ڕێبەری ڕۆحیی مسوڵمانە موەحیدەکان (دروزەکان) شێخ حیکمەت ئەلهیجری لە لێدوانێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند ئەو بڵاوکراوەیەی کە بڵاوکراوەتەوە گوایە ڕێگە دەدەن هێزەکانی حکومەتی کاتیی دیمەشق بچنە نێو سوەیدا، لەژێر فشاردا ئامادەکراوە و نوێنەرایەتی ئیرادەی ئەوان ناکات.
ئەلهیجری ڕووداوەکانی سوەیدای وەک ڕووداوگەلێکی پڕ لە ترس و نیگەرانی پێناسەکرد، ڕایگەیاند کە هەرگیز قبووڵی ناکەن، گوتی: "ئەو خوێنەی لە شەقامەکاندا دەڕژێت، هیچ ئایین و ویژدانێک قبووڵی ناکات". داوای کرد گەلی سوەیدا بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و دەست لە شکۆی خۆیان هەڵنەگرن، گوتی: "ئەو بڵاوکراوەیەی لەسەر ناوی ئێمە بڵاوکراوەتەوە، ئەو شتانەی ئێمە باوەڕی پێ ناکەین، قبووڵی ناکەین. ئەم بڵاوکراوەیە لەژێر فشاردا ئامادەکراوە. لەمەودوا هەر شتێک ئیرادەی ئێمە نەنوێنێتەوە، قبووڵی ناکەین".
ئەلهیجری ڕایگەیاند کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەبن نەوەک توندوتیژیی، گوتی: "خیانەت لە ڕۆڵەکانمان ناکەین، سازش لەسەر ئازادیمان ناکەین. هەرگیز سەر نەوی ناکەین".
لەم ڕۆژانەدا ڕاگەیاندراوێک بەناوی ڕێبەرانی ڕۆحانی دروزەکانەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە ڕێگە دەدەن هێزەکانی حکومەتی کاتیی دیمەشق بچنە نێو سوەیداوە، بانگەوازیان لە چەکدارانی دروز کردووە کە چەکەکانیان ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆیی سوریا بکەن. هاوڵاتیانی سوەیدا ناڕەزایەتیی توندیان بەرامبەر ڕاگەیاندراوەکە نیشاندا.