ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند؛ هاوڵاتییەکی کورد بە ناوی وەهاب خەدیری پووری خەڵکی مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای بانگهێشتكردنی بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شارەکە دەستگیر کرا و ڕەوانەی زیندانی شارەکە کرا.
هەر لە هەواڵەکەدا هاتووە؛ ئەو هاوڵاتییە کوردە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی "بانگەشە دژ بە حکومەت" سزای هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا و هاتووە: " لە ٢٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لەدوای بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا، دواتر لە ١٩ـی مانگی شووباتی ئەمساڵدا بە شێوەی کاتی ئازاد کرا."
ئاماژەش بەوەکراوە؛ وەهاب خەدیری پوور ئامۆزای شەماڵ خەدیری پوورە، کە لە كاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادیی" لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە لە مەهاباد شەهید کراوە.
لە بەردەوامییدا ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بە سزادانی هونەرمەندێکی کورد کردووە و هاتووە: " هونەرمەند و ئاوازدانەرێکی کورد بە ناوی ئارمان شادیوەندی خەڵکی شارۆچکەی دەڕەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن لقی ٢ـی دادگای شۆڕشی شارەکە بە تۆمەتی” بێرێزیکردن بە ڕێبەری باڵای ئێران” و ” پروپاگاندە دژی دەسەڵات” بە ٢٤ مانگ زیندانیكردن سزا درا، هەروەها لێدانی٣٠ قامچیشی بەسەردا سەپێندرا."