بە دیمەن

لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان دەسپێکی کەمپەینی "تیشکەکانی خۆر" ڕاگەیاندرا

ڕاگەیاندرا کەمپەینەکەی تەژەکە-ئە "تیشکەکانی خۆر" لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد"، تا ١٢ ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت، بانگەوازکرا بۆ خاوەندارێتی لە کەمپەینەکە.

کەمپەینەکەی تەژەکە-ئە بە ناونیشانی "تیشکەکانی خۆر" لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" کە ٢ ی ئەیلول دەستی پێ کرد، لە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤی سویسرا بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاندرا.

ژنان لەسەر بانگەوازی یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە-سە) لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە، هەڵوێستی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) و کۆنسەی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپایان بەرامبەر گۆشەگیری شەرمەزار کرد.

پاش خولەکێک بۆ یادکردنەوەی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە ٢٣ ی ئاب لە سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە شەهیدکران، کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە دەستی پێ کرد.

لەسەر ناوی یەژەکە-سە هێلین ساغلەم ڕاگەیاندراوەکەی بە زمانی فەرەنسی خوێندەوە. تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕایگەیاند ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک ئەڵتەرناتیڤی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، مۆدێلی ئازادیخوازی ژن و ئیکۆلۆژیک و ژیانی دیموکراتیکی پێشخستووە، بەم هۆیەوە ٢٥ ساڵە لە گۆشەگیرییەکی ڕەهادایە.

ڕایگەیاند ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیا و ئاشتی هەرێمەکە گرنگە، بانگەوازی لە سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراو و دەزگا پەیوەندیدارەکان کرد، یاساکانیان جێبەجێ بکەن و فشار لە تورکیا بکەن بۆ جێبەجێکردنی یاساکان.

وتەبێژی یەژەکە-سە، سەلما سورەر ڕایگەیاند ئەم کەمپەینە دەبێتە ڕووناکی، بەرامبەر هەموو ئەو تاریکییانەی سیستەمی سەرمایەداری ئافراندوویەتی، بۆ هەموو مرۆڤایەتی و ژنان و سرووشت دەبێتە دەرفەتی ڕزگاری.

سەلما سورەر جەختی کردەوە کەمپەینەکە تا ١٢ ی تشرینی یەکەم بە چالاکی بەردەوام دەبێت، بانگەوازی لە هەموو ژنانی دیموکراسیخواز و بەتایبەت ژنانی کورد کرد، خاوەندارێتی لە کەمپەینەکە بکەن.