هه‌واڵی به‌په‌له‌: ناسنامەی ئەو گەریلایانە ئاشکرا کرا کە بەشدابوون لە مەراسیمی چەک لەناوبردن دیمەنی مەراسیمی سووتاندنی چەک

بەسێ هۆزات: ئێمە چەکەکانمان سووتاند، ئیتر نۆرەی لایەنی بەرامبەرە

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، بەسێ هۆزات سەبارەت بە مەراسیمی چەک لەناوبردن، گوتی: "ئیتر چەک بەربەست نییە". هۆزات ئاماژەی کرد بۆ گواستنەوە بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک لەپێناو درێژەدان بە پرۆسەکە و گوتی: " ئیتر نۆرەی لایەنی بەرامبەرە".

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، بەسێ هۆزات کە پێشەنگایەتی مەراسیمی چەک لەناوبردنی گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد کە لە ٣٠ کەس پێکدەهات؛ دەربارەی مەراسیمەکە قسەی بۆ (Numedya24) کرد و گوتی: "بەپێداگرییەکی ڕوونەوە ئەم هەنگاوەمان نا. چالاکییەکی سیاسییە و دەمانەوێت وەڵامەکەی ببینین".

بەسێ هۆزات لەسەر ناوی گرووپەکە قسەی کرد و ڕایگەیاند کە پرۆسەکە بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە و هیچ دوودڵییەک ئەزموون نەکراوە.

'بەبێ دوودڵی هاتین'

بەسێ هۆزات گوتی: "بەپێداگرییەکی ڕوونەوە هاتین. ئێمە دەزانین بۆ چ شتێک لێرەین. ئەم هەنگاوەمان هەڵوێستێکی سیاسییە". هۆزات ڕایگەیاند ئەم هەنگاوانە بەگوێرەی بانگەوازی ٢٧ ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ دەنرێن، گوتی: "لەلایەن بەڕێوەبەرییەوە هیچ دوودڵییەک نییە".

'بۆ چارەسەری دیموکراتیک هەنگاومان نا'

هۆزات ڕایگەیاند بڕیاری چەکدانان نیشاندانی نیازپاکییە و دەبێت ئەم هەنگاوە بێ وەڵام نەمێنێت.

بەسێ هۆزات گوتی: "ئێمە نامانەوێت تەنها بە دابەزین لە چیاکان جێدەستی خۆمان دابنێین. دەمانەوێت لە ئامەد و ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ، ببینە پێشەنگی سیاسەتی دیموکراتیک"، دووپاتی کردەوە، هەڵوێستەکانی ئێستەی دەوڵەت، ئەم گواستنەوەیە قورس دەکات.

'چیتر چەکەکان بەربەست نین'

هۆزات دەربارەی سووتاندنی چەکەکان گوتی: "بۆ تەڤگەرێک کە بانگەوازی سیاسەتی دیموکراتیک دەکات، چیتر چەکەکان بەربەست نین. ئێمە دەمانەوێت بە جددییەت و بەرپرسیارێتییەوە ئەم بەربەستانە لاببەین". هۆزات جەختی کردەوە کە پرۆسەی ئاشتی بە تاک لایەنە نابێت.

'ئێمە فیداکارییمان نیشاندا، ئێستە چاوەڕێی هەنگاوین'

بەسێ هۆزات ڕایگەیاند بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ئەوەی لەدەستیان هاتووە کردوویانە و فیداکارییان نیشانداوە، گوتی: "ئیتر نۆرەی لایەنی بەرامبەرە. ئێمەی چاوەڕێی هەنگاونانین". جەختی کردەوە، هەڵوێستی دەوڵەت یەکلاکەرەوەیە بۆ بەردەوامیی پرۆسەکە.

'جلوبەرگەکەم، ناسنامە سیاسییەکەم دەردەخات'

بەسێ هۆزات سەبارەت بە پرسیاری "بۆچی جلوبەرگەکەت لە گەریلاکانی تر جیاواز بوو"، گوتی: "من وەک نوێنەری تەڤگەرێکی سیاسی بەشداری مەراسیمەکە بووم. بۆیە جلوبەرگێکی جیاوازم هەڵبژارد. من نوێنەرایەتی ئەرکی هاوسەرۆکایەتی کەجەکە دەکەم".