پرۆسەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەر ئاپۆ، کە لە ٩ی شوباتی ١٩٩٨ بە جێهێشتنی مەجبووری لە سوریا و ڕادەستکردنی بە تورکیا لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دەستی پێکرد، ئیستا ٢٦ ساڵە بەردەوامە. لایەنی دیکەی ڕژێمی بێ یاسا لە ئیمراڵی، سزای هەتاهەتایی توندە کە بە تایبەتی بۆ ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ کراوە. یانێ هەتا ئەو کاتەی ڕێبەر ئاپۆ دەستگیرکرا، هیچ بڕگە یاسایەک بۆ زیندانی هەتاهەتایی لە یاسای نێونەتەوەیی و یاسای سزادانی تورکیادا نەبووە. لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەی لە ئاستی یاسای پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا ڕوویدا وەک بەشێک لە سیاسەتی لەناوبردن جێبەجێکرا. یەکێک لە گرنگترین ڕۆژەڤی هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٣ دەستی پێکرد، 'مافی هیوا'ی ڕێبەر ئاپۆ بوو. مافی هیوا، کە لە بڕیارێکی دادگای دەستووری فیدراڵی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٧٧دا هاتووە، بڕیارەکە وەهایە کە ڕاگرتنی هەر کەسێک لە زیندان هەتا مردن کارێکی نامرۆڤانەیە. پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ چەندین داواکارییان سەبارەت بەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ بتوانێ سوود لەو مافە یانێ مافی هیوا وەربگرێت تۆمار کردووە. بەم پێیە کۆمیتەی وەزیرانی پەرلەمانی ئەوروپا لە ١٧-١٩ی ئەیلول کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و ساڵێک دەرفەتیان بە تورکیا داوە هەتا ئەو یاسایە هەموار بکاتەوە. دوابەدوای ئەو داواکارییە بوو کە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لە ٢٢ی تشرینی یەکەم، بۆ یەکەمجار، هەم گۆشەگیریی سەپێنراو بەسەر ڕێبەر ئاپۆ و هەم مافی هیوا لە لایەن خودی دەوڵەتی تورکیاوە خرایە بەر باسەوە.
سزای لەسێدارەدان لە ڕێگەی دادگایەکی فۆرماڵیتەوە دەرچووە
هەرچەندە لە ساڵی ١٩٨٤ەوە لە تورکیا، سزای لەسێدارەدان جێبەجێ نەکراوە، بەڵام لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا سزای لەسێدارەدان هێشتا لە یاسادا کارا بوو، کاتێک ڕێبەر ئاپۆ ڕادەست بە تورکیا کرا، لەو تۆمەتەدا کە داواکاری گشتی دادگای ئاسایشی دەوڵەت لە ژمارە ٣٥ لە ٢٤ی نیسانی ١٩٩٩دا تۆماری کردووە، بە ئاماژەدان بە ماددەی ١٢٥ی یاسای سزادانی تورکیا، داوای سزای لەسێدارەدانی بۆ ڕێبەر ئاپو کردووە. یانێ تا ٢٤ی نیسانی ١٩٩٩ دوای ڕادەستکردنی بە تورکیا کە دادگاییکردنەکان دەستیپێکرد، ڕێبەر ئاپۆ تەنها توانیویەتی ١٢ جار لەگەڵ پارێزەرەکانی دیدار ئەنجام بدات، کە بە گشتی ٧٣٩ خولەکە.
هەرچەندە رێبەر ئاپۆ لە دانیشتنی دادگا ئامادە نەبوو، بەڵام دانیشتنەکانی دادگا لە ٢٤ و ٣٠ی ئادار لە دادگای ئەمنیەتی دەوڵەت لە ئەنقەرە ژمارە ٣٥ بەڕێوەچوو. دواتر دانیشتنەکان لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی بەردەوام بوون. دوای یەکەمین کۆبوونەوەی ٣١ی ئایار کە ڕێبەر ئاپۆ ئامادەی بوو، ٧ دانیشتنی دیکەی نمایشی ئەنجامدرا. دواتر سزاکە بۆ ٢٩ی حوزەیران دواخرا، کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی. هەرچەندە بڕیارەکە پێشوەختە درابوو، بەڵام بەزانا بوون لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٩٩دا سزای لەسێدارەدانەکە ڕاگەیەندرا.
سزاکە لەلایەن دادگای باڵا پەسەند کرا
دادگای باڵا لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٩٩دا بڕیاری خۆی لەبارەی تانەدان لە بڕیارەکە ڕاگەیاند و بە تەواوی سزای لەسێدارەدانی لە هەموو ڕوویەکەوە پەسەند کردەوە. ئەم بڕیارە لەنیو گەلی کوردەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە. کوردان لە کوردستان و لە سەرانسەری جیهان دژی ئەم بڕیارە ڕاپەڕین. لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠١دا هەموارکردنەوەیەک سەبارەت بە ماددەی ٣٨ی دەستوور یانێ سزای لەسێدارەدان جێبەجێکرا. بەم گۆڕانکارییە سزای لەسێدارەدان هەڵوەشایەوە، ئەویش لەکاتێکدا "هەڕەشەی تیرۆر و شەڕ" لەم هەموارکردنەوەدا جیا کرایەوە.
سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری چڕ کراوەتەوە
دەوڵەتی تورک سیستمێکی تایبەتی زیندانی هەتاهەتایی ڕەهای ئەشکەنجە و گۆشەگیری لە دژی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی خستە بواری جێبەجێ کردنەوە. سزای لەسێدارەدان هەڵوەشایەوە و لە شوێنیدا سزای هەتاهەتایی جێبەجێ کرا. تایبەت بڕگەیەک بۆ یاساکە زیاد کرا کە تێیدا هاتووە "سزادراوێک کە بە تاوانی تیرۆر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە و سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدراوە، دەبێت تەواوی ژیانی لە زینداندا بەسەر ببات". محەممەد عەلی شاهین، جێگری ئەوکاتی سەرۆکوەزیران، لە وتارێکدا بە ئاماژەدان بە رێبەر ئاپۆ، ڕایگەیاند کە بەپێی مادەی ١٧ئەگەری ئازادکردنی ئەو کەسانە هەیە کە دوای ٣٦ ساڵ سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
کوشتن نەک یەکجار بەڵکو هەموو ڕۆژێک
محەممەد عەلی شاهین، هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە کە ڕێبەر ئاپۆ کە لەو کاتەدا ٣ ساڵ و نیو لە زیندان بوو، دەکرێت بۆ ماوەی ٣٣ ساڵ و نیوێکی دیکە ئازاد بکرێت و ڕایگەیاند بەڵام هەوڵ دەدەن ڕێگری لەم کارە بەکەن. محەممەد عەلی شاهین، لە وتارەکەیدا وەک ئەندامی پەرلەمان ئاماژەی بەوەکرد "ئەگەر کەسێک لە سێدارە بدرێت، یەکجار دەمرێت؛ بەڵام ئەگەر سزایەکی قورسی پێ بدرێت، وەکوو ئەوە وایە هەموو ڕۆژێک بکوژرێت" بەم دەربڕینە بێ دادپەروەری دژی ڕێبەر ئاپۆی ئاشکرا کرد.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بریتانیای مەحکووم کرد
بەم گۆڕانکارییەی کە کۆنوانسیۆنی مافی مرۆڤی ئەوروپای پێشێل کرد، مافی هیوای لە ڕێبەر ئاپۆ سەندرایەوە. مافی هیوا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە دۆسیەی 'وینتر و هاوکارانیدا' خرایە بەرباسەوە. داگلاس گرای وینتر، جێرمی نێڤڵ بامبر و پیتر هاوارد مۆر' کە لە بەریتانیا سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێندرا، لە ١١ی کانوونی دووەمی٢٠٠٩ ، ١٧ی کانوونی دووەمی٢٠٠٩ و ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ داواکارییان پێشکەش بە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرد. لەم داواکارییەدا ئاماژە بە مادەی ٣ی ڕێککەوتننامەی ئەوروپای مافی مرۆڤ کراوە کە دەڵێت: "نابێت هیچ کەسێک ڕووبەرووی ئەشکەنجە، مامەڵەی نامرۆڤانە یان مامەڵەی خراپ بکرێت". لەم ڕاگەیاندراوەدا سەرنج ڕاکێشرایە سەر ئەوەی کە زیندانیکردنی مرۆڤ بەبێ مافی هیوای ئازادی، کردەوەیەکی پێچەوانەی شکۆی مرۆڤ و شکاندنە". دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، دوای لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکان، بڕیاریدا کە بریتانیا مادەی 3ی ڕێککەوتننامەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدانی پێشێلکردووە و بەوبۆنەوە بەریتانیای مەحکووم کرد. ئەم دۆخە لە مێژوودا بەناوی "مافی هیوا" تۆمار کرا.
بنەمای پێوانەکانی ماف
سەرەنج خستنەوە سەر چەمکی مافی هیوا بە مانای مۆدێرنیەوە لە بڕیارەکانی دادگادا بە بڕیاری دادگای دەستووری فیدراڵی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٧٧ دەستی پێکرد. دادگا لە بڕیارەکەیدا لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٧٧، بە جەختکردنەوە لەسەر مرۆڤدۆستی سزاکە، ڕایگەیاندووە کە نابێت زیندانی هەتاهەتایی ببێتە هۆی ئەوی زیانی دەروونی و جەستەیی بە زیندانیکراوەکە بگەیەنێت. جگە لەوەش، لە بڕیارەکەدا تۆمارکراوە کە لێخۆشبوون بەس نییە، بە ئاماژەدان بە بنەماکانی سەروەری یاسا، سەرنجی داوەتە سەر ئەو خاڵە کە بە چ مەرجێک دەتوانرێت سزاکە دوابخرێت. لە ژێر کاریگەری ئەم بڕیارەدا زۆرێک لە وڵاتان پێداچوونەوەیان بە سیستەمی سزادانیان کردووە و ئەم بنەمایە لە ئامرازە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤدا زیاتر بەکاردەهێنرێت. ئەمڕۆ مافی هیوا وەک بەشێکی گرنگی یاسای سزادان و مافی مرۆڤ وەرگیراوە. ئەم مافە بووەتە بنەمایەکی بنەڕەتی سیستەمی یاسایی مۆدێرن کە گرنگی بە پاراستنی شکۆی مرۆڤ و هێز و هیوا گەڕاندنەوە بۆ سزادراوان دەدەن.
پێویستە دەوڵەتی تورک دەست بە هەموارکردنەوەی یاسایی بکات
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە١٨ی ئاداری ٢٠١٤ بڕیاریدا کە سزای ڕەهای هەتاهەتایی کە بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا سەپێنراوە، پێچەوانەی بنەمای "مافی هیوا" بووە و ئەم دۆخە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئەوروپایە لە مافەکانی مرۆڤدا و داوا لە حکومەتی تورکیا کراوە لەو بارەوە دەست بە هەموارکردنەوەی یاسایی بکات. بەڵام سەرەڕای ئەم بڕیارانە، تورکیا لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەی ڕابردوودا هیچ هەنگاوێکی نەناوە. دوای ئەو داواکاریانەی کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" خراونەتەڕوو، کۆمیتەی وەزیرانی پارلمانی ئەوروپا، لە ١٧هەمینی دانیشتنی خۆیدا کە تا ١٩ی ئەیلول بەڕێوەچوو، دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ کردەوە. ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ئەوە بوو کە دوای ٣ ساڵ جارێکی تر پێداچوونەوە بەو بابەتەدا بکرێتەوە. بەو پێە کۆمیتەکە داوای لە تورکیا کرد بەبێ دواکەوتن پێویستە دەست بە هەموارکردنەوەی یاسایی بکات لەوبارەیەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک ئەنجام نەدرێت، ئەوا لە دانیشتنی ئەیلولی ٢٠٢٥دا دەست بە ئامادەکردنی بڕیارێکی کاتی دەکات.