هه‌واڵی به‌په‌له‌: لە پێکدادانەکانی شێراوا چەتەیەک کوژرا و چەتەیەک بەدیل گیرا

پۆلیسی ئەمنیی سوید لەسەر بڕیاری رادەستکردنی پەنابەرێکی کورد ئیدانە کرا

لە شاری ئۆرێبرۆی سوید بە رێکخستنی چالاکییەک پۆلیسی ئەمنیی سوید (ساپۆ - Sapo) ئیدانە کرا، کە دەیانێت ژنێکی کورد بە ناوی زۆزان بویوکی کوردستانی دیپۆرت بکەن.

لە شاری ئۆرێبرۆی سوید بۆ ئیدانەکردنی بڕیاری حکومەتی سوید، کە دەیەوێت زۆزان بویوکی کوردستانی و دایکی دوو منداڵ دیپۆرت بکاتەوە، چالاکییەک رێکخرا.

چالاکییەکە لە گۆڕەپانی ستۆراتۆرگ رێکخراو و بە ناوی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە ئۆرێبرۆ وتەیەکی پێشکەشکرا و سیاسەتی کۆچی دەوڵەتی سوید ئیدانە کرا. هەروەها راگەیاندرا، پۆلیسی ئەمنیی سوید (ساپۆ) پەیوەندی و هاوکاریی لەگەڵ دەزگای سیخوڕی و هەواڵگریی تورک (میت) هەیە و دەیەوێت وڵاتپارێزێک و شۆڕشگێڕێکی کوردستانی دیپۆرت بکات.

هاوژین و هەر دوو منداڵەکەى زۆزان بویوک-یش بەشداری چالاکییەکە بوون و ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەو بڕیارەی حکومەتی سوید نیشان دا.

 هەروەها ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە سوید و رێکخراوە کوردستانییەکانی دیکە رایانگەیاند، بۆ راگرتنی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەى زۆزان بویوکی کوردستانی بە هاشتاگی #KurdsAreNotTerrorist کەمپەینێک دەستپێدەکەن و داوا لە هەموو داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکەن، کە پشتیوانی لە کەمپەینە بکات.

بەشێک گوشارەکانی دژ بە پەنابەرانی کورد لە ئەوروپا

گوشارەکانی لەسەر کۆچبەرانی کورد رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبن و یاساکانی پەنابەری بەرامبەر بە کوردان زیاتر پێشێل دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٨دا دەوڵەتی نەرویج گولیزار تاشدەمیری رادەستی تورکیا کرد، کە ئەو رادەستکردنە پێشێلکارییەکی زەقی هەموو یاساکان بوو و لە ئەنجامدا دادگای شاری ئۆسلۆ حکومەتی نەرویجی بەهۆی رادەستکردنی تاشدەمیر بە تورکیا مەحکوم کرد.

فەرمانگەى کۆچی سوید لە مانگی سپتەمبەری ٢٠٢٠دا بڕیاریدا کچە کوردێکی تەمەن ١٠ ساڵ بە ناوی بورکەت، کە ٦ ساڵە لە ستۆکهۆلم دەژی رادەستی تورکیا بکاتەوە، ئەو بڕیارە کاردانەوەى زۆری لێکەوتەوە و لە رۆژنامە سەرەکییەکانی سویدا بابەتی لە دژی بڵاوکرایەوە و هاوڕێیان و دۆستانی بورکەت کەمپەینێکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارە رێکخستووە و ٧٠ هەزار ئیمزایان لە دژی ئەو بڕیارە کۆکردووەتەوە.

دەوڵەتی سویسرایش بە دوو برا و پەنابەری کوردی مەخمووری دژبەری حکومەتی تورکیا بە ناوەکانی عەبدولکەریم تالی و ئەحمە تالی، کە بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە گوندەکەیان کاولکراوە و بە ناچاری ئاوارەی کامپی مەخموور بوون، راگەیاندبوو، رادەستی تورکیایان دەکاتەوە.

هەروەها لە بەردەوامیی گوشارەکان لەسەر پەنابەرانی کورد، دەوڵەتی سلۆڤینیا هاووڵاتییەکی تێکۆشەری کوردی بە ناوی عوسمان ئاسلان، کە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە مافی پەنابەریی سیاسیی لە دەوڵەتی ئەڵمانیا وەرگرتووە، دەستگیرکردووە و دەڵێت، رادەستی دەوڵەتی تورکی دەکاتەوە.

دەوڵەتی رۆمانیاش بە نوری ئاکمان رۆژنامەنووسی کورد و کۆکمان جۆشکون و سەردار بیلگینچ، کە بەهۆی تێکۆشانیان لە دژی دەوڵەتی تورک لە تورکیا سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرکراوە، راگەیاندووە، رادەستی تورکیایان دەکاتەوە.

هەروەها لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەک پەنابەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانیش سەرباری ناڕەزایەتییەکان، لەلایەن دەوڵەتانی ئەوروپاوە رادەستی ئێران کراونەتەوە، یان پێیان راگەیاندراوە رادەستی ئێرانیان دەکەنەوە. عەلی عەزیزی خەڵکی کرماشان ٥ ساڵ لەوە پێش لەلایەن دانیمارکەوە رادەستی ئێران کرا.

هەروەها کاوان حەیدەری خەڵکی مەریوان لە رۆمانیا، محەمەد ئەفشار حەمیدپور خەڵکی دێوەزناوی سەوڵاوا لە دانیمارک، نادر ئەڵایاری خەڵکی سەقز و چالاکی سیاسیی کورد لە ئەڵمانیا، روئیا رەحیمی ئازەر خەڵکی مەهاباد لە سویسرا، بەختیار مەحمودی خەڵکی جوانڕۆ لە دانیمارک و سالار خزری خەڵکی مەهاباد لە نەورویج پێیان راگەیاندراوە رادەستی ئێران دەکرێنەوە.

هاوینی ئەمساڵ و لە دوای ئەوەى مەسعود حەیدەری لە سویسرا مافی پەنابەرەییەکەی رەتکرایەوە و پێی راگەیاندرا رادەستی ئێرانی دەکەنەوە، خۆی هەڵدا سەر رێگای ئاسین شەمەندەفەر و گیانی لە دەستدا.

 ژ.ت