هەدەپە: دەوڵەتی تورک لە کۆبانێ تاوانی جەنگی ئەنجامداوە

هەدەپە ڕایگەیاندووە، لە هێرشەکەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ کۆبانێ منداڵێک کوژراوە و ڕاشیگەیاند: "ئاشکرایە تاوانی جەنگ ئەنجام دراوە".

دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی هەدەپە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "دوێنێ منداڵێک بە ناوی عەبید محەمەد حاجی تەمەن  (١٢) ساڵ لە هێرشەکەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کۆبانێ کوژراوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، کە برینی یەکێک لە منداڵە  بریندارەکان قورسە. لە دیمەنە ڤیدیۆییەکاندا دەبینرێت، کە بە شێوەیەکی ئاشکرا و  ڕوون تاوانی جەنگ ئەنجام دراوە. 

لە دوای کۆبوونەوەی مانگی تەموز لە تاران و لە دوای کۆبوونەوەی سەرەتای مانگی ئاب لە سۆچی هێرشی سیستماتیک دەکرێتە سەر ڕۆژئاوا.  هەموو ڕۆژێک لە شاری قامیشلوەوە بۆ حەسەکە، لە منبجەوە تا تربێسی هێرش ئەنجام دەدرێت. لە سەرەتای مانگی ئابدا ٧ کەس کوژراون و ٢ کەسیان منداڵ بوون و ١٧ کەسی دیکەش برینداربوون، کە ١٠ کەسیان منداڵ و ٣ کەسی تریشیان ژن بوون. پێشتریش لە گوندی پەرەخێ لە زاخۆش هێرشکرایە سەر گەشتیاران. لە جیاتی ئەوەی لێپرسینەوەی لەو کۆمەڵکوژییە بکرێت، کە بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجام درا، کۆمەڵکوژی لەسەر کۆمەڵکوژی لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدرێت.

ئەم هێرشە هێز دەداتە بەربەرییەتی داعش. ئەوانەی دەڵێن، ئێمە لە دژی داعش شەڕ دەکەین، ڕاستیەکان پێچەوانە دەکەنەوە و دژی ئەو کەسانە شەڕ دەکەن، کە شەڕیان لە دژی چەتەکانی داعش ئەنجامداوە.

هیچ پاساوێک بۆ بۆردومانکردنی ئەو ناوچانە نییە، کە سەدان هەزار کەس تێیدا دەژین. ئەو دەسەڵاتەی دوژمنایەتیی  گەلی کورد دەکات ئیدی هیچ دەمامکێک نەماوە، کە دوژمنایەتیەیکەى خۆی پێ بشارێتەوە.

دەبێت ئۆپۆزسیۆنیش نەبێتە ئامرازی شەڕ لە بەرەی سوریا و دەبێت بۆ داهاتوو و تورکیایەکی دیموکراتیک لە دژی ئەو شەڕانە بن. بانگەوازمان بۆ هەموو هێزە کۆمەڵایەتی و لایەنە سیاسییەکان و ئەوانە هەیە، کە دەڵێن، 'نەخێر بۆ شەڕ و داگیرکاری'. کۆبانێ سیمبولی تێکۆشانی دیموکراسی و گەلانی جیهانە. لەکاتێکدا هێزە نێونەتەوەییەکان بەرامبەر بە هێرشەکان سەر گەلی کورد، لە کەسایەتیی کۆبانێ دا بێدەنگن، ئەو بێ هەڵوێستی و بێدەنگییەیان بووەتە مایەی شەرمەزاری بۆ هەموو گەلانی جیهان. هەڵوێستی ڕوسیاش نیگەرانی دروست دەکات. پێویستە دەوڵەتانی گەرەنتی لە هەرێمەکە بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبهێنن".

ژ.ت