراستەی سی پی تی کرا

پارێزەرانی رێبەر ئاپۆ لەپێناو سەرداکردنی زیندانی ئیمراڵی داواکارییەکی بەپەلەیان ئاراستەی سی پی تی کرد.

نوسینگەی یاسایی سەدە لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی جارێکی تر داواکاری ئاراستەی کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا (سی پی تی) کرد. بە گوێرەی هەواڵێکی عومەر ئیبراهیمئۆغڵو لە ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، لە داواکارییەکەدا بۆ دیدار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ و سێ زیندانی دیکەی ئیمراڵی، ئاماژە بە رووداو و داواکارییەکانی مانگەکانی ئاب، ئەیلول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم دراوە.

لە داواکارییەکەدا راگەیەندراوە کە لە ماوەی ٤ مانگدا ٣٤ داواکاری پارێزەران، ١٨ جاریش داواکاری بنەماڵەکان بۆ دیدار بەرزکراوەتەوە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە. لە داواکارییەکەدا هاتووە، لە نێوان ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ تا ٢٣ی تشرینی یەکەمدا هیچ هەواڵێک لەبارەی زیندانیانی ئیمراڵی بەردەست نەبووە و ٢٣ی تشرینی یەکەم عومەر ئۆجالان لە چوارچێوەی دیداری بنەماڵەکاندا سەردانی ئیمراڵی کرد و ئەوە خراوەتەروو، "لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە رێگە بە سەردانیکردنی زیندانی دوورگەی ئیمراڵی نەدراوە.".

کۆبوونەوەی کۆمیتەی وەزیران بەبیرهێنرایەوە

لە سەرلێدانەکەدا ئاماژە بە بڕیاری 'پێشێلکاری' دراوە کە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی رێبەر ئاپۆ لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٤ دەریکردبوو و ئەوە بە بیر خرایەوە کە ١٠ ساڵ بەسەر بڕیارەکەدا تێپەڕبووە، بەڵام تورکیا هێشتاش هەنگاوی نەناوە. لە داواکارییەکەدا ئەوەش بە بیرخراوەتەوە کە کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا تا ئەیلولی ٢٠٢٥ هەنگاوێکی ئەرێنی هەڵناگرێت و فەرمانی کردووە بە سکرتاریەت کە رەشنوسی بڕیارێکی نێوەندکاری ئامادە بکات. لەم ئاستەدا دیارنییە کە تورکیا بە گوێرەی یاسای نێونەتەوەیی هەنگاوی گونجاو لەسەر ئەو بابەتە هەڵدەگرێت یاخود نا".

لە داواکارییەکەدا بە بیریش هێنراوەتەوە کە سزای زیندانی هەتاهەتایی دژوار لەلایەن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاوە وەک 'ئەشکەنجە' پێناسە کراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو کە سی پی تی لە پرسی زیندانی ئیمراڵیدا دەبێت بە شێوەیەکی 'هەستیارانە' مامەڵە بکات. لە داواکارییەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، کە لە زیندانی ئیمراڵی لە کۆنەوە تائێستا هەنگاوێک بە ئاراستەیباشترکردنی دۆخەکە نەنراوە و ئەوەش خرایەڕوو، کە سی پی تی راپۆرتی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئاشکرا نەکردووە و ئەوەش بووەتە مایەی ئەوەی دۆخی 'ئەشکەنجەدان' بەردەوام بێت.

داواکارییەکان

ئەم داواکارییانەش خراونەتەڕوو:

"هەلومەرجیی هەنوکەیی لە ئیمراڵی لە دوا سەردانتانەوە لە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢ تائێستا لە دۆخێکی نادیاردایە و رۆژ لە دوای رۆژ دژوارتر دەبێت. لەماوەی دوو ساڵدا بارودۆخەکە پەڕیوەتەوە بۆ ئاستێکی نوێ. هەربۆیە دەمانەوێت کە ئێوە سەردانی زیندانی ئیمراڵی بکەنەوە.

بۆ ئەوەی هەلومەرجی زیندانیکرانی سزادراوان بە گوێرەی شکۆی مرۆڤایەتی بێت، دەبێت مافی پەیوەندی ئەوان لەگەڵ جیهانی دەرەوە بە تایبەتی دیداریان لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکانیان مسۆگەر بکرێت، مافی زانیاری وەرگرتنیان گەرنتی بکرێت، کۆتایی بە سزای دیسپلین بهێندرێت و کۆتایی بە قەدەغەی دیدار لەگەڵ پارێزەران بهێنرێت، لەوپێناوەشدا دەبێت هەوڵەکانتان بخەنەگەڕ.

ئێمە داواکارین لە ئێوە لە پێناو کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجە، نەهێشتنی هەلومەرجی مامەڵەی خراپ و نامرۆڤانە رێکار بگرنەبەر، هەربۆیە رێکاری خاڵی ١٠/٢ی پەیماننامەکەتان دەستپێبکرێت و رابگەیەندرێت، ئەگەر سەردانی پارێزەران و بنەماڵەکان لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجام نەدرێت، بە تایبەتی تێبینییەکای سەردانی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢، هەموو چاودێری و تێبینییە گشتیەکانی پێشتر پەیوەست بە رژێمی گۆشەگیری نائاسایی لە ئیمراڵی، بۆ رای گشتیی بڵاوبکەنەوە و راپۆرتی سەردانەکەی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە چوارچێوەی پرۆسێس و رێکارەکاندا ئاشکرا بکرێت".