له‌ ته‌كیرداغ ١٢ی زیندانی مانیان له‌ خواردن گرتووه‌

بنه‌ماڵه‌كانیان رایانگه‌یاند، كه‌ له‌ ته‌كیرداغ ١٢ زیندانی مانیان له‌ خواردن گرتووه‌ و داوایان كرد كه‌ گۆشه‌گیری هه‌ڵبگیرێت.

زیندانیان له‌ گرتووخانه‌ی ته‌كیرداغ جۆری ئێف ٤٠ رۆژه‌ له‌ دژی گوشار و هێرشه‌كانیان سه‌ریان و پێشێلكردنی مافه‌كانیان مانگرتن له‌ خواردنیان ده‌ستپێكردووه‌. بنه‌ماڵه‌ی زیندانیان بۆ ئه‌وه‌ی داواكاری رۆڵه‌كانیان قه‌بوڵ بكرێن، له‌به‌رده‌م گرتووخانه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ و كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانیان ئه‌نجامدا. بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و زیندانیانه‌شی كه‌ له‌ شاره‌كانی وه‌ك ئامه‌د، ئیلیح و سێرته‌وه‌ هاتبوونه‌ سه‌ردانی رۆڵه‌كانیان به‌شداریان له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا كرد. پارێزه‌رانی ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهه‌ده‌)ش پشتگیری بنه‌ماڵه‌كانی زیندانیانیان كرد.

برای زیندانی محه‌مه‌د سوله‌یمان ئوجاكان، روتبه‌دین ئوجاكان له‌ كۆنفرانسه‌ رۆنامه‌وانیه‌كه‌دا قسه‌ی كرد و باسی له‌وه‌كرد كه‌ له‌ گرتووخانه‌ی ته‌كیرداغی ژماره‌ ٢ جۆری ئێف له‌ ١٧ی كانونی دووه‌مه‌وه‌ مانگرتن ده‌ستیپێكردووه‌ و تائێستا به‌رده‌وامه‌ و ١٢ زیندانی له‌ چالاكیه‌كه‌دان. ئوجاكان باسی له‌وه‌كرد، كه‌ زیندانیه‌كانیان له‌ دژی پێشێلكاری مافه‌كان، گۆشه‌گیری و گوشاره‌كان مانگرتن له‌ خواردنی بێكۆتایی و بێ گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌ستپێكردووه‌ و وتی، "ئه‌و گۆشه‌گیریه‌ی سه‌ر زیندانیان كه‌ هه‌موو رۆژێك دژوارتر ده‌بێت و به‌ پاساوی په‌تای كۆرۆنا ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ دژواتر و قورستر ده‌كرێت. به‌تایبه‌تی مافی رۆژانه‌ی زیندانیان ئاسته‌نگ ده‌كرێن. ئه‌شكه‌نجه‌ و مامه‌ڵه‌ی خراب به‌رامبه‌ر زیندانیان ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌موو مافه‌كانیان پێشێل ده‌كرێت".

‌له‌ گرتووخانه‌كان ئاسایش و پارێزراوبوون بوونی نییه‌‘

ئوجاكان سه‌رنجی راكێشا بۆ سه‌ر مردنی گوماناوی ڤه‌دات ئه‌ركمان كه‌ له‌و گۆتووخانه‌یه‌ گیانی له‌ده‌ستدا و وتی، "به‌هۆی هه‌ڵكشانی توندوتیژی ده‌رونی و جه‌سته‌یی، ئه‌شكه‌نجه‌دان، زیندانیان پارێزراو نین و ئاسایشیان نییه‌. زیندانی به‌رده‌نگێك بۆ پرسی پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی نابینێت. نه‌ به‌ نوسراو و نه‌ به‌ زاره‌كی ناتوانێت داواكاری تۆمار بكات. به‌رپرسیار یان به‌ڕێوه‌به‌ری گرتووخانه‌ له‌گه‌ڵ زیندانیان دیدار ئه‌نجام نادات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش زیندانیان له‌ مانگرتن له‌ خواردندان".

ئوجاكان له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا داواكارییه‌كانی زیندانیانی به‌م جۆره‌ پۆلێن كرد، "با گوشاری جه‌سته‌یی و ده‌رونی، ئه‌شكه‌نجه‌ و مامه‌ڵه‌ی خراب كۆتاییان پێبهێنرێت. با شوێنی پشوو ئازادانه‌ بێت و ژووری تاكه‌كه‌سی نه‌هێڵرێت. پێویسته‌ گۆڕینی ژووره‌كان رابگیرێت و به‌پێی داواكاری زیندانیان ئه‌نجام بدرێت. پێویسته‌ پشكنینی به‌ رووتی، پشكنینی هه‌ڕه‌مه‌كی كۆتاییان پێبهێنرێت و با زیندانیان به‌ پێی خواستی خۆیان به‌شداری له‌ چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌رزشدا بكه‌ن. با كتێب، رۆژنامه‌، گۆڤار، نامه‌ و كه‌لوپه‌له‌كان به‌ زیندانیان بدرێت. با كۆتایی به‌ گۆشه‌گیری بهێنرێت و پێشێلكاری مافه‌كانیان به‌ پاساوی په‌تای كۆرۆنا كۆتاییان پێبێت. با به‌رده‌نگ بۆ داواكاری زیندانیان هه‌بێت".

وه‌ڵامی داواكاری و سه‌رلێدانه‌كان نادرێته‌وه‌

ئۆجاكان له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌دا به‌م جۆره‌ دووا، "زیندانیان بۆ هه‌موو داواكارییه‌كانیان خاوه‌ن ماف و له‌سه‌ر حه‌قن. با داواكارییه‌كانیان به‌ گوێره‌ی یاساكانی ناوخۆ و په‌یماننامه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان جێبه‌جێ بكرێن. ده‌بێت ده‌وڵه‌تی و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی جیاكاری نه‌كه‌ن و به‌ یه‌كسانی داواكاری زیندانیان جێبه‌جێ بكه‌ن. زیندانیان له‌ رێگه‌ی بنه‌ماڵه‌، پارێزه‌ر، په‌رله‌مانتار و دامه‌زراوه‌كانه‌وه‌ سه‌ردانی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تیان كردووه‌، به‌ڵام هه‌موویان بێ وه‌ڵام هێڵراونه‌ته‌وه‌".

ئوجاكان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌ ئۆباڵی پێشێلكارییه‌كان له‌ ئه‌ستۆی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گرتووخانه‌ی ته‌كیرداغ و وه‌زاره‌تی داده‌ و ئه‌م بانگه‌وازه‌ی خسته‌ڕوو، " ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گرتووخانه‌ ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن. ئێمه‌ داوا له‌ رای گشتی ده‌كه‌ین كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر مانگرتن له‌ خواردنی بێگه‌ڕانه‌وه‌ و بێ كۆتایی كه‌ ٤٠ رۆژه‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كێشانه‌ی به‌ره‌وڕووی زیندانیان ده‌بێته‌وه‌ به‌ هه‌ستیاره‌وه‌ بجوڵێنه‌وه‌".

كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ به‌ وتنه‌وه‌ی دروشم كۆتایی هات. دواتر پارێزه‌رانی ئه‌ندانی ئۆهه‌ده‌ ڤه‌دات ئه‌جه‌ و ئه‌دا ئۆناڵ چوونه‌ گرتووخانه‌كه‌ و له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گرتووخانه‌ و زیندانیان دیداریان ئه‌نجامدا.

هـ . ب