كۆمیته‌ی دیپلۆماسی و كۆمیته‌ی كاروچالاكی سه‌دساڵه‌ی په‌یمانی لۆزان راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

ئەنجامنامەی ٢٢مین کۆبوونەوەی کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمیتەی کاروچالاکی سەدسالەی پەیمانی لۆزان بڵاوكرایه‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێستای رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران، هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر پارچه‌ جیاجیاكانی كوردستان، دۆخی سیاسی عێراق و باشوری كوردستان و هه‌لومه‌رجی رۆژئاوای كوردستان و مه‌ترسییه‌كان و ئه‌گه‌ری هێرشی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ باسیان لێوه‌كراوه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌نراو و ئه‌نجامنامه‌كه‌:

رۆژی ٠٢.١٠.٢٠٢٢ کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و لەگەڵ کۆمیتەی کاروچالاکی سەدسالەی پەیمانی لۆزان لە ناوەندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ك ن ك لە برۆکسل کۆبووەوە. ئه‌م کۆبوونەوەیە هاوبه‌ش بوو، ئه‌ندامانی هه‌ردوو  کۆمیتە کۆبوونەوەو پێکه‌وه‌ پلانی کارو چالاکیی هاوبه‌شیان داڕشت.بەپێی رۆژەڤی کۆبوونەوە سەرەتا رەوشی سیاسی کوردستان، بە تایبەتیش رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژهەلاتی کوردستان و ئێران، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوورو رۆژاوا، دوایین گۆڕانکارییەکان لو کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  هەروەها کاریگەریی هێزە جیهانییەکان لە ناوچەکەدا و شەڕی روسیاو ئۆکرانیا بە فراوانی باسکران. دواتر لەگەڵ پلانسازیدا، پلانی کاروچالاکی سەدساڵەی پەیمانی لۆزانیش دانرا.

لە ئەنجامی وتووێژەکاندا ئەم خاڵانەی خوارەوە پەسەند کران:

١. دوای ئەوەی کە ژینا ئەمینی بە دەستی دەزگاکانی رژێم بە ئەشکەنجە ژیانی لەدەستدا، زیاتر لە دوو هەفتەیە بە پێشەنگایەتی ژنان و بە درووشمی ژن ژیان ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەری ئێران، لەدژی زوڵم و نادادپەروەریی خۆپیشاندان و دەربڕێنی ناڕەزایەتی بەردەوامە. لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکاندا بە دەیان کەس ژیانیان لەدەستداوەو بە سەدانیش بریندار بوون. هەزاران کەسیش راپێچی زیندانەکان کراون.

ساڵی ١٩٧٩ گەلانی ئێران دژی رژێمی شاهانشاهیی شۆڕشێکی گەورویان بەرپاکرد. ئەو شۆڕشە هی هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی ئێران بوو بۆ دامەزراندنی دەسەلاتێکی دیموکرات. دواتر مەلاکانی ئێران دەستیان بەسەر شۆڕشدا گرت و رژێمێکی داپڵۆسێنەرتریان دامەزراند. زیاتر لە ٤٠ ساڵە ئەو رژێمە ماف و ئازادیەکانی ژنان و گەلانی ئێرانی ژێرپێ ناوەو کەسانی ناڕازی سەرکوت دەکات و ئێرانیان کردۆتە زیندانێکی گەورە. خەڵکی ئێران لە مێژە لەو دەسەڵاتە سەرەڕۆیە ناڕازاین داوای ئازادی دیموکراسی دەکەن. ئەو راپەڕین و خۆپیشاندانانەی ئێستاش ئەنجامی ئەو ناڕازیبوونەن.

کۆبوونەوە کوشتنی ژینا ئەمینی بە توندی ریسواو شەرمەزار دەکات. هەروەها کۆبوونەوە داخوازییەکانی خەڵکی ئێران بە داخوازی رەواو دیموکراتیک دەبیبنێت و پشتیوانیان لێدەکات و پەلاماردانەکانی رژێم بۆ سەر خۆپیشاندەران ئیدانە و مەحکوم دەکات.

کۆبوونەوە سەرخۆشی لەهەموو ئەو خانەوادانەی کەسوکاریان گیانیان لەدەست داوەو لە هەموو گەلانی ئێران دەکات. هەروەها کۆبوونەوە هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتر بۆ برینداران دەکات. بانگی لە رژێمی ئێرانیش دەکات زیندانیان ئازاد بکات.

کۆبوونەوە هەموو هێرش و پەلامارەکانی رژێمی ئێران بۆسەر بنکەو بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان شەرمەزار دەکات. داوا لە هەموو هێزە کوردستانییەکانیش دەکات لە نزیکترین دەرفەتدا بەرەیەکی ناوخۆیی لە دژی رأێم پێکبێنن و پێکەوە بکەونە کارو خەبات.

کۆبوونەوە داوا لە هەموو هێزە نەیارەکانی رژێمی ئێران دەکات پێکەوە بەرەیەکی هاوبەش درووست بکەن بۆ دامەزراندنی ئێرانێکی ئازاد و دیموکرات تێبکۆشن. هەروەها کۆبوونەوە داوا لە خەڵکی کوردو تەواوی ئێرانیەکانی دەرەوەی وڵات دەکات، لە خەڵکی راپەریوی ئێران خاوەن دەرکەون و پشتگیریی چالاکوانان بکەن.

٢. دەوڵەتی تورکیا دوژمنی سەرەکی گەلی کوردستانە. لەسەرانسەری کوردستاندا لەدژی خەڵکی کوردستان لە هێرشکردندایە. لە ناوچەکەشدا جڵەوکێشی دەولەتانی داگیرکەری کوردستانەو لە جیهانیشدا لەدژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە کارو چالاکیدایە. ئەو دەولەتە رۆژ بە رۆژ سنووری داگیرکارییەکانی لە باشووری کوردستان زێدەتر ئەکات. ئەو هێرش و داگیرکارییانە هەر لە دەڤەرەکانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشیندا نین، بەڵکو درێژبوونەتەوە بۆ باشیکە، شەنگاڵ، کەرکوک و مەخمورو هەتا چەمچەماڵ و کفری و کەلاری گرتۆتەوە. لەهەمان کاتدا رۆژانە پەلاماری رۆژاوای کوردستان ئەدات و خۆی بۆ داگیرکاریی زیاتر ئامادە ئەکات. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانە.

تورکیا لەشەری دژی گەریلاکانی کوردستاندا چەکی قەدەغەکراویی کیمیایی بەکاردێنێت. هەتا ئێستا چەندین گەریلا بە چەکی کیمیایی شەهید بوون. کۆبوونەوە داوا لە بەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراو دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات لەدژی ئەم هەڵوێستە نامرۆڤانەیەی تورکیا بێدەنگ نەب، هەروەها داوا لە هەموو هێزە کوردستانییەکان دەکات لە دژی ئەو هێرش و داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورکیا تێکۆشان بەهێز بکەن و بە یەکرێزی لەدژی راوەستن.

٣. عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت. ساڵێک زیاتر بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕبووە، بەڵام تا ئێستا سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردراوەو حکومەت دانەمەزراوە. پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک پێویست نین و ئاڵۆزن. دەستدرێژیەکانی تورکیا و ئێران ئاسیشی ناوچەکەیان خستۆتە مەترسییەوە. ناوچەدابڕوەکانی باشووری کوردستان لەژێر گوشار و هەڕەشەدان. لە زۆر ناوچە دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕدرێت. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوەو بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان یەکڕیز و تەبا بن.

٤. شەنگاڵ لە زۆر رووەوە لەژێر هەڕەشەدایە. پێوستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان خاوەندارێتی لەشەنگاڵ بکەن و بیپارێزن. پێویستە ناسنامەی ئێزدیاتی شەنگاڵ بپارێزریت. دیمۆگرافیا شەنگاڵ نەگۆڕدرێت و گەلی ناوچەکە خۆیان خۆیان بەڕیوەبەرن.

٥. پێویستە رۆژاوای کوردستان و هەموو باکورو رۆژەڵاتی سوریا بپارێزرێت و چەترێکی پاراستنی نێونەتەوەیی بۆ رۆژاوای کوردستان دەستەبەر بکرێت. بۆئەوەی رۆژاوای کوردستان لە دەستدرێژیەکانی تورکیا بپارێزرێت و ناوچەکە ئارام بێت، بۆئەوەی هەرێمێکی دژە فڕین بۆ رۆژاوای کوردستان جێبەجێ بکرێت، پێویست بە خەبات و تێکۆشانێکی جدیی هەیە. هەروەها دەبێ هەموو هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی رۆژاو بچنە دەرەوە. کۆچبەران بگەڕینەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و چەترێکی پاراستنی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سنوور درووستبکرێت. پێویستە ئەم بابەتە لە هەموو چاوپێکەوتنە دیپلۆماسییەکاندا بابەتێکی سەرەکی بێت.

٦. ئێمە وەک کۆمیتە دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمیتەی کاروچالاکی سەدسالەی پەیمانی لۆزان داوا لە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانییەکان دەکەین بەشداری کۆمیتەی کۆمیتە دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمیتەی کاروچالاکی سەدسالەی پەیمانی لۆزان ببن هەتا پێکەوە کاری دیپلۆماسیی کوردستانیی و چالاکی دژی پەیمانی لۆزان بکەین.

ژن، ژیان، ئازادی

کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمیتەی کاروچالاکی سەدسالەی پەیمانی لۆزان

 ٠٧.١٠.٢٠٢٢برۆکسل