هەدەپە: ئێمە کۆمەڵکوژیی مەرەش لە بیر ناکەین

هەدەپە لە ٤٤هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی مەرەش دا یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیەکەى کردەوە و داوایکرد، ئەرشیڤەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکرێنەوە.

هاوسەرۆکانی کۆمسیۆنی گەلان و باوەڕەکانی هەدەپە تولای هاتیمۆگولاری و تورگوت ئۆکەر بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژیی مەرەشەوە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "٤٤ ساڵ پێش ئێستا لە ١٩ بۆ ٢٦ی کانوونی یەکەم لە مەرەش کۆمەڵکوژییەک ئەنجامدرا. لەو کۆمەڵکوژییەدا سەدان هاوڵاتیی عەلەویمان کوژران و زیاتر لە هەزار کەس بریندار بوون، سەدان ماڵ و دوکان ڕووخێنران. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ تورکیا نەبووەتە وڵاتێک، کە عەلەوییەکان تیایدا بە ئاشتی بژین، ئێستاش ماڵی عەلەویەکان دیاری دەکرین، سیاسەتی ڕق و نفرەت و کینە لە دژی بەشەکانی کۆمەڵگا پەیڕەو دەکرێت.

هێشتا گۆڕی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەی مەرەش نازانرێت. فایلەکانی ئەرشیڤی کۆمەڵکوژییەکە لەلای فەرماندەیی هێزی زەمینی و سەرۆکایەتی گشتی سوپادان. سەرەڕای بڕیارەکانی دادگا ئەوان بە پاساوی "نهێنیی دەوڵەت" ئەو فایلانە بە پارێزەران نادەن.

پێویستە ڕووبەڕوو کۆمەڵکوژیی مەرەش ڕوون بکرێتەوە و بۆ ئەوەش ئەرشیفی ئەو کۆمەڵکوژییە بکرێتەوە. دەبێت ئەم هەنگاوانە بۆ ئازادی کۆمەڵگا بنرێن. ئەگەر لیژنەی ڕاستی  و دادپەروەری لەناو پەرلەمان دامەزرێنرێت و ئەم کۆمیسیۆنە جەخت لەسەر ڕوونکردنەوەی تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵکوژیی مەرەش بکاتەوە، ئەوا سەرەتایەکی باش بۆ پرۆسەی ئاشتەوایی دروستدەکرێت.

ئێمە لە دڵماندا هەست بە ئازاری مەرەش و چۆروم و سیواس و رۆبۆسکی دەکەین. دووپاتی دەکەینەوە، کە ئێمە قبوڵ ناکەین کۆمەڵکوژیی مەرەش لەبیر بکرێت و کۆمەڵکوژیی مەرەش لە بیریش ناکەین".

ژ.ت