له‌ برێمێن هێرشه‌كانی سه‌ر شه‌نگال شه‌رمه‌زاركران

كوردستانیان له‌ برێمێن له‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی سوپای عێراق بۆ سه‌ر شه‌نگال چالاكیان ئه‌نجامدا و هێرشه‌كه‌یان شه‌رمه‌زار كرد.

سوپای عێراق له‌ ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢ به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌رباز، ئۆتۆمبێلی زرێپۆش تانك و كاتیوشا چووه‌ ناو شاری شه‌نگاله‌وه‌. كوردستانیان له‌ شاری برێمێنی ئه‌ڵمانیا بۆ شه‌رمه‌زاركردنی هێرشه‌كانی سه‌ر شه‌نگال له‌ به‌ر په‌رله‌مانی ویلایه‌ته‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ و هێرشه‌كانی سه‌ر شه‌نگالیان شه‌رمه‌زار كرد.

كوردستانیان كاردانه‌وه‌یان نیشان ده‌وڵه‌تی عێراقدا كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورك بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ هێرشه‌ داگیركارییه‌كان.

كوردستانیان له‌وێ راگه‌یه‌نراویی رۆژنامه‌وانیان دا و باسیان له‌وه‌كرد كه‌ ئه‌م هێرشه‌ له‌ یه‌كتر جیا نین و وتیان: "هێرشه‌كانی سه‌ر خاكی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی پلانبۆداڕێژراو له‌لایه‌ن دوژمن و كلكه‌كانیه‌وه‌ پلانیان بۆدانراوه‌. به‌و هێرشانه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردان له‌ ناو ببه‌ن".

له‌ چالاكیه‌كه‌دا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی برێمێن ئه‌مینه‌ ده‌میر قسه‌ی كرد و وتی، "ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له‌ ١٧ی نیساندا له‌ به‌رامبه‌ر ناوچه‌كانی گه‌ریلا ده‌ستی به‌ هێرشی داگیركه‌ری كردووه‌. دوێنێش سوپای عێراق ویستی به‌ هێزێكی گه‌وره‌وه‌ بچێته‌ شه‌نگال. هه‌ر له‌ خۆیدا هێرشه‌كانی سه‌ر رۆژئاواش به‌رده‌وامن. ئێمه‌ به‌ راشكاوی ده‌یبینین كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردان هاوپه‌یمانێتیه‌ك سازكراوه‌. ده‌یانه‌وێت جارێكی تر سه‌قامگیری كوردان تێكبده‌ن. جیا له‌وه‌ هیچ پاساوێكی تر هه‌ڵناگرێت. ده‌یانه‌وێت بارزانیه‌كان كه‌ له‌ ژێر فه‌رمانی ئه‌واندان، له‌ بری بزوتنه‌وه‌ی كوردی ئازاد جێگیر بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت روونادات. گه‌ریلا له‌ باشور خۆڕاگری ده‌كات. ئێزدییه‌كان كه‌ شه‌نگال ده‌پارێزن هه‌ن. كوردان ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یان به‌ گیانی خۆیان به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌وان هه‌روا به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌رداریان نابن. ئێمه‌ له‌ هه‌ركوێیه‌كیش بین به‌ شه‌و و رۆژ له‌ گۆڕه‌پانه‌كاندا ده‌بین و چالاكی زیاتر ده‌كه‌ین. ئێمه‌ داوا له‌ گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین كه‌ پشتگیری له‌و چالاكیانه‌ بكه‌ن و له‌ دژی هه‌موو هێرشه‌كان خۆڕاگری بكه‌ن".

جه‌ماوه‌ری گه‌ل به‌ دروشمی "ئێزدی پاكتاوی نوێیان ناوێ" بڵاوه‌یان كرد.

هـ . ب