بە دیمەن

ئاماری ٢٤ کاتژمێری شەڕەکانی قەسەدە: ٢٩ چەتە کوژراون

لە بەرخۆدانی ٢٤ کاتژمێری شەڕڤانانی قەسەدە لە دژی هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانییدا ٢٩ چەتە کوژران و ١٥ی دیکەش بریندار بوون، کۆگایەکی چەک تەقێندراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە تانک و ئۆتۆمبیل تێکشکێندراون.

هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) سەبارەت بە بەرخۆدانەكانیان و ڕووبەڕووبوونەوەی چەتەكانی دەوڵەتی تورك لە بەنداوی تشرین و دێرحەفر ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوكەدا هاتووە، بەرەبەیانی دوێنێ چەتەكان بە پاڵپشتی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی تورك هێرشیان بۆ سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین دەستپێكرد و بەچڕی بۆردوومانیان كرد، شەڕ و پێكدادانی توند لە نێوان شەڕڤانانمان و چەتەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك ڕوویدا.

'هەشت چەتە کوژراون و چەندانی دیکەش بریندار بوون'

ئاماژە بەوەشكراوە، چەتەكان هێرشیان بۆ سەر گوندی "خەربەت زەمانە" ئەنجامداوە، لە بەرامبەردا شەڕڤانانمان قارەمانانە هەموو هێرشەكانیان تێكشكاند و توانییان هەشت چەتە بكوژن و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بكەن.

هاوكات یەكینەكانی شەهید هارون ئۆتۆمبێلی چەتەكانیان لەناوبرد، بەڵام فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی داگیركەری تورك هێرشی كردە سەر خاڵێكی هێزەكانمان، خۆشبەختانە هیچ زیانێكی نەبوو، هەروەها چەتەكان جارێكی دیكە هێرشیان كردە سەر گردی سێرتیل، بەڵام دووبارە شەڕڤانمان هێرەشەكەیان تێكشكاند، لە ئەنجامدا ٢١ چەتە كوژران و ١٥ی دیكە برینداربوون.

چالاکی یەکینەکانی شەهید هاروون:

یەكەم- لە ناوبردنی سێ تانك

دووەم- لەناوبردنی سێ زرێپۆشی سەربازی

سێیەم- بە ئامانج كردنی چوار خاڵی كۆبوونەوەی چەتەكان

چوارەم- بۆردوومان كردنی كۆگایەكی تەقەمەنی چەتەكان

پێنجەم- دوو ئۆتۆمبێلی چەتەكان كە دۆشكەیان هەڵگرتبوو تێكشكێندران

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بەرەی دێرحەفر چەتەكان بۆردوومانی هێزەكانمانیان كرد، بەڵام هیچ زیانێكی ئەوتۆی لێنەكەوتەوە، هاوكات یەكینەكانی شەهید هارون  لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا دوو ئۆتۆمبێلی چەتەكانیان لە ناوبرد.

باس لەوەشكراوە، بەشێوەیەكی گشتی دوێنێ ٢٩ چەتەی سەر بەدەوڵەتی تورك كوژران و ١٥ چەتەی دیكە برینداربوون، هەروەها سێ تاك و سێ زریپۆش تێكشكێندراون، چوار خاڵی چەتەكان كراوەتە ئامانج، كۆگایەكی تەقەمەنی بۆردوومان كراوە، چوار ئۆتۆمبێلیش تێكشكێندراون.