کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە)، کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی (ئۆهەدە، توهایدەر)، بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) و ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی مێرسین لە بەردەم بارەگای ئاکدەنیزی مێرسینی دەم پارتی، بەمەبەستی سەرنج ڕاکێشان بۆ دۆخی زیندانییە نەخۆشەکان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە شوێنی بەیاننامەکەدا پانکارتی "ئازادی بۆ زیندانیانی نەخۆش، کۆتایی بە سووتاندنی دۆسیەی سزاکان بهێنن" و دروشمی "زیندانیانی سیاسی شکۆی ئێمەن" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" بەرز کرایەوە.
'کۆتایی بە سەپاندنە ئارەزوومەندانەکان بێنن'
پارێزەر لۆقمان شامان لەسەر ناوی ڕێکخراوەکان بەیاننامەیەکی خوێندەوە. شامان رایگەیاند زۆرێک لەو زیندانیانەی کە ماوەی سزاکانیان تەواو کردووە، بەهۆی سەپاندنی ئارەزوومەندانەوە لەلایەن ئیدارەکانی زیندان و دەستەی بەڕێوەبەریی و چاودێریەوە، ئازاد ناکرێن.
شامان وتی: "سیاسەتی بێ بنەما و ئارەزوومەندانە، بووتە هۆی ئەوەی دەوڵەت دەسەڵاتی سزادانی بێسنوور بەکاربهێنێت. ئەم دۆخە پێشێلکردنی ئاشکرای ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانە. دەبێت دەستبەجێ سەپاندنە ئارەزوومەندانەکانی دەستەی بەڕێوەبەری و چاودێری زیندانەکان کۆتایی بێت."
شامان وەبیری هێنایەوە کە دامەزراوەی پزیشکی دادوەری (ATK) دامەزراوەیەکی بێلایەن نییە و دواکەوتنی بیرۆکراتی ژیانی زیندانییەکان دەخاتە مەترسییەوە و وتی: "دەبێت دەستبەجێ زیندانیانی نەخۆشە قورسەکان ئازاد بکرێن."
'دەبێت سیاسەتەکانی گۆشەگیری کۆتایی بێت'
شامان لە کۆتاییدا سەرەنجی خستە سەر گۆشەگیریی ئیمرالی و رایگەیاند کە بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانە بچێتە پێشەوە، دەبێت دەستبەجێ گۆشەگیری هەڵبگیرێت و دۆخی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بگۆڕدرێت، هەتا لەپێناو چارەسەری ئاشتیانە لە تورکیادا، مسۆگەرکردنی پێکەوەژیان و سەروەری یاسا، پرۆسەی ڕفۆرم کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت، دەست پێبکات. لەسەر ئەو بنەمایە بانگەوازی لە کۆمەڵگا دەکەین لەبەرامبەر پێشێل کارییەکانی مافی مرۆڤدا بە هەستیارییەوە نزیک ببنەوە و پشتگیری لە تێکۆشانی دیمۆکراتیک بکەن."