لە باخچەکانی حەوسەڵ نەمامی "ئاشتی" چێنرا
لە چوارچێوەی هەڵمەتی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ئازادی" نەمامی "ئاشتی" لە دژی شەڕ چێندرا.
لە چوارچێوەی هەڵمەتی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ئازادی" نەمامی "ئاشتی" لە دژی شەڕ چێندرا.
تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئە) لە چوارچێوەی هەڵمەتی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ئازادی" لە باخچەکانی حەوسەڵ لە ناوچەی سوری ئامەد نەمامیان چاند و ڕاگەیاندراویان خوێندەوە. ژنانێکی زۆر بەشداری چالاکییەکە بوون. لە چالاکییەدا ژنان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرز کردەوە.
هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە ئامەد، سوڵتان یارای لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و گوتی: "سەدەی بیست و یەکەم سەدەی ژنانە. ژنانی کورد لەم سەدەیەدا تێکۆشانێکی مەزن بەڕێوەدەبەن". یارای سەرنجی بۆ سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت لە کوردستان ڕاکێشا و گوتی: "ئەم هێرشە بەربڵاوە ئەنجامی گۆشەگیریی ئیمراڵییە. گۆشەگیریی توندی ئیمراڵی کێشەکان قورستر دەکات و هەموو جڤاک گۆشەگیر کراوە".
یارای لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی: "لە زۆر شوێنی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەتایبەت لە کوردستان شەڕ هەیە. هەموو جۆرە تاوانێک ئەنجام دەدرێت. بەئامانج گرتنی خەڵکی مەدەنی لە هیچ شوێنێکی جیهان قبوڵکراو نییە. کوشتنی خەڵکی سڤیل تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە. ڕەگەز و زمان و ئایین هیچ لەمانە تاوان نییە. ئێمە لە دژی شەڕ ئاشتی دەپارێزین. تێکۆشانی ژنان لە دژی شەڕ گەشە دەستێنێ. ڕژێمە فاشیستەکان دوژمنایەتی ژنان دەکەن، هەموو ڕۆژێ ژنان دەگرن. هەوڵدەدەن کورد، ژن، سیاسەتمەداران، چالاکوان و هتد. بە سیاسەتی دوژمنکارانە سەرکوت بکەن، بۆیە پێویستە پێکەوە دژی شەڕ و زیهنیەتی پیاو تێبکۆشین. پێویستە سروشت، ژن و ژیان بپارێزین. ژیان گەشە پێ بدەین و نەمامی ژیان بچێنین. لە ڕۆژئاواوە تا فەلەستین و ئەفغانستان، با نەمام بۆ هەموو منداڵان و ژنانی جیهان بچێنین".
هەروەها پەرلەمانتاری (هەدەپ) لە ئامەد سەڤیلای چەلیک لە ڕاگەیاندراوەکەدا وتی، بەهۆی شەڕەکانەوە ئازارەکان کۆتاییان نایێت و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بڵێین 'نا بۆ شەڕ". ئەوانەی بەردەوام لە دژی شەڕ ئاشتی دەپارێزن ژنانن. ژن قەد واز لە داوای ئاشتی ناهێنێت. شێوەی شەڕەکان وەک ڕابردوو نین، بۆیە دەبێت زمانی ئاشتی نوێ بکەینەوە، تەنیا ژنان دەتوانن ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەن".
دواتر ژنان لە دژی شەڕ نەمامی "ئاشتی"یان چاند. لەهەر دارێک ناوێک نرا و چالاکییەکە بە گۆرانی کۆتایی پێهات.