کۆنگرەی پارتی چەپی سەوز دەستی پێکرد: ناوی نوێی بووە هەدەپ

چوارەمین کۆنگرەی گشتی پارتی چەپی سەوز بە بەشداری هەزاران کەس لە ئەنقەرە دەستی پێکرد. ناوی نوێی پارتەکە (هەدەپ) دەبێت.

بە دروشمی "بۆ ئازادی" کۆنگرەکە لە هۆڵی وەرزشی ئەتاتورک لە ئەنقەرە دەستیپێکرد.

لە چوارلای تورکیا و کوردستانەوە هەزاران کەس  بەشداری کۆنگرەکە بوون. بەهۆی بەشداری زۆرەوە خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی هۆڵەکە مانەوە.

 لەبەر ئەوەی لە ژوورەوە شوێن نەماوە، شاشەیەکی گەورە لە دەرەوە دانراوە بۆ بینینی کۆنگرە.

لە کۆنگرەدا بەردەوامی دروشمی "بژی بەرخۆدانی رۆژئاوا" بەرز دەکرایەوە. لە ناوەوە و دەرەوەی هۆڵەکەدا هەڵپەڕکێ و دیلان دەگێڕن.

 هۆڵەکە بە ئاڵای پارتی چەپی سەوز و پلاکاردی نووسراوی "چارەسەری دیموکراتیک بۆ کێشەی کورد"، "نا بۆ گۆشەگیری، هەر ئێستا ئاشتی "، "دەستووری بنەڕەتی دیموکراتیک" و "سیستەم بگۆڕن" ڕازاوەتەوە.

 پێش دەستپێکردنی بەرنامەی کۆنگرە، نوێنەرەکان لە شوێنەکانیان جێگیر بوون. نزیک بە کاتی نیوەڕۆ  ٨٠٠ نوێنەر دەنگ دەدەن و لیستی ئەندامانی ئەنجومەنی پارتی و هاوسەرۆکانی هەڵدەبژێرن.

 ئەنجومەنی پارتیەکە لە ٨٠ ئەندامی سەرەکی و ٣٥ ئەندامی جێگر و ١٠ ئەندامی فەخری واتە بە گشتی ١٢٥ ئەندام پێکدێت.

 هەروەها لە کۆنگرەکەدا دەستەی دیسپلینی ناوەندی و ئەندامانی لێژنەی ئاشتەوایی دیاری دەکرێن.

ناوی نوێی پارتەکە دەبێتە هەدەپ

 بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی ئامادەکاری و ئاشتەوایی، ناوی نوێی پارتەکە پارتی یەکسانی و دیموکراسی (هەدەپ) دەبێت.

 چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد و گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دەستووری نوێ دەبنە ئامانجی سەرەکی کاری کۆنگرەکە.

 نوێنەری زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان بەشداری کۆنگرە بوون. هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) بەدران ئۆزتورک، هاوسەرۆکی وتەبێژانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) ئەسەنگول دەمیر و جەنگیز چیچەک، هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (بەدەپە) ساڵیحە ئایدنیز و کەسکین بایندر، هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سوڵتان ئۆزجان و جاهید کرکزاک، سەرۆکی گشتیی پارتی شۆڕشگێڕ ئەلیف تۆرون، هاوسەرۆکی وتەبێژی پارتی بنیاتنانەوەی سۆسیالیستی(یەسەکەپە) کەنعان یوجە و جاڤیت ئوگور، پارتی سۆسیالیستی بندەستان (ئەسەپە)، بە ناوی پارتی گەلی کۆمار (جەهەپە)، دەڤریم بارش چەلیک جێگری سەرۆک کۆمار و گەلێک بەرپرس ونوێنەری دیکە بەشداری کۆنگرەکە بوون.

 هەروەها بە ناوی پارتی چەپەوە ئیلکنور بەشەر و بەرپرسانی پارتی دەڤا بەشداری کۆنگرەکە بوون.