لوکسەمبورگ بڕیاریدا لەیلا شامانی پەنابەری کورد رادەستی تورکیا بکاتەوە

دەوڵەتی لوکسەمبورگ بڕیاری دا لەیلا شامان ژنە پەنابەری کورد بە پاساوی ئەوەى لە کاتی خۆبەڕێوەبەریی نسێبین دا "بەشداریی لە بەڕێوەبەریی خۆسەری دا کردووە" و سزای دەستگیرکردنی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆ دەرکراوە، رادەستی تورکیا بکاتەوە.

سیاسەتی وڵاتانی ئەوروپا لە دژی وڵاتپارێزانی کورد، کە بەهۆی زوڵم و زۆرداریی تورکیاوە ناچار دەبن کۆچ بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکەن، بەردەوامیی هەیە.

ژنە پەنابەری کورد لەیلا شامان لە کاتی خۆبەڕیوەبەریی خۆسەر لە ناوچەى نسێبنی مێردین لە باکووری کوردستان، ماوەی ٣ مانگ و نیو لە کاتی قەدەغەی هاتوچۆدا لەگەڵ دایکی لە گەڕەکی یەنی شەهیر لە ماڵەکەی خۆیاندا مانەوە و دەیانجار لەلاین هێزەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکران و بە زۆر لە ماڵەکەى خۆیان دەرکران.

لەوبارەیەوە لەیلا شامان رایگەیاند، دوای ئەوەى  ٦ گەڕەکی ناوچەى نسێبینی مێردین بە تەواوی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە خاپوور و کاول کرا، قەدەغەکاری لەسەر هەندێک لە گەڕەکەکانی ناچەی نسێبین هەڵگیرا.

ژنە پەنابەری کورد لەیلا شامان لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی، "لەو کاتەدا بە پاساوی ئەوەى، کە من لە ناو 'بەڕێوەبەریی خۆسەردا بووم و یارمەتیی رێکخستنم داوە' بڕیاری دەستگیرکردنم بۆ دەرکرا. منیش بە ناچاری هاتم بۆ ئەوروپا و بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری لە نیسانی ٢٠١٨دا لە لوکسەمبورگ داوای مافی پەنابەریم کرد.

دەوڵەتی لوکسەمبورگ دوای ٣ ساڵ بڕیاری رادەستکردنی منی بە تورکیا دا. من وەک ژنێکی کورد ساڵەهای ساڵ لە ناو سیاسەتی دیموکراتیک و لە ئەنجوومەنی ژنانی دەبەپە و دواتریش لە ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپەدا کارم کردووە و دەوڵەتی تورک بە پاساوی ئەوەى من بەشدارییم لە بەڕێوەبەریی خۆسەری نسێبن دا کردووە، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکردوم.

رادەستکردنی من بە تورکیا بە مانای ئەوەیە، وڵاتانی ئەوروپا دۆخی گەلی کورد و دۆخی سیاسەتی دیموکراتیک، کە لە تورکیا لە چ بارودۆخێکدایە، نابینن و نایانەوێت بیبینن.

رژێمی فاشیستی تورکیا بە سەرۆکایەتیی باخچەلی و تەیب ئەردۆغان بە تەواوەتی بووەتە رژێمێکی زاڵمی چەوسێنەری سەرکوتکار و هەموو رۆژێک دەیان وڵاتپارێزی کورد بە توندوتیژی و ئەشکەنجە دەستگیر دەکات و زیندانیان دەکات. من دەمەوێت بڕیاری رادەستکردنم بە تورکیا هەڵبوەشێنرێتەوە و من وەک ژنێکی کورد لە لوکسمەمبورگ مافی پەنابەریم پێ بدرێت".

بەشێک لە گوشارەکانی دژ بە پەنابەرانی کورد لە ئەوروپا

گوشارەکانی لەسەر کۆچبەرانی کورد رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبن و یاساکانی پەنابەری بەرامبەر بە کوردان زیاتر پێشێل دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٨دا دەوڵەتی نەرویج گولیزار تاشدەمیری رادەستی تورکیا کرد، کە ئەو رادەستکردنە پێشێلکارییەکی زەقی هەموو یاساکان بوو و لە ئەنجامدا دادگای شاری ئۆسلۆ حکومەتی نەرویجی بەهۆی رادەستکردنی تاشدەمیر بە تورکیا مەحکوم کرد.

فەرمانگەى کۆچی سوید لە مانگی سپتەمبەری ٢٠٢٠دا بڕیاریدا کچە کوردێکی تەمەن ١٠ ساڵ بە ناوی بورکەت، کە ٦ ساڵە لە ستۆکهۆلم دەژی رادەستی تورکیا بکاتەوە، ئەو بڕیارە کاردانەوەى زۆری لێکەوتەوە و لە رۆژنامە سەرەکییەکانی سویدا بابەتی لە دژی بڵاوکرایەوە و هاوڕێیان و دۆستانی بورکەت کەمپەینێکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارە رێکخستووە و ٧٠ هەزار ئیمزایان لە دژی ئەو بڕیارە کۆکردووەتەوە.

خوێندکار و چالاکوانی کورد ئیدریس ئەسەن کە لە ساڵی ٢٠١٨دا داوای مافی پەنابەریی لە ئەڵمانیا کردووە، دەوڵەتی ئەڵمانیا لە هاوینی رابردوودا بڕیاریدا رادەستی تورکیای بکاتەوە، کە سزای ٦ ساڵ و نیو زیندانی لە تورکیا هەیە.

دەوڵەتی سویسرایش بە دوو برا و پەنابەری کوردی مەخمووری دژبەری حکومەتی تورکیا بە ناوەکانی عەبدولکەریم تالی و ئەحمە تالی، کە بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە گوندەکەیان کاولکراوە و بە ناچاری ئاوارەی کامپی مەخموور بوون، راگەیاندبوو، رادەستی تورکیایان دەکاتەوە.

هەروەها لە بەردەوامیی گوشارەکان لەسەر پەنابەرانی کورد، دەوڵەتی سلۆڤینیا هاووڵاتییەکی تێکۆشەری کوردی بە ناوی عوسمان ئاسلان، کە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە مافی پەنابەریی سیاسیی لە دەوڵەتی ئەڵمانیا وەرگرتووە، دەستگیرکردووە و دەڵێت، رادەستی دەوڵەتی تورکی دەکاتەوە.

دەوڵەتی رۆمانیاش بە نوری ئاکمان رۆژنامەنووسی کورد و کۆکمان جۆشکون و سەردار بیلگینچ، کە بەهۆی تێکۆشانیان لە دژی دەوڵەتی تورک لە تورکیا سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرکراوە، راگەیاندووە، رادەستی تورکیایان دەکاتەوە.

لە تازەترین پێشهاتیشدا لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا لە شاری ئۆرێبرۆی سوید بە رێکخستنی چالاکییەک پۆلیسی ئەمنیی سوید (ساپۆ - Sapo) ئیدانە کرا، کە دەیانەوێت ژنێکی کورد بە ناوی زۆزان بویوکی کوردستانی دیپۆرت بکەنەوە.

هەروەها لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەک پەنابەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانیش سەرباری ناڕەزایەتییەکان، لەلایەن دەوڵەتانی ئەوروپاوە رادەستی ئێران کراونەتەوە، یان پێیان راگەیاندراوە رادەستی ئێرانیان دەکەنەوە. عەلی عەزیزی خەڵکی کرماشان ٥ ساڵ لەوە پێش لەلایەن دانیمارکەوە رادەستی ئێران کرا.

هەروەها کاوان حەیدەری خەڵکی مەریوان لە رۆمانیا، محەمەد ئەفشار حەمیدپور خەڵکی دێوەزناوی سەوڵاوا لە دانیمارک، نادر ئەڵایاری خەڵکی سەقز و چالاکی سیاسیی کورد لە ئەڵمانیا، روئیا رەحیمی ئازەر خەڵکی مەهاباد لە سویسرا، بەختیار مەحمودی خەڵکی جوانڕۆ لە دانیمارک و سالار خزری خەڵکی مەهاباد لە نەورویج پێیان راگەیاندراوە رادەستی ئێران دەکرێنەوە.

هاوینی ئەمساڵ و لە دوای ئەوەى مەسعود حەیدەری لە سویسرا مافی پەنابەرەییەکەی رەتکرایەوە و پێی راگەیاندرا رادەستی ئێرانی دەکەنەوە، خۆی هەڵدا سەر رێگای ئاسین شەمەندەفەر و گیانی لە دەستدا.

لە چەند هەفتەى رابردودا دەوڵەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا پەنابەری کوردی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی ئیبراهیم عەبدی جنکانلو رادەستی ئێران بکاتەوە و لە پرۆسەى رادەستکردنەکەیدا تاوەکو فڕۆکەخانەى تورکیاش بەرەو ئێران رەوانە کرایەوە، بەڵام بەهۆی کاردانەوەى زۆر و ناڕەزایەتی توندی پارێزەرەکانییەوە، دەوڵەتی ئەڵمانیا ناچار بوو ئەو پەنابەرە کوردە لە تورکیاوە بگەڕێنێتەوە بۆ ئەڵمانیا.

ژ.ت

ژ.ت