دەم پارتی: بە کردنەوە دەرگاکانی ئیمراڵی، ئاشتی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە

پەرلەمانتارانی دەم پارتی هێرشە داگیرکەرییەکانیان لە بەردەم پەرلەمان شەرمەزار کرد. پەرلەمانتاران رایانگەیاند: "دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە. بە کردنەوەی دەرگاکان ئاشتی ناوچەکە و تورکیا دەگرێتەوە".

سەرۆک فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) گوڵستان کلیچ کۆچییگیت و سەزایی تەمەلی و پەرلەمانتارانی پارتەکە، لە پەرلەمان هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و گروپە ملیشیاییەکانی سەر بەو دەوڵەتەیان بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد. چالاکییەکە لە دەروازەی راگەیاندنی پەرلەمان سازکرا. لە چالاکییەکەدا نوسراوەکانی "شۆڕشی رۆژئاوا شۆڕشی ژنانە"، "بژی بەرخودانی رۆژئاوا"، "رۆژئاوا شکۆی ئێمەیە" و " گەلانی رۆژئاوا بە تەنیا نین" بەرزکرانەوە.

سەزایی تەمەلی لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و وتی، رووخانی رژێمی ئەسەد بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیوایە، بەڵام بۆ گەلانی سوریا هیوا نییە. تەمەلی ئاماژەی بە هەڵوێستی تورکیا لە سەر پرسی سوریا کرد و وتی، "پەرەسەندنەکان لە سوریا قەیرانی ئێستا قووڵتر دەکاتەوە و مەترسییەکانی سەر گەلان زیاتر دەکات".

تەمەلی باسی لەوەکرد کە لە پێناو ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت کۆتایی بە پێکدادانەکان بهێندرێت و دەبێت تورکیاش لەو چوارچێوەدا هەنگاو بنێت. تەمەلی لەبارەی قسەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک کە وتبووی"هەندێک خۆیان نوێ دەکەنەوە" وەڵامی دایەوە و وتی: "ئێمە بە وەزیری دەرەوە دەڵێین ئەوەی کە دەبێت نوێ بکرێتەوە سیاسەت و عەقڵیەتی ئێوەیە. سەرباری قەیرانی ١٣ ساڵەی سوریاش هیچ وانەیەک فێرنەبوون و هەوڵ دەدەن ناسەقامگیری درێژە پێبدەن. بەناو سوپای ئازاد و سوپای نەتەوەیی سوریا پاشماوەی داعش، ئەلنوسرە و رێکخراوە تیرۆریستیەکانی دیکەن. ئێوە لەگەڵ ئەوان سیاسەت دادەڕێژنەوە و ئەوەش نالۆژیکییە. تاکە هێزێک کە لەوێ دەتوانێت دیموکراتیکبوون مسۆگەر بکات و رێگە لەبەردەم سەقامگیری بکاتەوە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیکن. گفتوگۆ، ئاشتی و پرۆسەی دانوستان لەگەڵ ئەوان بۆ داهاتووی سوریا و هەرێمەکە باش دەبێت. ئەگەر ئێوە باسی نوێبوونەوە دەکەن، بە تەواوەتی لەوێ بۆی بگەڕێن. ئەوانەی ئەو هەرێمە دەکەنە ئامانج، سەریان لە بەرد دەدەن و لە لیتاودا دەچەقن".

تەمەلی بەم جۆرە بەردەوام بوو: "لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا جارێکی دیکە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش زیاد بووە. هۆکاری ئەوەش کردنەئامانجی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە. بەڵام ئێمە بۆ تورکیا و سوریا داوای ئاشتی دەکەین. رێگەی ئاشتیش هەنگاونانە لە تورکیا. کە ١ی تشرینی یەکەمەوە ئێوە باسی دەستی ئاشتی دەکەن. ئەگەر خواستی کردنەوەی دەرگای گفتوگۆتان هەبێت، کەواتە سەرەتا دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە. بەوەس با رێگەی ئاشتی لە تورکیا و هەڕێمەکە بکرێتەوە. ئێمە جارێکی دیکە داوا لە دەسەڵاتداری دەکەین؛ لەم سیاسەتە هەڵەیەتان پاشگەز ببنەوە و لەپێناو هاوپەیمانی کورد- تورکدا رێگەی ئاشتی بکەنەوە".

تەمەلی داوای لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کرد کە پێکەوە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی هەڵسەنگێنن و لەگەڵ گەلانی کورد و تورکیا و کرێکاران یەکدەنگبن.

هەروەها گوڵستان کلچ کۆچیگیت سەرنجی خستەسەر پێشهاتەکانی سوریا و ڕایگەیاند؛ لە بێدەنگی حکومەتەوە دەبینن کە پەیوەندییان لەگەڵ هەتەشە هەیە. گوڵستان کلچ  وتی: "لە ٨ی کانوونی یەکەم بەدواوە تاوانی شەڕ لە سوریا ئەنجام دەدرێت، عەلەویەکان دەکوژرێن و بێسەرو شوێن دەکرێن. قبووڵکراو نییە تورکیا لە سوریا دەستوەردان بکات و ببێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکە، بەڵکو پێویستە ڕۆڵی لە ئاشتی و دیموکراتیزەکردندا هەبێت. هەروەها پێویستە لەگەڵ هەموو گەل و پێکهاتەکان لەسەر ئایندەی سوریا دەست بە دانوستان بکرێت.

گوڵستان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد: "تورکیا گروپی سمۆ کە ماوەیەکی زۆرە بەخێویان دەکات لە هەموو بوارێکەوە دژی کورد و هەرێمەکانی ڕۆژئاوا بەکاریان دەهێنێت. ئایا کەس بینیویە کە سمۆ لەگەڵ هەتەشە شەڕ بکات؟ نەخێر تەنها دژی گەلی کوردە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە کورد فۆبیای تورکیایە و سەرچاوەی هەموو سیاسەتەکانیە. ئەمەش خزمەت بە چارەسەری کێشەکان ناکات. گەلان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهایەکی زۆریان داوە. هیچ جیاوازییەک لە نێوان هێرشکردنە سەر کۆبانێ و قامیشلۆ و حەسەکە و  کوردانی لێرەدا نییە.

ئێوە ناتوانن لە ناوەوە باسی ئاشتی بکەن و لە دەرەوە هێرش بکەنە سەر کوردانی ڕۆژئاوا. ناتوانن لە ناوەوە دەستی ئاشتی درێژ بکەن و لەو دیو سنوورەکانەوە بۆردومانی کوردان بکەن. ئەگەر دەتانەوێت پرسەکە چارەسەر بکەن، ئەگەر خوازیاری ئاشتی و چارەسەرین، دەبێت دەستی کوردان لە تورکیا و ڕۆژئاوا بگرن.

هەر جار داوای؛ 'دەمانەوێت لەگەڵ تورکیا دەست بە گفتوگۆ بکەین، کێشەمان لەگەڵ تورکیادا نییە' دەکرێت، لەجیاتی ئەوەی گوێیان لێبگرن دەبنە هەڕەشە بۆیان. کوردانی ڕۆژئاوا و گەلانی دیکە بۆ سەر تورکیا هیچ هەرەشە نین. ئاسایشی سنوورەکان بە تۆپ و درۆن ناپارێزرێت، بەڵکو بە سیاسەتی ئاشتیانە دەبێت. ئێمە ئەم کۆمەڵکوژییە قبوڵ ناکەین. دەبێت چەتەکانی سمۆ بکشێننەوە.

ئێمە وەک دەم پارتی لە دژی هێرش و کۆمەڵکوژی چەتەکانی سمۆ و لە گۆڕەپانەکەداین. ئێمە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە پرۆسەیەکی نوێی کۆمەڵکوژی نادەین. مەیدانی ئەزمونی ئاشتی تورکیا ڕۆژئاوایە. نزیکبوونەوەی ئێوە لەگەڵ کوردان جددیەتی ئێوە نیشان دەدات."