کەجەکە پەیامێکی سەرساغی ئاڕاستەی ئەدهەم بارزانی کرد

بەهۆی کۆچی دوای خەیرییە عەبدولڕەزاق دایکی سیاسەتمەداری کورد ئەدهەم بازانییەوە، کەجەکە پەیامێکی سەرساغی ئاراستەی ئەدهەم بارزانی کرد.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بە بۆنەی کۆچی دوایی خەیرییە عەبدولڕەزاق دایکی سیاسەتەمەداری کورد ئەدهەم بارزانییەوە پەیامێکی سەرساغی بڵاو کردەوە و سەرساغی لە بنەماڵەی ناوبراو و هەموو خەمخۆرانی دۆزی گەل و نیشتیمان کرد.

ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیە:

"برای بەڕێز، جەنابی ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی

بەر لە هەموو شتێک، لەسەر ناوی هەڤاڵانی کۆنسەی بەڕێوەبەری و هەموو ئەندام و کادیرانی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، سڵاو و ڕێزی خۆمان پێشکەشی ئێوەی هێژا دەکەین.

بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی دایکی بەڕێزتان خوالێخۆشبوو "خەیریە عبدالرزاق"ـمان پێگەیشت. دایە خەیرییە عبدالرزاق وەک ژنێکی تێکۆشەر، وەک دایکێکی نیشتیمانپەروەر و کۆڵنەدەر لە پێناو کورد و کوردستاندا ئێش و ئازاری زۆری بینیوە و ڕەنج و ماندووبوونی زۆری کێشاوە و قوربانییەکی زۆری داوە. دایکێک کە هەم هاوژینی (شەهید شێخ عوسمان) و هەم دوو لە ڕۆڵەکانی (شەهید عیماد و شەهید ڕیدوان) بە دەستی ڕژێمی فاشیستی بەعس شەهیدبوون و زۆر بەداخەوە ڕێگەش نەدرا کە لە دوا ساڵەکان و دوا ساتەکانی تەمەنییدا دڵی گەورەی بە دیداری ئێوەی بەڕێز شاد ببێتەوە.

بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز، بنەماڵەی هێژا و هەموو خەمخۆرانی دۆزی گەل و نیشتیمان دەکەین، خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەتان دەزانین و لە پەروەردگاری مەزن داواکارین ڕۆحی دایە خەیریە بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە ئێوەی بەڕێز ببەخشێت."