لە لاڤریۆی یونان یادی شەهید چیاگەر کرایەوە

لە کامپی لاڤریۆی ئەسینای پایتەختی یونان بە مەراسیمێک یادی شەهید چیاگەر فەرماندەی بەرخودانی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر کرایەوە.

لە کامپی لاڤریۆی شاری ئەسینای پایتەختی یونان بۆ یادی شەهید چیاگەر فەرماندەی بەرخودانی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر لە ناوچەى سوروی ئامەد، چالاکییەکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو.

ئەندامانی کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردستان و چەندین کەس ئامادەیی یادەکە بوون، کە لەلایەن بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە)ەوە ڕێکخرابوو.

دوای خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، پەیامی دەستەى بەڕێوەبەریی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) خوێندرایەوە.

دوای ئەوەش عەگید ئامەد یەکێک لە بەشداربوانی بەرخۆدانی سووری ئامەد لە چالاکییەکەدا بۆ یادی شەهیدانی کوردستان دەستی بە قسە  کرد و باسی لە مانا و گرنگی بەرخۆدانی سووری ئامەد کرد و سەرنجی ڕاکێشایە سەر فەرماندەیی و هێڵی شەهید چیاگەر و وتی: "هێڵی شەهید چیاگەر هێڵی ڕێبەر ئۆجالانە". عەگید ئامەد بە وتەیەکی شەهید چیاگەر کۆتایی بە قسەکانی هێنا، کە وتبوی "کۆتاییەکەی هەرچییەک بێت ئەنجامەکەی شکۆدار دەبێت".

دوای وتەکان هاوڵاتیان دروشمی "شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" یان وتەوە. دواتر چالاکییەکە و یادەکە بە نمایشکردنی فیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید چیاگەر بەردەوام بوو.

دوای نمایشکردنی فیلمەکە چالاکییەکە بە چەپڵە لێدان و وتنەوەی دروشم کۆتایی پێهات.

ژ.ت