دەم پارتی: پێویستە 'مافی هیوا'ی عەبدوڵا ئۆجالاندا بە یاسا بچەسپێندرێت

کۆمیسیۆنی یاسایی دەم پارتی سەرنجی خستەسەر 'مافی هیوا'ی ڕێبەری گەلی کورد و ڕایگەیاند: "پێویستە 'مافی هیوا' کاری پێبکڕێت" و داوای لە ڕای گشتی دیموکراتیک کرد لە دژی گۆشەگیریی ڕاپەرن.

کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە ڕۆژانی ١٧-١٩ی ئەیلول کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و پێشێلکردنی "مافی هیوا"ی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە. کۆمیتەکە داوای کردووە بەبێ دواکەوتن ڕێکاری پێویست لەوبارەیەوە بگیرێتەبەر. هەروەها کۆمیتەکە هۆشداری داوە بە تورکیا لەوەی ئەگەر هەنگاو نەنێت، ئەوا لە کۆبوونەوەی ئەیلولی ٢٠٢٥ دا بڕیارێکی بەپەلە دەردەکات.

ڕایگەیاندراوی ئۆزتورک تورکدۆغان وتەبێژی کۆمسیۆن لە کۆبوونەوەکەدا وەهایە؛

"ئێمە بۆچوونەکانمان لەسەر مافی هیوا لەگەڵ ئێوەدا بەیەکەوە هاوبەش دەکەین. وەک دەزانن کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە ١٩ی ئەیلولدا لەبارەی بڕیارەکانی "گرووپی قوربان" سەبارەت بە تورکیا بڕیاری خۆی ڕاگەیاند. لەم گرووپەدا بارودۆخی بەڕێز ئۆجالانیش هەڵسەنگێندرا و کۆمیتەی وەزیران ڕاسپاردەی بەهێزتریان پێشکەش بە تورکیا کرد. ڕایانگەیاندووە، پێویستە تورکیا لەماوەی ساڵێکدا بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی مافی هیوا هەنگاو بنێت و ئەگەر هیچ هەنگاوێک نەنرێت، ئەوکاتە ڕێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر. لە بڕیارەکەدا دیسان جەخت لەسەر پێشێلکردنی ماددەی ٣ی هاوپەیمانیەتەکە کردەوە و پشتڕاستی کردەوە، کە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە لە بڕیارەکەی ئۆجالان لە بەرواری ٢٠١٤دا هاتووە. بە واتایەکی تر دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سزای هەتا مردن قبوڵ ناکات. هەموو زیندانییەک مافی ئەوەی هەیە بە لێکۆڵینەوە لە دۆخی خۆی کاتی ئازادکردنی بزانێت. ئەمە مافێکە کە پەیوەندی بە کەرامەتی مرۆڤەوە هەیە. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و یاسای دۆسیەکان ڕێگە خۆشکەرن لە جێبەجێ کردنی ئەو کارەدا و ئەمە بە "مافی هیوا" ناودەبرێت. لە تورکیا زۆر کەس لەم دۆخەدان. بەپێی بەدواداچوونەکان زیاتر لە ٤ هەزار کەس لە تورکیا لەو مافە بێبەش کراون."

٣ ساڵ بەسەر پێشکەشکردنی پلانی کارکردنی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپادا تێدەپەڕێت

تورکدۆغان ڕایگەیاند: "کاتێک باسی بەرێز ئۆجالان دەکرێت، دەبینین کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا کە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەکات، کارەکان وەک خۆی ناجوڵێنێت. سەیرکەن وادەی بڕیارەکە ساڵی ٢٠١٤یە، کۆمیتەی وەزیرانیش لە ئاڵوگۆڕکردنی پەیامەکانی لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە جێبەجێ کردنی ئەم بابەتە لە کارنامەی ٢٠١٥دایە، بەڵام تا ساڵی٢٠٢١ نەخراوەتە بەرنامەی کارەوە. کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢١بە تورکیای ڕایگەیاند کە پێویستە دەست بەکار بێت لەو بارەیەوە و رێکار بگرێتەبەر. وا ٣ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام تورکیا هیچ کام لەم داواکاریی و ڕاسپاردانەی جێبەجێ نەکردووە. هێشتا سزای هەتاهەتایی هەڵنەوەشاوەتەوە و مافی هیوا دانی پێدا نەنراوە؛ جگە لەوەش گۆشەگیرییەکی رەهای سەپاندووە. بەردەوام بوونی ئەم دۆخە قبوڵ ناکرێت. ئەم دۆخە وا دەکات تورکیا لە بەرامبەر ئەنجوومەنی ئەوروپا ڕووبەڕووی دۆخێکی زۆر دژوار ببێتەوە. هەروەها ڕێکاری یاسایی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشێلکردنی مافەکان لە دۆسیەی کاڤالادا بەردەوامە. مەرجەکانی ئەو ڕاسپاردانەی کە بەردەوام سەبارەت بە دۆسیەی دەمیرتاش ئاراستەی تورکیا دەکرێن جێبەجێ ناکرێن.

'ئەگەر مافی هیوا بەشێوەیەکی یاسایی دانی پێدا نەنرێت، پێویستە مەرجەکانی جێبەجێ بکرێت'

بڕیارەکەی ئەمساڵ کەمێک بەهێزترە لە ساڵی ٢٠٢١. لە ڕاستیدا وادەی دیاریکراو لانیکەم تا ساڵی داهاتوو دیاری کراوە و ئەگەر مەرجەکان جێبەجێ نەکرێن، بڕیارێکی کاتی دەر دەکرێت. ڕێککەوتننامەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕوون و ئاشکرایە. مادەی٤٦ی یاساکە زۆر ڕوونە. ئەگەر وڵاتێک بە بەردەوامی یان بە شێوەی مەبەستدار پابەند نەبوو بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، پێویستە ڕێوشوێنی پێشێلکاری دەستپێبکرێت. بە واتایەکی تر ئەگەر تورکیا لە ماوەیەکی کورتدا مەرجەکانی مافی هیوا بەدی نەهێنێت، پێشبینی دەکرێت کۆمیتەکە دەست بە پرۆسەی پێشێلکاری بکات. ئێمە دیسان داوا لە کۆمیتەی وەزیران دەکەین: سازش لەسەر مافەکانی مرۆڤ و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا مەکەن. هەموومان دەزانین ڕووسیا لە چ دۆخێکدایە. کەواتە ئێمە دەزانین ئەم ئیمتیازانە دۆخی وڵاتان خراپتر دەکات نەک باشتر. بێگومان دەمانەوێت داواکاری ئاراستەی ئەنجوومەنی نیشتمانی تورکیاش بکەین. لە تورکیا جیاکارییەکی باوەڕپێنەکراو لە ئارادا هەیە. بەڵام لە یاسای تاوانەکاندا سزایەکی تایبەت بەسەر بەڕێز ئۆجالاندا سەپێنراوە. مادەی ٢یان بۆ ماوەیەکی کاتی داناوە. ئایا بڕگەیەکی یاسایی تەنها بۆ کەسێک هەیە لە هیچ وڵاتێکدا، کە بۆ بەڕێز ئۆجالان دانراوە؟ مەحاڵە شتێکی لەو جۆرە قبوڵ بکرێت. بۆیە داوا لەو لایەن و نوێنەرانەی فراکسیۆنەکان پەرلەمانی تورکیا دەکەین ئەو یاسایە هەڵوەشێننەوە و بڕگە یاساییەکانی دیکە کە گشتیە جێبەجێ بکرێن.

'پێوەیستە دەستبەجێ مافی هیوا جێبەجێ بکرێت'

لە کەسایەتی بەڕێز ئۆجالاندا مافی هیوا دانی پێدا نەنراوە و دواخراوە و گۆشەگیری وەک بابەتی پەیوەندیدار بە سزاوە جێبەجێ دەکرێت. لە ڕاستیدا ئەمە دۆخێکە کە گۆشەگیری تێدەپەڕێنێت. ئێمە ئەمە بە گۆشەگیریەکی ڕەها ناودەبەین. ٤٢ مانگ تێپەڕیوە و هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە بەرێز ئۆجالان بە دەست نەگەیشتووە. بەڕاستی ئەمە قبوڵ ناکرێت کە زیندانییەک ڕێگەی پێنەدرێت پارێزەر و بنەماڵەکەی ببینێت. بەردەوام سزای دیسپلین دەسەپەێنن و داواکارییەکان ڕەت دەکرێنەوە. لە حکومەتێکدا کە وازی لە سەروەری یاسا هێنابێت، هیچ پێوانەیەک بوونی نییە. دەسەڵاتی سیاسی پێویستە بە زووترین کات ئەم دۆخە چارەسەر بکات و ڕێکارێک بەکار بێنێت کە بەرێز ئۆجالان بتوانێت بە زووترین کات لە مافە یاساییەکانی بەهرەمەند بێت.

لە کۆتاییشدا داوا لە رای گشتیی و دیموکراسیخوازان کراوە لە دژی گۆشەگیری رەها لە ئیمراڵی بەهەموو جۆرێک دەنگهەڵبڕن و هەڵوێستی توندیان هەبێت.