فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند لەسەر بناغەی یەکسانی سوریییەکان لەڕووی ماف و ئەرکەوە، پشتگیری لە یەکێتی خاک و پێکهاتەکانی سوریا دەکەن.
فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم عەبدی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) کرد، گوتی: "وەک وەڵامێک بۆ ئەوانەی تۆمەتبارمان دەکەن بە پارچەکردن و دابەشکردنی سوریا، دیسانەوە دووپاتی دەکەینەوە ئێمە پێداگرین لەسەر پرەنسیپەکانمان. ڕایدەگەیەنین، لەسەر بناغەی یەکسانی سوریییەکان لەڕووی ماف و ئەرکەوە بەبێ جیاوازی، پشتگیری لە یەکێتی خاک و پێکهاتەکانی گەلی سوریا دەکەین. پشتگیری حکومەتی دیمەشق دەکەین و پێشوازی لە بەرفراوانکردنی ئیدارەی دەوڵەتی سوریا دەکەین، وە دەبینە بەشێک لێی لە تەواوی خاکی وڵات".
مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند وەک سورییەکان لەسەر بناغەی هاوبەشی نەوەک پشک پشکێنە، ئامادەین بە هەموو هێز و دامەزراوەکانی خۆمانەوە بەشداری لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بکەین، گوتی: "سامانەکانی ژێر زەوی موڵکی هەموو سورییەکانە. ئێمە ئامادەین ئەم سەرچاوانە بخەینە ژێر چاودێریی حکومەتی دیمەشق تاوەکو بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، لەسەر بناغەی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی سورییەکان دابەش بکرێت. بۆ بەجێگەیاندنی ئەم هەنگاوانە، پێویستمان بەوەیە لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق لەسەر نەخشەڕێگەیەک ڕێک بکەوین. تاوەکو هەنگاوی خێراتر بنێین".