چەتەکەی یەنیدۆگان کە بە پێشێلکردنی تەندروستی منداڵانی تازە لەدایک بوو، قازانج پەیدا دەکات، یەکێکە لە ڕۆژەڤە سەرەکیەکانی تورکیایە. دیرەن جان کایا، هاوسەرۆکی لقی ئاکسارای یەکێتی کارمەندانی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و تەندروستی لە سەر ئەو بابەتە قسەی بۆ ئاژانسی فۆرات کرد و وتی: "سیستەمی تەندروستی لە تورکیا ڕێگری لەو جۆرە ڕێکخراوانە ناکات. سیستەمی دەسەڵاتداری ئاکەپە کە پێی دەگوترێت "بەرنامەی گۆڕانکاری لە تەندروستی"، بازرگانیکردنی بەدوای خۆیدا هێناوە لەبەر ئەوە پشت بە خزمەتگوزاری تەندروستی بە کرێ دەبەستێت، بۆیە دەبێت گەل بەردەوام ئاگاداری ئەوە بن."
کایا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە پزیشکەکان بە بازرگان پێناسە دەکرێن، لە هەر 10 نەخۆشخانەیەک لە ئەستەنبوڵ 7 نەخۆشخانە تایبەتن و کۆنتڕۆڵیان لاوازە، بارودۆخی زۆربەی نەخۆشخانەکان لەهەموو بوارێکەوە خراپە.
کایا ئاماژەی بەوەدا کە لەم سیستەمەدا کارمەندانی تەندروستی لە کەرتی تایبەت ناچارن لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا خزمەتگوزاری قورس پێشکەش بکەن.
کایا ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت مافی تەندروستی بۆ هەمووان بەخۆڕایی بێت، هەموو کەسێک بتوانێت بە ئاسانی ئەم مافە بەکار بهێنێت ئەوە ئەرکی دەوڵەتە. و وتی: "ئێمە لە پێناو خزمەتگوزارییەکی کۆمەڵایەتی و تەندروستی یەکسان، کاریگەر، ئازاد، بەهێز و بەزمانی دایکی تێکۆشان دەکەین. بە بۆچوونی ئێمە، مافی تەندروستی دەتوانرێت نەک تەنها بە سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، بەڵکوو بە هاوبەشی رێکخراوە مەدەنییەکانیش باشتر بکرێت. بازرگانیکردن لە بواری تەندروستیەوە دەبێتە هۆی مردنی مرۆڤەکان. بەڵام بە خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی و دامەزراندنی وەزارەتی یاسا و کۆتاییهێنان بە ئامانجی قازانج لە کەرتی تەندروستیەوە دەکرێت ڕێگری لەو دیاردەیە بکرێت."