هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان، بەشداری کرد لە "کۆبوونەوەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی پارتەکەی لە موغلا.
باقرخان تیشکی خستەسەر "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" و ڕایگەیاند بەهیوام هەموومان ئم دەرگایە وەک دەرفەتێک ببینین، چونکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەدەیەکی نوێ دیزاین دەکرێت، جەختی کردەوە دەبێت تورکیا ڕێگەیەکی دیموکراتیک هەڵبژێرێت، گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە، تورک و کورد لەسەر زەمینەیەکی خوشک_برایەتی بژین. ئیتر دەوڵەت_نەتەوەکان چارەسەر نین. بۆیە، جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بووەتە گۆڕەپانی شەڕ بۆ دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان. ئەو وڵاتانەی دەتوانن کێشەکانیان لەنێوخۆی وڵاتەکەیان چارەسەر بکەن، ڕێگە لە دەستوەردانی دەرەکی دەگرن".
'ئەم وڵاتە پێویستی بە شێوازێکی نوێیە'
باقرخان ڕایگەیاند لەگەڵ بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، هیوایەکی نوێ سەریهەڵدا، گوتی: "لەبری زیهنیەتی تاکڕەو، پێویستمان بە ئافراندنی شێوازێکی بەرفراوان هەیە. بەڕێز ئۆجالان ئەم پێشهاتانە دەبینێت. لەم چوارچێوەیەدا، بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان بۆ ڕێکخستنەکەی، دەرخەریی نیازپاکییە بۆ چارەسەر. ئەم وڵاتە پێویستی بە شێوازێکی نوێیە".
باقرخان جەختی کردەوە، دەبێت سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە ئازادبکرێن، سیستەمێک بەبێ دیموکراسی و یاسا بەکەڵکی کەس نایەت، دەبێت لەم قۆناغە مێژووییەدا دەسەڵات واز لەم سیاسەتانە بهێنێت. دژایەتیی دەم پارتی بۆ ئەم ڕەفتارە نایاساییانە نیشاندا.
باقرخان دووپاتی کردەوە، چیتر پرسی کورد بە سیاسەتی ئەمنی چارەسەر ناکرێت، گوتی: "دەبێت هەموومان پێکەوە، ژینگەیەکی ئاشتییانە بئافرێنین. بەبێ دوورخستنەوەی کەس، دەبێت هەمووان بەشداری پرۆسەکە بکەن.ئایا دەتوانین بەبێ ژنان باس لە "ئاشتی" بکەین؟ لەم قۆناغە گرنگەدا کە پەکەکە چەکەکانی دادەنێت، دەبێت دەسەڵات ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. بانگهێشتی حکومەت دەکەین بەرەو زیهنیەتی دیموکراتیک".