ئیمام تاشچیئەر پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە زمانی کوردی، لە ناو پەرلەمانی تورکیا قسەی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی تورکیا کرد، بەڵام لەلایەن حەیدەر ئاکار، جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە ڕێگری لێکرا.
ئیمام تاشچیئەر بە زمانی کوردی کاردانەوەی نیشاندا دژی ئەوەی کە بودجەیەک بۆ کورد لە یاساکەدا تەرخان نەکراوە و هەرچەندە مایکرۆفۆنەکەی کوژێندرایەوە، بەڵام بەردەوام بوو لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وتی مافی قسەکردن نادەم، هەربۆیە پەرلەمانتارەکەی هەدەپە وتی: تا پرسی کورد چارەسەر نەکرێت دیموکراسی لەم خاکە بەدی نایەت.
مەڕال دانش بەشتاش، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لەبەرامبەر هەڵوێستی سەرۆکایەتی پەرلەمان وتی: ئەم زمانە زمانی زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کوردی دانیشتووی تورکیایە، ئایا کورد لە تورکیا هاوڵاتی کۆماری تورکیا نییە؟ ئایا باج نادات؟
ئاماژەی بە دروشمی ژن ژیان ئازادی کرد کە لەلایەن وتەبێژی هەدەپە و هاوسەرۆکی گستی هەدەپەوە وترایەوە و وتی کەس هەیە لەو دروشمە تێنەگات؟ ڕاشیگەیاند، لە پەیڕەوی ناوخۆدا ناڵێت بە زمانی کوردی ناتوانرێت قسە بکرێت.
ف.ق